پارێزەرێک: زۆرترین کەیسەکانی ژنان لە دادگادا خیانەتی هاوسەرگیرییە

دادگاکان پڕن لە سکاڵای ژنان و بەشێكیان تا گەشتن بە ئەنجامی کەیسەکەیان ساڵێک زیاتر دەخایەنێت، سومەییە ئەکرەم، پارێزەرە لە دادگای کۆیە و دەڵێت: زۆرترین کەیسەکانی ژنان لە دادگادا خیانەتی هاوسەرگیرییە، کە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

ئەڤین جبرائیل

کۆیە- سومەییە ئەکرەم، پارێزەر لە دادگایی بەرایی کۆیە باس لە کێشە و کەیسەکانی ژنان دەکات لەناو دادگای شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە ژنان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان، یاخود بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی دەبەن و سکاڵا تۆمار دەکەن.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین کەیسەکانی ژنان لە دادگادا، خیانەتی هاوسەرگیریە (خیانة الزوجية)، کە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەبێ دانانی سانسۆڕێک یاخود بەربەستێک هەمووان بەکاری دێنن لە کۆمەڵگەدا.

وتیشی: هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ژنان ڕووبەڕووی ئازاردان و سوکایەتی پێکردن و جوێندان دەبنەوە، ئەو توندوتیژیەی کە بەرامبەریان دەکرێت جەستەیە یان دەروونیە، یاخود کۆمەڵایەتیی و ئابووریە، زۆرجار پیاوەکە دڵی پیسە یان ڕەزیلە خەرجی ژنەکە ناکێشێت و بژێوی بۆ دابین ناکات و نەفەقەی ناکێشێت، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژییەوە.

سومەییە کەریم باسی لەوەشکرد، کە زۆربەی ئەو سکاڵایانەی تۆمار دەکرێن، بەهۆی ئازاردانی دەروونی ژنەکەوەیە، بۆ نموونە ژنەکە دەیەوێت کار بکات لە دەرەوەی ماڵ، یاخود دەیەوێت سەردانی کەسوکاری بکات، بەڵام پیاوەکە ڕێگەی نادات، ئەمانەش دەچنە چوارچێوەی ڕێگری و توندوتیژی و ژنان سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە (تهدید)، هەڕەشە کرد، کە یەکێکە لەو هۆکارانەیی بە هۆیەوە ژنان و کچان سکاڵا تۆمار دەکەن، کاتێک ژنێک لە پەوەندی خۆشەویستی دایە لەگەڵ کوڕێک، دواتر لەلایەن کوڕەوەکەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی لێدەکرێت، وتیشی: ئەم جۆرە سکاڵایانە کەمتر دەکرێن، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی داخراومان هەیە، لەم جۆرە سکاڵایەدا داکۆکی لە ژنان ناکات، چونکە پێیان وایە ئابڕوو چوونە و ژنان ناتوانن لە دادگادا داوای مافی خۆیان بکەن.

لە کۆتاییدا باسی لە بەشێک لە سکاڵاکانی ژنان لە دادگادا کرد و وتی: بەربڵاوترین جۆری سکاڵا لە دادگاکان، کە لەلایەن ژنان و کچانەوە دەکرێت، بەهۆی ئەوەی پیاوەکانیان یاخود باوک و برایان ئاڵوودەبوون بە (مادەی هۆشبەرو کحول و قومار) یاخوود بێبەش کردنی ژنان لە میرات کە مافی بنەرەتی خۆیاینە یان مافی تەواو نادەن بە ژنەکانیان لە ژیانی گشتیدا.