"پێویستە لە کەیسەکانی ژناندا یاسای سزادانان و لێکۆلێنەوەکان زیاتر بکرێن"

پروشە قەلەندەر، ڕاوێژکاری لێكۆڵینەوەکان دەڵێت: کاتێک ژنێک دەکوژرێت، ئەگەر بکەری تاوانەکە ئاشکرا بێت، دەست بەجێی دەبێت ڕەوانەی دادگا بکرێت و زیندانی بکرێت، بەڵام لە وڵاتدا یاسا سەروەر نییە و سزای عەشایەری زاڵە بەسەر یاسادا.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- لێکۆڵینەوەی تاوان و کوشتن کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایییە کە تیمی لێکۆڵێنەوەی تاوانەکان دەیگرینە بەر، تا هۆکار و شێوازی تاوان و بکەرەکەی ئاشکرا بکرێت، دواتر دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا دەکرێت و ڕێکارە یاساییەکانی دیکەی بە دوادا دێت، تا بە ئەنجام گەیاندنی دۆسییەکە، بەڵام هەندێک لە کوشتنەکان کە دەستی حزب و بنەماڵەی لە پشت بێت، دەستوەردان لە یاسادا دەکات و دۆسیەکە بە بەرژەوەندی کەسی و هەندێک جار دژ بە بەرژەوەندییەکانی بکوژ یەکلا دەکاتەوە، ئەمەش بۆ زۆرێک لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان ڕاستە، چونکە هەمیشە بکوژەکان کەسی یەکەم و دووەمی خێزانەکەن و بۆ ئاشکرا نەبوونی تاوانەکانیان، جگە لەوەی درۆ لە دانپێداناندا دەکەن، هەموو هەوڵێکیش دەدەن تا لە ڕێگەی حزب و بنەماڵەوە کەیسەکان بێدەنگە لێبکەن.

 

پروشە قەلەندەر کەسنەزانی، ماستەر لە بواری لێکۆڵینەوەی تاوان، ڕوونی کردەوە لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری مردن، گرنگیەکەی بۆ ئەو کەسە نییە کە مردووە، بەڵام گرنگی بۆ کەسوکاری مردووەکەیە، گرنگی بۆ کۆمەڵگەیە لە داهاتوودا بتاوانیرێت بەرەنگاری حاڵەتەکان ببێتەوە و ڕاست و دروستی تاوانەکان دەربکەوێت و بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە پێویستە، وتیشی: لەو دۆسیانەدا کە پاشماوەی تاوانی لە دوا ماونەتەوە، ئاشکراکردنی هۆکار و بکەرەکە ئاسانترە، لەچاو ئەو دۆسیانەی کە هیچ پاشماوەیەکی لە دوا بەجێنەماوە.

 

لێکۆڵەر پروشە قەلەندەر، ئاماژەی بەوەدا، دوای روودانی هەر تاوانێک کە ئەنجام دەدرێت، تیمی لێکۆڵینەوەئ پۆلیسەکان دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە ڕێکاری خۆیان تەواو دەکەن، لە قۆناغی دووەمدا تیمی بەڵگەی تاوانەکان ئامادە دەبن، لە شوێنەکەدا هەموو بەڵگەکان کۆدەکەنەوە لە قۆناغی سێیەمدا بەڵگەکان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری دەکرێت.

 

"لە وڵاتدا یاسا سەروەر نییە"

پروشە قەلەندەر کەسنەزانی، لەبارەی لیکۆڵێنەوە لە کەیسی کوشتنی ژنێک تا چ ڕادەیەک پارێزگاری لێدەکرێت و ڕێگری لە بەلاڕێدانی کەیسەکان دەکرێت، وتی: لە ڕاستیدا وەک لێکۆڵەری داد لە بنکەی پۆلیسدا دەست بە هەنگاوی یەکەم دەکەن، بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر هۆکارێکی کوشتن بێت، بە تایبەت کەیسی ژنێک کە بە مەبەست بکوژرێت، ئەگەر بکەری تاوانەکە ئاشکرا بێت، دەستبەجێ دەبێت رەوانەی دادگا بکرێت و زیندانی دەکرێت، لە کاتی ڕوودانی هەر تاوانێک کە ئەنجامدرا بێت لە دیاریکردنی سزا جیاوازی ڕەگەز ناکرێت، وتیشی: لە ڕوودانی هەر تاوانێکدا تەنها کێشە لە تیمی لێکۆڵینەوە، دادگا و پزیشکی دادوەریدا نییە، لە وڵاتی ئێمە یاسا سەروەر نییە کە بە تەنها سەرچاوەی هێز بێت، لە ئێستادا حوکمی عەشایەری زاڵبووە بەسەر یاسادا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕاوێژکاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکان، دەڵێت: ڕێکاری یاسایی ناگیرێتەبەر بەرامبەر کاری ڕۆژنامەوانی لە ڕووماڵی ڕووداوەکانی کوشتن و تاوان، کاری ڕۆژنامەوانی کارێکی زۆر پیرۆزە، لە زۆرینەی وڵاتەکاندا، ئەو ڕۆژنامەوانەی کە پسپۆڕیان هەیە لە دادگادا، پسپۆڕیان لە گەیاندنی تاوانیشدا هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە عێراق بە گشتی کاری ڕۆژنامەوانی پسپۆڕی تیایدا نییە، هەموو بوارەکان دەبینرێت و لێرەدا ئاگاداری ئەو مەترسیانە نابێت، کە هەواڵی کوشتنی ژنێک یاخود کەسێک بەسادەی و بە ڕوونی باس دەکات، وتیشی: کاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکان کارێکی نهێنییە لە بەرامبەردا دادگایی کارێکی ئاشکرایە، هەر دۆسییەیەک دەبرێتە دادگا هەموو کەس بۆی هەیە بچێتە دادگا و دادگاییەکان ببینێت، بەڵام قۆناغی لێکۆڵینەوە جگە لە لایەنەکانی سەر بە بەدواداچوون بۆ هۆکار و دەرئەنجامدانی تاوانەکان هیچ لایەنێکی تر ڕێگە پێدراو نییە.

 

"کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە ئەنجام دەدرێت"

لێکۆڵەر پروشە قەلەندەر، باسی کەیسی کوشتنی ژنان و کێشەکانی ژنانی کرد و وتی: کێشەی ژن کوشتن لە وڵاتی ئێمەدا بە ناوی شەرەفەوە ناو دەبرێت، کاتێک کە ژنێک دەکوژرێت، سەرەتا دیار نییە کێ کارەکەی ئەنجام داوە، ڕاستەوخۆ و بەپەلە لە شاشەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەنووسرێت کە ژنێک بە دەستی کەسوکارەکەی بە بیانووی شەرەف کوژرا، ئەم شێوازەی ڕاگەیاندنی هەواڵەکان دەبێتە هۆی دروستی بوونی رووداوی تر، کێشەکەش لە ماددەی" ٤٠٩ی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ یاسای سزادانی عێراقی دایە، کە باس لە کوشتن بە ناوی شەرەفەوە دەکات، باسی ئەوە دەکات ئەگەر پیاوێک یان کەسێک یان کەسی نزیکی ژنەکە بکوژێت بەپێی ماددەی سزادرا و دەخرێتە ناو چوارچێوەی پاککردنەوەی شەرەف، کە ئەمەش کێشەی لەناو کۆمەڵگەدا دروستکردووە، بەڵام لە دادگایدا هیچ بیانوویەک نییە بۆ کەسی یەکەمی ژنەکە کە ڕێگە بدرێت خوشکی یاخود کەسی ژنەکەی بکوژێت لە چوارچێوەی شەرەفدا، لێرەدا دادگا لێکۆڵێنەوی تەواوەتی خۆی دەکات، ئەگەر بکەر دیار بێت دەستبەجێ، زیندانی دەکرێت و بە سزای خۆی دەگات، هەموو ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

پێویستە سزاکان زیاتر قوڵ بکرێنەوە بەرامبەر کەمکردنەوەی ژن کوشتن

لە کۆتاییدا پروشە قەلەندەر، وەک ژنێکی ڕاوێژکاری لێکۆڵێنەوەکان لە بارەی کوشتنی ژنانەوە دەڵێت: بۆ کەمکردنەوەی کوشتنی ژنان، دەبێت سزای قورس بەسەر ئەو تۆمەتبارانەی کە بەناوی شەرف و کۆمەڵگەی عەشایەری ژن دەکوژن دابنرێت، پێویستە گۆڕانکاری لە ماددەی بنەماکانی یاسای سزادانان بکرێت و هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کەمترن ژمارەی کوشتن هەبێت، کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە کە چیتر تاوان و کوشتن بۆ مرۆڤایەتی ناگونجێت، ژن و پیاو بەرامبەر بە یاسا یەکسان بێت و یاسا سەروەر بێت بێ دەستتێوەردانی دەسەڵات.