''داخستنی ماڵپەری نەوات بڕیارێکی سیاسییەو داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین یەکبگرن''

جیهان لواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتیمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەکان، بەتایبەتی ماڵپەڕی نەوات، بە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادییەکان و جۆرێک لە برسێتی بۆ ڕۆژنامەنووسان زانی.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- لەم دواییانەدا تونس شاهیدی شەپۆلێکی بەرفراوانی بڕیارەکانی حکومەت بوو، لەوانە ڕاگرتنی چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن، لەنێویاندا کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ماڵپەڕی "نەوات"، کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیک و کۆڕبەندی تونس بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەم ڕێوشوێنانە نیگەرانییەکی بەربڵاوی لە بازنەی مافی مرۆڤ و میدیادا لێکەوتووەتەوە، سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریکردنی مەدەنی دەزانێت، هەروەها هێرشێکە بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش و دەستووری ٢٠٢٢ی تونس کە ئەو مافانە مسۆگەر دەکات.

 

جیهان لواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس، لە لێدوانێکدا لەسەر بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی تونس، ڕایگەیاند: سەندیکاکە بڕیاری داخستنی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ماڵپەڕی "نەوات" بۆ ماوەی مانگێک و داخستنی بارەگاکەی وەرگرتووە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هەواڵ کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕوویانداوە، لەگەڵ ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیک تا ڕاگرتنی چالاکییەکانی مەکۆی تونس بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵەکانی تر، هەروەها وەک سەندیکایەک ئەم بڕیارانە بە گورزێک لە کاری کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین، وە بە لێدانێک بۆ ئەو ئازادییانەی دەزانین کە لە دەستووری ٢٠٢٢دا جەختی لەسەر کراوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوە بۆ بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ماڵپەڕی "نەوات"، لەگەڵ سەرجەم ئەو بەڵگەنامانەی پێشکەشی ئەو کۆمەڵەیەیان کردووە کە ڕوونی سەرچاوە داراییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە، ئێمە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین کە خۆی لە بڕیارێکی دارایی کارگێڕیدا پۆشیوە، ئەمەش ڕێکارێکی کارگێڕی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ئاشکرایە لە زنجیرەی پاڵاوتەکردنی سیستماتیکی شوێنی گشتی لە تونس، بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی یەکێک لە ماڵپەرە هەرە دیارەکانی ڕاگەیاندنی لێکۆڵینەوە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ڕۆژنامەنووسانە بۆ کارکردن بەبێ ترس.

 

وتیشی: ئازادی ڕۆژنامەگەری و کاری کۆمەڵگەی مەدەنی چاکەیەک نییە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵکو مافێکی دەستووری پیرۆزە و پابەندبوونێکی نێودەوڵەتییە کە پابەندە بە حکومەتی تونسەوە، بەکارهێنانی ئیدارە و دەسەڵاتی دادوەری و ئاسایش وەک ئامرازێک بۆ حسابکردن لەگەڵ میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرایەتی دابەزینێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراو دەکات.

 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ شایەتحاڵی هێرشکردنە سەر کاری ڕۆژنامەوانیین، نەک تەنها لە ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەیەک یان لە دەرنەکردنی کارتی ڕۆژنامەوانی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسانی تونس، کە نوێنەرایەتی ناسنامەی ڕاستەقینەییان دەکات، بەڵکو فەرمانی بەدناوی ژمارە ٥٤ هێشتا کاری پێدەکرێت، هەروەک فەرمانی ژمارە ١٩ کە ڕێگری لە کاری ڕۆژنامەنووسان دەکات و ڕێگری دەکات لە دەستگەیشتنیان بە زانیاری و گۆشەگیرکردنیان لە دەرکردنی لێدوانی ڕەسمی.

 

جیهان لواتی، دووپاتی کردەوە، هەموو ئەوانەی سەرەوە دەکەونە چوارچێوەی تێکدانی کاری ڕۆژنامەوانی و ئەوەی دەستوور لەخۆی دەگرێت لە ڕووی ئازادی ڕادەربڕین و مافی هاوڵاتی بۆ زانیاری، وە لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکاندا، ئەو ڕۆژنامەنووسە تونسییە خاوەنی ناسنامەیەکی ڕۆژنامەوانی نابێت و ناتوانێت دەستی بە زانیارییە ڕاستەقینەکان بگات.

 

''جەختکردنەوە لەسەر گرنگی یەکگرتووی''

 سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس، لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەستەی بەڕێوبەریدا هەڕەشەی مانگرتنی گشتی کرد، ئەویش بەهۆی ئەو مەترسییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی پیشەکە دەبنەوە، کە بریتین لە بارودۆخی ناجێگیری کارکردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەردوو میدیای گشتی و تایبەتیدا، هەروەها سەختی ئابووری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تایبەتی و نەبوونی کارتی ڕۆژنامەوانی پیشەیی.

 

سەبارەت بە گرنگی یەکڕیزی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەدا، یەکێتییەکە ڕایگەیاندووە، دەمانەوێت جەخت لەسەر هاوکارانمان بکەینەوە کە یەکڕیزی ڕۆژنامەوانی تاکە چارەسەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی پیشەکە دەبێتەوە، جا پەیوەندی بە ئازادیی و پرسە ئابوورییەکان و تەنانەت دەستڕاگەیشتنمان بە زانیارییەکانی پێویست بۆ نووسینی بابەتی گێڕانەوە بە بۆچوونی گشتیەوە هەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەندیکاکە پاڵپشتی یاسایی لەلایەن پارێزەرەکانیەوە پێشکەش بە سەرجەم ئەندامەکانی دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات خۆیان لە خۆسانسۆڕکردن و ترسی فەرمانی ٥٤ بەدوور بگرن، هەروەها ئازادی ڕۆژنامەگەری و کاری کۆمەڵایەتی چاکەیەک نییە لەلایەن دەسەڵاتداران، بەڵکو مافێکی سروشتییە کە بە دەستوور و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەرکراوە کە حکومەتی تونس واژوی کردووە، لەگەڵیشیدا بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەڕێوبردن و دادوەری و ئاسایشییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی حسابەکان لەگەڵ میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی، لادانێکی ڕاستەقینەیە لە بنەماکانی حوکمڕانی.

 

جیهان لواتی، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، ڕۆژنامەنووسانی برسی بێدەنگی لە دەنگیان ناکەن، بەڵکو برسێتی خۆیان دەکەنە سووتەمەنی بۆ ئەو ئاگرەی تاریکی ڕووناک دەکاتەوە و بێواتاییەکان دەسوتێنێت، هەر پارچەیەک لە دەمیان وەربگیرێت وشەیەکی تیژتر لە شمشێر لەدایک دەکات، وە هەر موچەیەکی ڕاگیراو دەبێتە هاوارێک کە لە گوێی ستەمکاردا دەنگ دەداتەوە، بۆیە بە برسێتی دەم بێدەنگ ناکەن، بەڵکو جیهان فێر دەکەن کە ڕاستی لە خۆڵەمێشەوە لەدایک دەبێت.