ماڵی ژنان چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ژنان پێشکەش دەکات

ماڵی ژنان لە شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خێزانی و بەتایبەتی کێشەی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون، کاردەکات. لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە توانیویەتی سەدان کەیس چارەسەر بکات.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- توندوتیژی دژی ژنان بە هەر شێوەیەک بێت، یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە بزووتنەوەکانی ژنان بۆ خستنەڕووی چارەسەری خستوویانەتە سەر مێزی گفتوگۆ، ماڵی ژنانی مەنبج کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خێزانی و بەتایبەتی کێشەی ژنانی مەنبج، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە دامەزراوە و توانیویەتی سەدان کێشە چارەسەر بکات.

 

ئاماری دۆسیەکانی ماڵی ژنانی مەنبج تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بەمشێوەیە بووە؛ ٦١٧ دۆسیە ڕەوانەی ماڵی ژنان کراوە، لەو ژمارەیە، ١٥٧ دۆسیە یەکلایی کراونەتەوە و ٣٠٨ دۆسیە ڕەوانەی دیوانی دادگا کراون و ٢٧٧ دۆسیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ٨ دۆسیە کشاوەتەوە، کەیسەکان بریتی بوون لە ناکۆکی هاوسەرگیری، ناکۆکی خێزان، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، نەفەقە، میرات و هاوسەرگیری منداڵ.

 

ماڵی ژنان کە یەکێکە لە لیژنەکانی کۆبوونەوەی ژنانی زینۆبیایە لە شاری مەنبج، پێداچوونەوەی بە کەیسەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا کردووە و ڕێوشوێنی چارەسەرییان گرتووەتەبەر.

 

هاوسەرگیری منداڵ بە زۆرەملێ کێشەیەکی سەرەکییە

نەجمە ئیبراهیم، ئەندامی ماڵی ژنان ​​ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەو کەیسانەی زۆرترین کاریگەرییان هەبووە، هاوسەرگیری بووە لە تەمەنێکی بچووکدا، وتیشی: لە زۆر حاڵەتدا کچانی خوار تەمەنی یاسایی دەبینین، کە زیاتر لە جارێک هاوسەرگیریان کردووە و جیابوونەتەوە، ئەم توندوتیژییە بەرامبەر بە کچان وەک نادادپەروەرییەک بەرامبەر بە منداڵی سەیر دەکرێت، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی منداڵی کچ و ژیانی خێزانەکە هەیە.

 

توندوتیژی ئابووری بەشێکی دیکەی کێشەکانە

سەبارەت بە توندوتیژی ئابووری، نەجمە ئیبراهیم وتی: یەکێک لەو شتە گرنگانەی کە ژن ناچار دەکات لەگەڵ پیاوێکدا بمێنێتەوە، باری داراییە، چونکە کاتێک ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە جێی دەهێڵێت، ژنەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە لەڕووی دابینکردنی داهات بۆ منداڵەکانی و بەمشێوەیە توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، ئەم دۆخە نەک تەنها بۆ ژنانی مەنبج، بەڵکو بۆ هەموو ژنان هاوشێوەیە، لەم دواییانەدا کۆچبەرێکی زۆر ڕوویان لە مەنبج کردووە، هاوژینی زۆرێک لە ژنان لە زینداندان یان گیانیان لەدەستداوە، بۆیە سەربەخۆیی ئابووری گرنگترین بابەتە کە دێتە بەردەستمان، بەشی ئابوری ژنان لە کۆمەڵەی ژنانی زینۆبیا کاردەکات بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ ژنان بەپێی ئەو دەرفەتەی هەیانە.

 

خودگۆڕین و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا

ڕوقیە عوسمان، کە خەڵکی شاری مەنبجە، ڕوونیکردەوە، توندوتیژی تەنها دژی ژنێکی خێزاندار نییە، بەڵکو ئەو توندوتیژیانەشە کە لەلایەن باوک و براوە ئەنجامی دەدەن و دەڵێت: ئەگەر ژنێک هاوسەرگیری کردبێت، ڕەنگە دوای سکاڵا جیاببێتەوە، بەڵام ئەگەر هاوسەرگیری نەکردبێت، یان دوای سکالا کرد، توندوتیژییەکان لەسەری زیادببێت و ناچار دەبێت هاوسەرگیری بکات، بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن، کۆمەڵگە پێویستی بە هۆشیاری هەیە، ژن پێویستە کەسایەتی و هێزی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵیەتی کۆمەڵگە بنیادبنێت و بیگۆڕێت و بڕیاری خۆی لەبارەی ژیان و چارەنووسی خۆی بدات. پێویستە ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان هەڵمەتی هۆشیاری بۆ یارمەتیدانی ژنان و یاساگەلێک جێبەجێ بکەن کە هەموو ژنان لە توندوتیژی بپارێزن.