"سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر سێ ملیۆن کورددا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ستەمە"
زیلان ئەحمەدی دەڵێ: نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕینی چالاکوانانی ڕۆشنبیری، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و گرتن بە بێ ڕێکاری قەزایی و ڕاگەیاندنی سزاکان بەبێ بنەمای یاسایی لە خۆراسان، کەیسی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ڕوونی بەها مرۆڤاییەکانن.
سویدا خۆراسانی
خۆراسان- زمانی دایک ناسنامەی ڕەگەزی و نەتەوەییە، هۆشیاری و پاراستنی زمان ڕێگریکردنە لە لەناوچوون، واتە ناڕەزایەتی دەربڕینە دژی سەرکوتکردنی زمانی دایکی لە ماڵ و کۆڵان و شەقامەکان و زیندوو ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و ناسنامەی کوردایەتی و گواستنەوەیە بۆ نەوەی داهاتوو، ئەم ناسنامەیە مافێکی دیاریکراو و سروشتییە کە ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی خۆسەپێنی ڕژێمی ئێران گەیشتووەتە ئاستی لەناوچوون.
خۆراسان بەشێکی کوردستانە و کەوتووەتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە، بەهۆی سیاسەتی خۆسەپێنی ڕژێمی ئێرانەوە، زمانی فارسی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە و لاوازبوونی زمانی کوردیش دوو هێندە زوڵمە بەرامبەر ٣ ملیۆن کوردی خۆراسان دەکرێت، کە بووەتە گەورەترین خەمی مامۆستایانی زمان و زمانناسانی کوردی ناوچەکە.
"سەرکوتکردن و خنکاندنی کۆمەڵایەتی بە ناونیشان و سیاسەتی جیاواز لە خۆراسان بەردەوامە"
زیلان ئەحمەدی، ناوی خوازراوی چالاکوانێکی ڕۆشنبیرییە و باس لە مێژووی زمانی کوردی لە خۆراسان دەکات و دەڵێت: دەتوانین ئاماژە بە زمانی کوردی خوراسان بکەین لانیکەم تا ٥ سەدەی ڕابردوو، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و کتێبی مێژوویی، لە هەموو عەشیرەت و خێڵە کوردەکانی عەشیرەتی کرمانج لە سەردەمی پاشاکانی سەفەویدا، کە بە فێڵی جیاواز بەرەو باکوور دەربەدەر کرابوون و بە سیاسەت لە ماوەی سێ قۆناغی دەربەدەریدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی عەشیرەتە داگیرکەرەکانی ئۆزبەکستان، ڕەوانەی خوراسانی ڕۆژهەڵاتی ئێران کران و دوای شکستپێهێنانی داگیرکەران و دەرکردنیان لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کوردانی کرمانج لە ناوچەیەکی فراوانی باکووری خۆراسان نیشتەجێ بوون، بەڵام هەندێک لە لێکۆڵەرەوان و مێژوونووسان پێیان وایە بوونی کورد لە خوراسان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش سەردەمی سەفەوییەکان، دەکرێت بگوترێ زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تەمەنی چەندین هەزار ساڵە.
وتیشی: بەداخەوە سەرکوتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و خنکاندنی کۆمەڵایەتی بە ناونیشان و سیاسەتی جیاواز لە خۆراسان بەردەوامە، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین لەناو چالاکوانانی ڕۆشنبیری ئەم ناوچەیەدا، دەستگیرکردنیان بەبێ پرۆسەی دادوەری و ڕاگەیاندنی سزاکان بەبێ بنەمای یاسایی و ئەشکەنجەدان، هەڕەشەن بۆ سەر زمانی کوردی و کولتووری کوردی لە خۆراسان، کە یەکێکە لە شێوازەکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئاشکرای بەها مرۆڤایەتییەکان.
زیلان ئەحمەدی لەبارەی دۆخی نائاسایشی حکومەت و هەڕەشەکانی سەر چالاکوانانی ڕۆشنبیری دەڵێت: چالاکوانان لەلایەن ڕژێمەوە چاودێری دەکرێن، بەو ڕادەیەی ئەگەر یەکێک لەو چالاکوانە ڕۆشنبیرییانە بچێتە شارەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و باشووریش، تەنانەت بۆ گەشتیش بێت، بانگهێشتی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ناوچەکە دەکرێت و دوای گەڕانەوەی بۆ خۆراسان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
"سەرەڕای سەرکوتکردن و هەڕەشەکانی چالاکوانان، بەردەوامن لە چالاکییەکانیان"
لە درێژەدا دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت باس لە هۆکار و ڕێگاکانی لەناوبردنی زمانی کوردی لە خۆراسان بکەین، بە گشتی کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕەگەز و نەتەوەی نافارس لە ئێراندا جێبەجێنەکردنی مادەی ١٥ و ١٩یە لە دەستووری ئێراندا، بە پێی ئەم مادەیەی یاسا مافی خوێندن و وانەوتنەوە بە زمانی دایکی لە شوێنی نیشتەجێبوون دەدرێت، ئەم جێبەجێ نەکردنە لەناوبردن و توانەوەی سێ ملیۆن کوردە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.
لەبارەی چالاکییەکانی چالاکوانان بۆ پاراستنی زمانی کوردی زیلان ئەحمەدی وتی: ماوەیەکە لە خۆراسان تەنیا چەند کۆمەڵەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری هەفتانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، هەروەها نزیکەی دوو ساڵە مامۆستایان و چالاکوانانی خۆراسان توانیویانە مافی وانەوتنەوە و فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەنجومەنی ئیسلامی ئێران تێبپەڕێنن، بەڵام بەڕای من ئەمە لە فێڵێکی سیاسی زیاتر نییە و دەبێت پێمان وانەبێت کە ئەم پلانە جێبەجێ دەکرێت.