دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ و گەنجان زیادیکردووە.

بە پێی ئەو سکاڵایانەی تۆمار کراوە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٥ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان تۆمار کراوە، دوو ژنی گەنجیش چیرۆکی دەستدرێژیەکەیان بۆ "ژنها" دەگێڕنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە لایەن ئامۆزا، خاڵۆزا، کوڕی پور و زۆر جاریش باوک و برا دەسدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر ژنانی گەنج لە تەمەنی منداڵی یاخود گەورەیدا، ئەمەش چیرۆکی ژیانی زۆربەی ژنانی گەنجی کوردە، لە ترسی دابونەریت و باوەڕ نەکردن پێیان ناوێرن باسی بکەن و بۆ هەمیشە وەک چیرۆکێکی مەرگ ئاسا لە ژیانیاندا دەمێنێتەوە، زۆرجار ژنانی گەنج لە کاتی باسکردنی هەر یادگارییەکی منداڵیدا وەک فیشەکێک خۆی دەکات بە نێویاندا و لە ئاستیدا دووبارە بێدەنگ دەبن، "س.ع.م" و "س.ح.م" دوو لەو ژنە گەنجانەن کە لە لایەن کەسە نزیکەکانیانەوە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.

 

لە لایەن کوڕە پورێکیەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر

"س.ع.م" ئێستا تەمەنی ٢٨ ساڵە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لە لایەن یەکێک لە کوڕە پورەکانیەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، "س.ع.م" دەڵێت لەگەڵ باوکم و براکەم چووینە سەفەر و کوڕی پوریشم لەگەڵ ئێمە هات، لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە تاریکی ڕێگا، خەوتنی من و بێئاگای و بچوکی براکانمی بە دەرفەت زانی و دەستدرێژی کردە سەرم، ئەمەش وایکرد لەو تەمەنەدا گۆڕانێکی زۆر بەسەر جەستەمدا بهێنێت، وە کەوتمە سوڕی مانگانەوە، "س.ع.م" دەشڵیت هەموو کات هەستم کردووە، کوڕە پورەکەم بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکات، بەردەوام بە دایکم دەگووت بەڵام ئەو گوێی بۆمن نەدەگرت.

"س.ع.م" وتی هەتا ئێستاش من کە ڕووداوێکی ناخۆش لە ژیانم ڕوودەدات خەون بەو کاتەوە دەبینم، هەموو کاتێک هەستی ناخۆشم هەیە، ئێستاش هیچ پەیوەندییەکم نییە  نە لەگەڵ ئەو پیاوە نە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا.

 

س. لە لایەن ئامۆزایەکییەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر

س.م.ح، لەگەڵ ماڵی مامی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی باشوری کوردستانن، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە لایەن ئامۆزا تەمەن ٢٥ ساڵەکەیەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر و پەلامار دەدرێت.

 س.م.ح باس لە ئەوە دەکات کە هەمیشە ئەو بە کاکە بانگی کردووە و پەیوەندییەکی وەک خوشک و برایان هەبووە، بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا بۆتە جێگەی پرسیار و وەڵامەکەی دەست نەکەوتووە ئەوەیە کە بۆچی وایکرد؟ لە پێناو چیدا؟

س.ح.م" یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە لە لای هیچ کام لە پیاوەکانی بنەماڵەکەی باسی بکات، تەنیا دایکی لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە.

دڵسۆز زەنگەنە: هیچ سانسۆرێک لەسەر سایتە پۆرنۆکان نییە

لە ئێستاشدا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، دڵسۆز زەنگەنە بەڕێوبەری ڕێکخراوی دابین هۆکاری زیادبوونی ئەم دیاردەیە بۆ سانسۆر نەکردنی سایتە پۆرنۆکان، بە پێویستیشی دەزانێت وەزارەتی ڕۆشنبیری سانسۆر بخاتە سەر ئەو سایتانە بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ.

دڵسۆز زەنگەنە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێویستە وەزارەتی پەروەردە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکات، وانەی مەدەنیەت لە خویندگاکاندا بخوێندرێت بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست بخرێتە کۆمەڵگەوە، دەشڵیت دەبێت ڕێکخراوەکان کار بکەن لەسەر هۆشیارکردنەوەی گەنجان.

 

ئامارێکی وردی دەستدرێژی سێکسی بوونی نییە

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی ورد نییە لە بارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و گەنجان، چەنکە هەموو ئەو حاڵەتانە لە لایەن خیزانەکان یاخود ئەو منداڵەوە لە ترسی تانە و پلارەکانی کۆمەڵگە دەشاردرێنەوە، بەپێی ئەو سکاڵایانەی لە لایەن خێزانەوە تۆمار کراون لە ساڵی ٢٠١٩دا ٥ منداڵن کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.

 

بە پێی یاساکانی سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩لە ماددەی ٣٩٣، ژمارە ١١دا دەڵیت " ئەو کەسەی کە دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر منداڵ سزاکەی زیندانییە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ"، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەگەر کەسێک بەو تاوانە دەستگیر بکرێت لە دواتردا بە سزای بڕێک پارە ئازاد دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین دۆسیە هەیە کە تاوانبار ئاشکرایە بەڵام بە هۆی پاڵپشتییان لە لایەن دەسەڵاتەوە سزا نادرێن وەک دۆسیەی کچە هەشت ساڵانەکەی شاری هەولێر.

 

ت.پ