بەهیە موراد: یاسا یەکێکە لە ڕێگاکانی پاراستنی ژنان لە توندوتیژی

بەهیە موراد، ئەندامی ماڵی ژنانی کانتۆنی قامیشلۆ ڕایگەیاند، ئاستی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، یاساکانی خۆبەڕێوەبەری تا ڕادەیەکی دیاریکراو مافی ژنان دەپارێزن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- بەهۆی نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەهیە موراد، ئەندامی ماڵی ژنانی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێداچوونەوەی بە پرسی توندوتیژی و هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی کرد.

 

"ئاستی توندوتیژی لە جیهاندا زیادی کردووە"

بەهیە موراد ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئامارانەی لە جیهاندا سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکرێنەوە، دروست نین، ژمارەکە زۆر زیاترە و وتی: زۆر ئاماری فەرمی هەیە کە لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە جیهاندا تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبن و ئەمەش ئاشکرا ناکرێت، تا ئەمڕۆش لە زۆر وڵاتدا دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی لە پێشە، بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی دژی ژنان هەڕەشەیەکی جددییە،  بەداخەوە مەترسی توندوتیژی و کوشتن نەک تەنها لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهان زیاتر دەبێت. هەر بۆیە بارگرانییەکە قورستر دەبێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان و کێشەی نێوان ژن و پیاو دێتە دەستمان، ئێمە کاردەکەین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەوڵ دەدەین ئەم ڕووداوانە کەم بکەینەوە و مافی ژنان بەدەستبهێنین.

 

"ژن لە ئینتەرنێتدا هەراسان دەکرێن"

بەهیە موراد سەرنجی بۆ هەراسانکردنی ژنان لە ئینتەرنێتدا ڕاکێشا و وتی: لەم دواییانەدا توندوتیژی بە شێوەیەکی جیاواز ڕوودەدات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڕەشە دەبنەوە، پیاوان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت هەڕەشە لە ژنان دەکەن، ئەمەش وا دەکات زیانبەرکەوتووان بێدەنگ بن. دەرئەنجامە خراپەکانی ئینتەرنێتیش هەیە، هەندێک لە ژنە گەنجەکان دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی، هەر بۆیە ئێمە سەرنج دەخەینە سەر هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ خۆپاراستنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەو ژنانەی کە ئەم دۆخە ئەزموون دەکەن، دەستیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان درێژکردووە و هاوکاری یاسایی پێشکەش دەکەین و تا ئەو کاتەی کەیسەکەیان چارەسەر دەکەین، دەخرێنە شوێنی داڵدەدان.

 

"یاساکانی خۆبەڕێوەبەری ژنان دەپارێزن"

بەهیە موراد ئاماژەی بەوەکرد، خۆبەڕێوەبەری لە ڕێگەی یاساوە ژنان دەپارێزێت و وتی: لە سەرەتای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تا ساڵی ٢٠١٤ زۆر یاسا هەبوون کە خزمەت بە ماف و بوونی ژنان دەکەن،  پەسەندکردنی "یاسای خێزان" لە بڕیارنامەی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند کرا، لەم یاسایەدا مافی پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، پەروەردەکردنی منداڵ و هتد. پێناسە کراون، هاوکات ئەم یاسایە لێپێچینەوە لەو تاوانانە دەکات کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، وەک هاوسەرگیری زۆرەملێ، فرەژنی، خیانەت، هاوسەرگیری لە تەمەنێکی بچووکدا، هاوسەرگیری ژن لەبەرامبەر خوێن یان ئاڵوگۆڕ و سەرسامبوون پێناسە دەکرا، بێگومان ئەوانەی ئەم یاسایە پێشێل دەکەن سزا دەدرێن.

 

"بە پەروەردە توندوتیژی کەمی کردووە"

بەهیە موراد ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاستی توندوتیژی بە پەروەردەی کۆمەڵگە کەمی کردووە و لە کۆتاییدا وتی: ئێمە شاهیدی ڕووداوی زۆرین، دەمانەوێت دادپەروەری بەدیبهێنرێت، کار بۆ ماف و ئازادی ژنان دەکەین، ئاستی گشتی توندوتیژی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، دەبینین ئەمە دەرئەنجامی پەروەردە و هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگەیە، جگە لە پلانەکانمان لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکان، پلانمان هەیە بچینە خوێندنگەکان و لەوێ سیمینار بکەین بۆ ئەوەی منداڵان هۆشیاربن، هێشتا لە حاڵەتەکانی فرەژنیدا کێشەمان هەیە بۆ ئەوەش تێدەکۆشین.