"لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکان و گەڕانەوەی زەویدا، جینۆسایدی ژنان و منداڵان دەکەن"

بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان ڕایگەیاند، "هەموواری یاسای باری کەسێتی دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراقدا کاری پێناکرێت، لە ڕێگەی یەکێتی ژنانی ئەوروپا هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنانی عێراق دەدەین"

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٢٠٢٤ لە پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، دوای ناڕەزایەتی بەرفراوانی چالاکوانان و توێژە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤ەوە، پەسەند کرا. ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەوە بە بە کاڵاکردنی منداڵان و شەرعیەتدان بە بەشوودانی منداڵانی ٩ ساڵ بەرەوسەر پێناسە کرا، چالاکوانانی ژنان و ئەندامانی هاوپەیمانی ١٨٨ بەردەوامن لە ناڕەزایەکانیان و لە ڕێگەی یاداشتەکانیان بۆ یەکێتی ئەوروپا ڕێگری لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن و ڕایدەگەیەنن، "ناهێڵین ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت".

 

"تێپەڕاندنی هەموواری یاسای باری کەسێتی تاوانە بەرامبەر منداڵان و ژنان"

بەهار مونزیر، یەکێک لە دامەزرێنەرامی هاوپەیمانی ١٨٨ لە سلێمانی، باس لەوەدەکات، هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی لە پەرلەمانی عێراق دژ بە مافی ژنان و منداڵان بڕیاری کارابوونیدرا، لە پاش هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا چەندین گروپ لە چالاکوانان گروپی هاوپەیمانی ١٨٨تیان پێکهێنا، بەردەوام هەوڵیان بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی عێراقی دەدا، دەشڵێت: هەمووارکردنەوەی یاسای باسی کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، ژیانی ژنان و منداڵان دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورە، ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی عێراق بە هەبوونی بڕیارێک سەدان ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، تەواوی چالاکوانان و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان ماوەی چەندین مانگە بەردەوام لە ئەنجامدانی چالاکی و گردبوونەوەدان، تێپەڕاندنی لە لایەن پەرلەمانی عێراق کە بە ڕێککەوتنی سیاسیی تێپەڕاندن بۆ سێ بڕیار لە پەرلەمانی عێراقدا درا مایەی قبوڵ کردن نییە، لە ڕێگەی هەڵوێستەکانمانەوە تانەمان لە بڕیارەکانی پەرلەمان و دەنگدانی پەرلەمانتاران داوە.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکان و دانەوەی زەوی وزارەکاندا، بازرگانی بە گیانی ژنان و منداڵانەوە دەکەن، وتیشی: سەندنەوەی زەوی و زارەکانی کورد کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا داگیرکراون و لەگەڵ هەموواری یاسای باری کەسێتی بازرگانی پێوەدەکرێت، یان ئازادکردنی دیلەکان بە بڕیاردان لەسەر بەشوودانی منداڵێک. پەرلەمانتاران دەستیان لە تاوانی بەشوودانی منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵاندا دەبێت، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆکاری بەشوودانی منداڵێک لەسەر مەزهەبی جەعفەری لە گەڕەکەکەی خۆیدا، پاشان کەسێک ناتوانێت بەرگری لێبکات، هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵ ئێمەدا بڕیاری تێنەپەڕاندنی هەموواری یاسای باری کەسێتیاندا، بەڵێنەکەیان شکاند و دەنگیان پێدا، بە دەنگدانیان لە پەرلەماندا بڕیاریاندا بەشداری لە تاوانی بەشوودانی منداڵێکدا بکەن، بۆیە هەرگیز لێیان خۆشنابین، لە دوای بڕیارەکە پەرلەمانتارێکمان نەبینی لە پەرلەمانی عێراق لێدوان بۆ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بدات و ناڕازی بێت لە ئەنجێندای حزبایەتی، بۆیە هەریەک لە پەرلەمانتاران بۆیان نییە جارێکی دیکە لەسەر شاشەکانی ڕاگەیاندن باس لە هەبوونی مافەکانی مرۆڤ بکەن.

 

"لە ڕێگەی یەکێتی ژنانی ئەوروپا هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمووارەکە دەدەین"

بەهار مونزیر ئاماژەی بەوەدا، هەموواری یاسای باری کەسێتی دەرخەری ڕاستییەکە کە لە پەرلەمانی عێراقدا مافەکانی مرۆڤ کاری پێناکرێت، دەشڵێت: لە دژی مافەکانی مرۆڤ بڕیار لە پەرلەمانی عێراقدا دەردەکرێت، ماوەی چەندین ساڵە یاسای خێزانی لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر نادرێت، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەو سیاسەتە هەڵەی کاری پێدەکرێت لەناو دادگاکانیشدادا مافەکانی مرۆڤیان بەلاوە گرنگ نی‌یە، تەنها لە ناو کۆمەڵگەدا گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدرێت، پەرلەمانتاران بە نامرۆڤانە بڕیار لەسەر یاساکانی ناو پەرلەمان دەدەن.

 

لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد، هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێت، کاتێک ڕێگری لە فرە ژنی کرا پیاوانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی فرەژنی سەردانی خوارووی عێراقیان دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی بە هەمان شێوە ئەگەر ڕێگرییەکان چڕ بکرێنەوە دووبارە پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵی ٩ ساڵاندا سەردانی خوارووی عێراق دەکەن، وتیشی: لەگەڵ پەسەندکردنی یاساکە، بە چەندین زمان یاداشتمان نووسی و ڕێگری لە بڕیارەکە دەکەین، چەندین لایەن و پەرلەمانی دەرەوەی وڵاتانمان ئاگادار کردووەتەوە، وە بڕیارمانداوە بەهیچ جۆرێک ڕێگە نادەین لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا ئەو یاسایە کاری پێبکرێت، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی یاداشتێکەوە نیگەرانیان بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراقدا دەربڕی. ئێمە شانسێکی دیکەمان هەیە بۆ ڕێگری لە بڕیارەکە، ئەویش ئەوەیە ئەم پەسەند کردنەوەی پەرلەمان دەچێتە بەردەم سەرۆکی عێراق و واژووی دەکات، ئەمەش ڕێگەیەکمانە تا فشار بۆ واژوو نەکردنی بکەین، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ناردنی یاداشتەکان و وەرگرتنی پشتگیرییەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵاتەوە.