داڕمانی مافەکان و پەرەسەندنی تۆقاندن لە دیمەنی ئێستای تونسدا
سەرەڕای ئەو کەشوهەوایەی کە بارگاوی بووە بە ترساندن، ئەزموونەکانی سەر زەوی وەک لە شاری قابس، وەک بەڵگەیەک بۆ خۆڕاگری گەلی تونس و توانای زاڵبوونیان دوردەکەون، بۆ تێپەڕاندنی "دیوارەکانی ترس" کە دەسەڵاتداران هەوڵی دروستکردنیان دەدەن.
زهور مەشرقی
تونس-لە نێوان گۆڕانکارییە خێراکانی سیاسی و مافی مرۆڤدا، وتاری ئەم دواییەی مافی مرۆڤ وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە وەستاوە، کە ڕادەی ئەو فشارە سیستماتیکییە ئاشکرا دەکات کە لەسەر داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە تونس کراوە، ئەم فشارە تەنها لە سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆی ئەمنیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ستراتیژییە میدیاییە ئاڵۆزەکان کە ئامانجیان دووبارە داڕشتنەوەی بیروڕای گشتی و بێناوبانگکردنی چالاکوانانە.
ئەم شایەتحاڵانە تەنها بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان نین، بەڵکو بانگەوازێکی ڕوونن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وتار و هاندانی ڕق و کینەیە کە ئێستا لە ژێر پەردەی "بەرژەوەندی نیشتمانی"دا هەڕەشە لە پەیکەری کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئەم کەشوهەوا زەمینەیەکی بەپیتی بۆ بزووتنەوەکان دابین کردووە کە داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکەن، دواجار بڕیاری ناوازەی لێکەوتەوە کە هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە و بەشداری سیاسی و ئازادییە گشتییەکانی کەمکردووەتەوە کە تونسییەکان بەدەستیان هێنابوو، ئەم گۆڕانکارییە لە "نمونەی دیموکراتی هیواخوازەوە" بۆ دۆخی نادڵنیایی سیاسی، ڕەنگدانەوەی لاوازی دەستکەوتە دیموکراتیەکانە کاتێک لەگەڵ بوژانەوەی ئابووریی ڕاستەقینە و سەقامگیری دامەزراوەیی نەبن کە باوەڕی هاوڵاتیان بە توانای بەردەوامیی خودی پرۆسەی دیموکراتی دەگەڕێنێتەوە.
مودە جەمیعی لە شایەتحاڵییەکدا، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی وەک چالاکوانێکی ژنان و مافی مرۆڤ کە بەرگری لە مافی ژنان و کەمینەکان دەکات، ڕۆشنایی خستە سەر ڕاستی چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ژێر بارودۆخی ئێستای تونسدا، وتی: ئەو ئازارانەی کە ڕووبەڕووی چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەبنەوە، تەنها لە هەوڵە مەیدانییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی ئەو دۆزی بەرگریکارانە، کە دەیانخاتە ژێر فشاری زیاترەوە.
بە توندی ڕەخنەی لە پراکتیکەکانی "سەروەری یاسا و دامەزراوەکان" گرت، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕاستیەک دروست دەکەن کە تێیدا سنووردارکردن بۆ نەیاران لە زیادبووندایە، لەوانەش پەکخستنی پرۆسەکانی کار و دادگاییکردنی چالاکوانان.
ئەو بارودۆخی ئێستای وڵاتەکەی بە "بۆمبێکی کاتی"ی پێناسە کرد کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا هاتووە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هاوڵاتیان بە تایبەت منداڵان تووشی لێکەوتەکانی قەیرانی هزری و جەستەیی و دەروونی دەبن.
نپێداچوونەوەی بەو ئاستەنگە یاساییانە کرد، کە ڕووبەڕووی چالاکوانان بوونەتەوە و باسی لەوە کرد، کە بە تۆمەتی "تێکدانی پرۆسەکانی کار" دادگایی کراوە کاتێک هەوڵیدا سکاڵا لەسەر دامەزراوە گەورەکان تۆمار بکات، هەروەها دۆسیە بەپەلەکان چەندین جار بەبێ یەکلاکردنەوە دوادەخرێن.
لە درێژەی باسەکەیدا، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دۆخی کۆمەڵایەتی، مودە جەمیعی دەسەڵاتدارانی تۆمەتبار کرد بە پەکخستنی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان لە هەندێک ناوچەدا، ئەمەش دانیشتووانەکەی ناچارکردووە لە شوێنێکی دیکەدا داوای چارەسەر بکەن، ئەم ڕێبازە بەشدارە لە شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوون و بڵاوکردنەوەی ئاماری چەواشەکارانە بۆ خەڵک.
ڕیتۆریکی “خیانەت” و گۆشەگیری
ئەو بە توندی ڕەخنەی لە قسەکانی حکومەت گرت کە نەیارانی بە "دژە دەوڵەت" یان "دوژمنی گە" ناوزەد دەکات، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم قسەکردنە وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی داواکارییە ڕەواکان بۆ مافە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێت.
دۆخەکەی بە دۆخێک پێناسە کرد، کە حکومەت سیاسەتی "شیکاری و گفتوگۆ و شەرمەزارکردن و تاوانبارکردنی" ئەو کەسانە پەیڕەو دەکات کە داوای مافی ژیانێکی شکۆمەندانە دەکەن، لە هەمان کاتدا پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەوڵەت لەسەر حیسابی گەل و هاوڵاتیانی یەکەمایەتیدان دادەنێت، هەروەها بزووتنەوەی مافی مرۆڤیان لەسەر بنەمای داوای مافی چارەی خۆنووسین و مافی ژینگەیی گەلان دامەزراوە، کە خەباتیان ساڵانێکە بەردەوامە و پێکهاتێکی ئەم دواییە نییە.
بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ڕاستیەکانی کاری مافی مرۆڤ لە تونس، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵەنگاری و پراکتیکانەی کە ڕووبەڕووی چالاکوانان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەبنەوە، هەروەها هەندێک توخم لەناو حکومەتدا ڕەتیدەکەنەوە دان بە خەباتەکانی ڕابردوودا بنێن و لەبری ئەوە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تاکتیکی نهێنییەوە ناڕەزایەتییەکان بێدەنگ بکەن.
ڕوونیکردەوە، کە دەسەڵاتداران تەنها بە فێڵکردنی نەیارەکانیان ڕازی نین، بەڵکو پراکتیزەکانیان درێژدەکەنەوە بۆ توندکردنەوەی پەتەکانی دەوروبەری خێزانەکانیان و هەوڵدان بۆ تێکدانی بەرژەوەندییە پیشەیی و کەسییەکانیان، وتی: بەشداریکردن لە کاری مافی مرۆڤ و سەر بە کۆمەڵەکان و چالاکیی لەناو کۆمەڵگەی مەدەنیدا بوونەتە بیانووی ترساندن و بێدەنگکردنی نەیاران و تەنانەت بۆ پرسیارکردن لە یەکپارچەیی ئەوان.
مودە جەمیعی جەختی لە پێویستی پابەندبوون بە خەبات و بەردەوامبوون بە درێژایی ڕێبازە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کردەوە و ڕەتیکردەوە ملکەچی سیاسەتەکانی دەسەڵات بە ئامانجی ڕاگرتنی ئەم بزووتنەوەیە، لەم قۆناغەدا جەختی لە گرنگی هاودەنگیی دۆستان و چالاکوانان کردەوە.
دۆخێکی ژینگەیی کوشندە
باسی لە پرسە هەستیارەکانی ژینگە کرد، بە تایبەتی باسی لە ناوچەی قەفسە کرد، کە تێیدا بە توندی ڕەخنەی لەوە گرت کە بە "بەکارهێنانی زیادەڕۆیی و ناسروشتی" لە کارەکانی کانگاکردنی فۆسفات پێناسەی کرد. وتی: ئەوانەی بەرپرسیارن لەم ئۆپەراسیۆنانە کە بە "کۆمەڵگەی مردن" ناوی بردووە، هیچ گرنگییەک بە پارێزراوی هاوڵاتیان و ژینگە نادەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دۆخە بەهۆی ناڕوونیی دەوروبەری پڕۆژەکانی دیکەوە خراپتر دەبێت، وەک "هایدرۆجینی سەوز"، کە بە نەبوونی ڕوونیەکی تەواو پەسەندکراون، کە ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر سودمەندە ڕاستەقینەکانیان دروستکردووە لە نەبوونی هیچ ڕاوێژکارییەکی گشتیدا.
تیشکی خستە سەر ڕێبازی ئاسایشی دەسەڵاتداران لە مامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و ناڕەزایەتییە ژینگەییەکان، وتی: ئەم ڕێبازە بووەتە هۆی زیندانیکردنی چالاکوانان و پارێزەران تەنها بەهۆی داوای مافەکانیان یان هەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان، هەروەها سیستمی سیاسی ئێستا هەمان شێوازەکانی سەرکوت بەرهەم دەهێنێتەوە، بەو پێیەی کێشەکە تەنها لای تاکەکان نییە بەڵکو لە خودی "سیستەم"یشدایە، کە لە ڕێگەی میکانیزمە سەرکوتکەرەکانییەوە حوکمڕانی دەکات، وایکردووە سیستەمێک بێت کە پشت بە خنکاندنی ئازادییەکان و سەرکوتکردنی مافی ڕێکخستن و دەربڕینی خۆی ببەستێت.
لە داوای کۆتاییهێنان بە بیرکردنەوەی تەسک و تاکگەرایی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە هەمووان لە سووڕێکی خراپی نکۆڵی و هەڵهاتندا گیریان خواردووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریکردن لەم خولە خراپەدا کە بریتییە لە فرۆشتنی ژیانی مرۆڤ بە بڕە پارەیەکی کەم، چارەسەر نییە بەڵکو دۆخەکە خراپتر دەکات، بۆیە جەختی لە پێویستی کردەی بەکۆمەڵ و دوور لە خۆپەرستی و بەرژەوەندی کەسی و گرنگیدان بە گۆڕانکاری بنەڕەتی کە داهاتووی هەمووان بپارێزێت و کۆتایی بە چارەسەرە ڕووکەشەکان دەهێنێت کە شکست دەهێنن لە چارەسەرکردنی ناوەکی قەیرانەکە.
دووپاتی کردەوە، کە دیمەنی مافی مرۆڤ لە تونس بە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، ئەو وروژاندنە هزریەی کە بەرگریکارانی مافی مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لە هەوڵەکانی سەپاندنی چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئازادییەوە نییە.
جەختی لە توندکردنەوەی دەست بەسەر کارەکانی مافەکانی مرۆڤدا کردەوە و وتی: شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ یان گۆشەگیریی سەر بەرگریکارانی مافی مرۆڤ ئێستا بە تۆقاندنی بەرفراوان بەرەوڕوو بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە بەشێکی گەورەی نوخبە و هاوڵاتیانی گشتی خۆسانسۆری بکەن لە ترسی کاردانەوەی ئەمنی و دادوەری.
ڕوونیشیکردەوە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان چیتر لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسا نین، بەڵکو بووەتە ئامرازێک بۆ گۆشەگیریکردنی نەیاران لەسەر بنەمای پەیوەندی سیاسییان، بە دەنگۆ تۆمەتبار دەکرێن و ناوبانگیان لەکەدار دەکرێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ بەئامانجگرتنیان لە چاوی هاوڵاتیاندا بهێندرێتەوە.
ئەو هۆشداریدا لە ڕێبازێکی سیستماتیکی بۆ بەئامانجگرتنی چالاکوانان. ژنان ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری دەبنەوە کە هێرش دەکەنە سەر کەرامەتیان و تۆمەتباریان دەکەن بە توندوتیژی سێکسی، لە کاتێکدا پیاوان بە چەواشەکاری و تۆمەتبارکردنی ناسنامە و سەربەخۆیی دەکرێنە ئامانج بۆ تێکدانی متمانەییان.
شیکارییەکی میدیایی ترسناک
مودە جەمیعی جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانج لەم هەڵمەتە زانیارییە ناڕاستە پەردەپۆشکردنی پرسەکانی توندوتیژییە، لەوانەش کوشتنی ژنان، کە لە شەش مانگی ڕابردوودا زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وتی:ئەم میدیایە نەک تەنها هەوڵدەدات ڕاستییەکان لە ڕای گشتی بشارێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە هاندانی توندوتیژی دژی چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاریی سیستماتیکی و ناوزڕاندنەوە کە خزمەت بە کارنامەی دەسەڵات دەکات.
ڕوونیشیکردەوە، دەسەڵاتداران تاکتیکی تۆقاندن دەقۆزنەوە بۆ شکاندنی ئیرادەی تاکەکان، چونکە بەرگریکارانی مافی مرۆڤ خۆیان دەبیننەوە گیریان خواردووە لەنێوان تۆمەتی هەڵبەستراو و فشارەکانی سەر ئەوان و خێزانەکانیان، وتی: ئەم پراکتیزانە نەیانتوانیوە "ئیرادەی خەباتی گەلان" بشکێنن، بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی ڕێپێوانەکانی گەلان لە قابس، کە سەلماندی شەقامی تونس هێشتا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شێوازانەی هەیە.
جەختی لەوە کردەوە، کە جیاوازی لە نێوان "خەباتی ڕاستەقینە" کە بە بوێری ڕووبەڕووی ڕاستی دەبێتەوە و "ئەو خەیاڵانەی کە دەسەڵاتدا پێشیان دەخەن" بۆ سەپاندنی خۆسانسۆری بەسەر هاوڵاتیاندا.
مودە جەمیعی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ترس لە گۆشەگیریی ئەمنی بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە ناوی لێنا "وتاری ژەهراوی میدیایی" کە هەوڵدەدات شەرعیەتدان بە پێشێلکارییەکان و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دژی کۆمەڵگە بدات.