"سوڵحی عەشایەری و دەستوەردانی دەسەڵاتداران ڕێگرە لە بەردەم کەیسەکانی کوشتنی ژناندا"

چرۆ شوانی، پارێزەر باس لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان دەکات کە بەهۆی سوڵحی عەشایەری و دەستوەردانی دەسەڵاتەوە لە دادگادا ناگەنە ئەنجام و دەشڵێت: گەڕانەوەی تاوانباران بۆ کۆمەڵگە دەبێتە بارودۆخێکی مەترسیدار و دووبارە ئەنجامدانی تاوانەکانی کوشتن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییەکاندا توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە و دادگاکانیش کە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەچن، وەک پێویست بە هانای ژنانی توندوتیژیلێکراوەوە ناچن و ئەو کەیسانەی کە کوشتنی ژنانیش بێت، لە دادگاکاندا بە چەندین ساڵ دەمێنێتەوە و لە کۆتایدا بە سوڵحی عەشایەری یان دەستوەردانی دەسەڵاتداران بێدەنگەی لێدەکەن.

 

لە یاساکانی هەرێمی کوردستاندا، هەندێک یاسا بە بڕگە باسی لە ژنان کردووە، وەک یاسای باری کەسێتی هەمووارکراوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە بڕگەی تایبەت بە ژنانی هەیە و ژیانی ژنان دەپارێزێت، هەروەها یاسایی توندوتیژی خێزانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییە خێزانەکان بەکاردێت، تیایدا ئەنجامدانی هەر توندوتیژییەک تا پلە چواری خێزان ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، هەروەها هەبوونی یاسایی کار بۆ ژنانی کرێکار لە پێناو ڕێکخستنی مافی کرێکار و ئەرکەکانی کاری پێ ڕێکدەخرێت، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەم یاسایانە توندوتیژییەکانی سەر ژنان کەم نەبووەتەوە.

 

"لە ئاکامی توندوتیژییەکاندا ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و ناچار بە خۆکوژی دەبنەوە"

چرۆ شوانی، پارێزەر، باس لەوەدەکات، زۆرێک لە ژنان بە هۆکاری نەبوونی زانیاری لە بارەی ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ژنان کاری پێدەکرێت، ناتوانن بە ڕێژەیەکی باش مافەکانیان لە دادگا بسەنن، دەشڵێت: ژنان لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە ئەنجامی توندوتیژییەکان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، کە دیاردەی خۆکوشتن لە ئێستادا ڕوو لە زیادبوون دەکات، کاتێک لە کەیسێکی خۆکوژی بکۆڵیتەوە دەبینیت کوژراوە یان ناچار بە خۆکوژی کراوە، بەڵام بە ناوی خۆکوشتن لە دادگادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پاشان زۆرێک لە کوشتنەکان لە ژێر ناونیشانی شەرەفدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جارێکی دیە توندوتیژییەکانی بۆسەر ژنان زیاتر کردووە، ئەرکی چالاکوانان و هەر تاکێکی هۆشیارە تا بتوانێت کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە لە بارەی ماف و ئەرکەکانەوە.

 

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، کەیسەکان لە دادگادا لە دوای لێکۆڵینەوە بە دادگاکان دەگات، دادگاکان لەدوای لێکۆڵینەوە و لێدوانی شایەدحاڵەکان و لێکۆڵینەوەی دادوەر لە دادگادا بڕیار لە بارەی کەیسەکانەوە دەدرێت، پاشان دەستوەردانی لایەنێک دەبێتە هۆکاری توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کەیسەکاندا، بەشێک لەو کەیسانەی لایەنێکی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی دادگاکانەوە دەستوەردان دەکات، لێرەدا ژنان بە حەقی خۆیان ناگەن و ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، دەستوەردانی کەسانی دەسەڵاتدار و نەبوونی پارێزەر بۆ کەیسەکە هۆکاری دواکەوتن و شکستهێنانی کەیسەکانی ژنانە، بەهۆی نەبوونی ئابووری سەربەخۆی ژنانەوە بەشێکی زۆر لە ژنان کاتێک بۆ داواکردنی مافەکانیان سەردانی دادگا دەکەن بە مافی خۆیان ناگەن، سەرەڕای هەبوونی ئەو کێشانەی ژنان دەستوەردانی دەسەڵاتداران لە بەشێکی کەیسەکانی دادگادا بووەتە هۆکاری نەگەیشتن بە مافەکانیان.

 

چرۆ شوانی باسی لە سوڵحی عەشایەری کرد کە جارێکی دیکە ڕێگری لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکات، زۆرێک لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە دوای بەشێکی دادگای کردن لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کۆتای پێدەهێنرێت، لە کاتێکدا داواکاری گشتی دەیگرێتەوە، بەڵام بە سزایەکی کەم دەتوانێت کەیسەکە کۆتای پێ بهێندرێت، گەڕانەوەی تاوانباران بۆ کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بارودۆخی مەترسیدار و دووبارە ئەنجامدانی تاوانەکانی کوشتن ڕوو لە زیادبوون دەکات، وتیشی: زۆرکات دەبینین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە تاوانی مەترسیدار ڕوویداوە، کاتێک تاوانبار ئاشکرا دەبێت، چەندین تاوانی دیکەی کوشتنی ئەنجام داوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سزایەکی توند بەسەر تاوانکاراندا.

 

"لە کاتی کەیسەکاندا پارێزەر دابین بکەن"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا، بۆ سەرجەم کەیسەکانی کوشتن و تاوانکاری لە ناویاندا تاوانکاری بەرامبەر بە ژنان، پێویستە سکاڵاکار لە ڕێگەی دابینکردنی پارێزەرەوە پارێزگاری لە خۆی بکات، دەشڵێت: لە کاتی کەیسەکانی ژناندا ژنان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پارێزەر بدەن، لە ڕێگەی دادگا یان تایبەت پارێزەر بۆ کەیسەکەی دابین بکات، تا بتوانن ئەنجامی کەیسەکانیان بەدەستبهێنن، هەروەها بوونی بەڵگەی پێویست لە لایەن سکاڵاکارەوە تا بتوانێت مافەکانی بەدەست بهێنێت، هەبوونی پرس و ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا لە یاسادا لە ڕێگەی سکاڵاکەرانەوە، تا بتوانن زۆرترین زانیاری لە کاتی خۆئامادەکردن ڕوبەرووی دادگاکان بکەنەوە، هەروەها لە کاتی سکاڵاکردنی ژنان لە کاتی توندوتیژیە ئەلکترۆنییەکاندا، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و دادگاکانەوە لێکۆڵینەوە بۆ پەیجە سێبەرییەکان بکرێت، پاشان ژنان ئەو گێچەڵە سێکسییەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئاڕاستەیان دەکرێت، وەک بەڵگەیەک تۆماری بکەن بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەیەکی دروست لە دادگاکاندا.

 

ئەو پارێزەرە لە کۆتاییدا وتی: دادگاکان لە ڕێگەی پارێزەران و بەڵگەکانی سکاڵاکارەوە هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی یاساکان، لە ڕێگەی کەسانی دەسەڵاتدارەوە بەشێک لە یاساکان دەستوەردانی تیادا دەکرێت، بەڵام سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان پێویستە لە ڕێگەی ڕاوێژ و دابینکردنی پارێزەرەوە سەردانی دادگاکان بکەن، هەروەها بە تایبەت کەیسەکانی توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان بەبێ هەبوونی پارێزەر دەستکەوتێکی باشی نابێت، هەروەها چڕکردنەوەی یاساکان لە ناو دادگاکاندا کارێکی گرنگ دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافی تاکەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان.