"یاسای باری کەسێتی گرێدراوە بە ژیانی هەموو کەسێکەوە"

مامۆستا ڕووبار مەجید ئاماژەی بە گرنگی یاسای باری کەسێتی کرد، لە نێوان یاساکانی دیکەدا و وتی: یاسای باری کەسێتی گرێدراوە بە ژیانی تاکەوە لە لەدایکبوونەوە تا مردن.

سلێمانی

 

لە ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤دا، پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید مالیکی،  پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراقدا پێشکەشکرا، تا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پشتیوانیی دەکرێت، بە پاساوی ئەوەی ئەم هەمووارە پاڵپشتە بە مادەی (٤١)ی دەستور، كە ئازادی پابەندبوونی بۆعێراقیەكان ڕەخساندووە، لەوەی پەیوەستە بە باری كەسییان بەگوێرەی ئەوئاین ومەزهەب و بڕوایەی هەیانە.

 

هەموواری یاسایی باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی لە پەرلەمانی عێراقدا کە ڕۆژی ٤ی ئاب، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و خوێندنەوەی دووەمیش بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان دواخرا، ناڕەزایەتی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە بنەماکەی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە و لەلایەن شیعەکانەوە پێشنیار کراوە و پاڵپشتی لێدەکرێت، تیایدا منداڵان ناچار کراون لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە هاوسەرگیری بکەن و لە مافی خوێندن و ژیانکردن بێبەش دەبن، هەروەها پرسی نەفەقە و جیابوونەوەی ژنانیش گۆڕانکاری تیادا کراوە.

 

ڕووبار مەجید، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بە گرنگی یاساکە کرد بۆ کۆمەڵگە، کە گرێدراوە بە ژیانی هەر تاکێکەوە و لە لەدایکبوونەوە تا مردن بە پێی ئەو یاساکە مافەکانی دیاری کراوە، وتی: "یاسای باری کەسێتی وەک یاسای باری شارستانی نییە، بۆ نموونە ئەگەر هەموواری تیادا نەکەین کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات"، هەمووارەکە لە ماوەی ڕابردوودا ٢٥ جار هەمووار کراوەتەوە و دەستکاری کراوە، تا شێوەی کۆتایی وەرگرتووە، مامۆستا ڕووبار ئاماژەی بەوەدا، سەرباری ئەوەی چەندین جار یاساکە هەمووار کراوەتەوە، بەڵام هیچی لە بەرژەوەندی ژندا نەبووە، بەڵکو بۆ مەرامی سیاسی و مەزهەبی بووە، وتیشی: ئیستاش ئەم هەمووارەی کە پێشنیاری بۆ کراوە چەسپاندنی مەزهەبگەراییە.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا، کە یاساکە لە کۆتا دەرچوونیدا مەزهەبگەرایی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت مەزهەبگەرایی لەناو یاساکەدا بچەسپێننەوە، کە ئەمە پەسەند کراو نییە، وتیشی: دۆخی ژیان گۆڕاوە، بۆ ئەوە یاسای باری کەسێتی پێویستی بە گۆڕانکاری و هەمووارکردنەوە هەیە، تا لەگەڵ دۆخی ژیانی تاک و گۆڕانکارییەکاندا بگونجێت.

 

ڕووبار مەجید باسی لەوەکرد، ئەو مافانەی لە قورئاندا دراوە بە ژنان لە یاساکاندا دانەنراون و پێشێلی مافی ژنان دەکرێت، کۆمەڵێک بڕگە لە یاساکەدا هەیە، "بۆ نموونە یاسای فرە ژنی بە کۆمەڵێک مەرج هەیە و قەدەغەیە ئەگەر مەرجەکان ڕەچاو نەکرێت، بەڵام دەبینین لە یاساکەدا بە یاسایی کراوە و ڕێگەی پێدراوە، هەروەها گوێڕایەڵیکردنی ژنان بۆ پیاوان کە دەبێت هەموو شتێک بە گوێی پیاوی خێزانەکەی بکات و لە یاسادا هەمووار کراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێ ناکرێت.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا، کە بۆ دۆخی ئێستا پێویستمان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەییە لە یاساکەدا، وتیشی: بەڵام هەمووارەکە ناکرێت بەم شێوەیەی ئێستا بێت و کە مەزهەبگەرایی لەناو یاساکەدا بچێنێتەوە.