چالاکوانانی تونس: بێدەنگی پشتگیری لە توندوتیژی دەکات بێدەنگ مەبن

چالاکوانان پێیانوایە توندوتیژی تەنها توندوتیژی زیاتر بەخێو دەکات و بێدەنگی یەکێکە لە شێوازە کاریگەرەکان بۆ هاندانی توندوتیژی زیاتر و خراپ بەکارهێنانی قوربانیەکە، هۆشدارییان دا لە دابەزینی بانگەشە و هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنی.

زهور مەشرقی

 

تونس- سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی یاسا و ڕێساکان کە بۆ پاراستنی ژنان دانراون، کە بەرهەمی خەباتێکی درێژخایەنی ژنان دەنوێنن کە لە پێش سەربەخۆییەوە تا ئەمڕۆش درێژەی کێشاوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان، بۆ ژیانێکی سەلامەت دوور لە توندوتیژی و دەستدرێژی، ئەزمونی تونس نیشانی دەدات کە ڕێوشوێنی یاسای بەتەنها بەس نییە، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت بە ئەزمونی وڵاتانی تری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

چارەسەری کاریگەر جگە لە یاسادانان پێویستی بە هۆشیاری قوڵ و هەوڵی پەروەردەی هەیە، ئەمەش لە دەوڵەتەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی چەمکەکانی یەکسانی و ڕێزگرتن لە پرۆگرامەکانی پەروەردەدا، و درێژدەبێتەوە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، کە چەندین ڕۆڵی هەیە، لەوانە پەروەردە، ئامۆژگاری، هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن، جگە لەوەش بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەرکێک نییە کە لە شەوێکدا بە ئەنجام بگات، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە پێویستی بە ستراتیژییەکی باش بیرکراوە و ئیرادەی ڕاستەقینە و سەرچاوەی ئەخلاقی و ماددی و لۆژستیکی پێویست هەیە بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییە خوازراوەکە.

 

"شکاندنی بێدەنگی ژنان"

لەمیا سینینی، چالاکوانی ژنان پێی وایە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەبێت لە خودی ژنانەوە دەست پێبکات، چونکە ئەوان ئەو لایەنانەن کە ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژییە دەبنەوە بە شێوە جۆراوجۆرەکانی لە ژیانی تایبەتی و گشتیدا، جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاری هاوبەشی نێوان ژنان دەکاتەوە، بەو پێیەی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە شکاندنی بێدەنگی و هۆشداریدان لە مەترسییەکانی، هەروەها پەیوەندی نێوان ژنان خێراتر و کاریگەرترە.

 

ئاماژەی بەوەدا کە بێدەنگی لەبەرامبەر توندوتیژیدا تەنها هاوکارییەکی نادیار نییە، بەڵکو فاکتەرێکی مەترسیدارە کە یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامی و شەرعییەتێکی نادیار بە توندوتیژی دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لە زیانگەیاندن بە قوربانیەکە، ئەمەش شکاندنی ئەم بێدەنگیە دەکاتە هەنگاوێکی بنەڕەتی لەبەردەم بەرهەڵستکاری و گۆڕانکاریدا.

 

ئەو پێی وایە، کۆمەڵگەی پیاوسالاری زۆرجار دەنگی ژنانی ئازاردراو پشتگوێ دەخات، تەنانەت بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانیان دەکات و بە جۆرێک لە دوورکەوتنەوە لە پیاوان دەزانێت، هەرچەندە توندوتیژی هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و یاسایی نییە، ئەو ڕەخنە لەم مەیلە کۆمەڵایەتییە دەگرێت کە بەدوای هۆکاردا دەگەڕێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی و پێدانی شەرعیەتی ناڕاستەوخۆی توندوتیژی، کە بەشداری کردوە لە زیادبوونی ڕێژەکانی لە ساڵانی ڕابردودا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە کاتی ئەوە هاتوە ژنان پێشەنگایەتی بکەن و ڕۆڵی کارا بگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە هەموو شێوەکانییەوە، کە ئەمەش دەتوانرێت بە بەکارهێنانی ڕاگەیاندنی مۆدێرن بە تایبەتی پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پێدانی زانیاری کە زۆرێک لە ژنان کەمیان هەیە بەدەستبهێنرێت، جەختی لەسەر پێویستی هۆشداریدان لە مەترسییەکانی بێدەنگی کردەوە، چونکە یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی سووتەمەنی توندوتیژی، هەروەها جەختی لە گرنگی بونیادنانی تۆڕی هاوپشتی ژنان کردەوە کە هەستی ئاسایش و پشتیوانی هاوبەش دروست دەکات.

 

"لە هۆشیاری دیجیتاڵییەوە بۆ چالاکی مەیدانی"

لەمیا سینینی ئاماژەی بەوەدا: کە نەوەی نوێی ژنانی گەنج بەرپرسیارێتییەکی بەرچاویان لە ئەستۆدایە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و ژنانی گەنج، بەتایبەتی کە خاوەنی ئامرازەکانی پەیوەندی مۆدێرنن وەک ئینتەرنێت، کە وایان لێدەکات بە ئاسانی و کاریگەرانە بگەنە گروپە جیاوازەکان، هەروەها ئەم ڕۆڵە تەنها لە هۆشیاری نەریتیدا سنووردار نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازەکانی توندوتیژی شاراوەش لەخۆدەگرێت کە بە شێوەیەکی ورد ئەنجام دەدرێن و دەستنیشانکردنیان ئەستەمە.

 

هۆشداریشیدا لە بەرامبەر ئەو شتەی کە بە "توندوتیژی نەرم" ناسراوە، کە خۆی لە پشت ئەو وشانە دەشارێتەوە کە بۆ ژنانی گەنج ئاسای یان سۆزدار دەردەکەون، بەڵام هەڵگری زیانێکی قوڵی دەروونییە کە دەبێتە هۆی خەمۆکی یان تەنانەت خۆکوشتن، ئەم جۆرە توندوتیژییە بە چاوی ڕووت نابینرێت، بەڵام هەستی پێدەکرێت، هەندێک جار لە ژێر ناوی وەک "خۆشەویستی یان سەرسامی" وەرگیراوە، دواتر شێوەی هەراسانکردن یان پەیوەندی خەیاڵی دەگرێتەبەر کە وردە وردە ژنانی گەنج ڕادەکێشێتە ناوەوە.

 

جەختی لە پێویستی شکاندنی بێدەنگی سەبارەت بەم شێوازانە کردەوە، کە یاساکە بۆ پاراستنی ژنان لەم جۆرە پێشێلکاریانە بوونی هەیە، بەڵام هۆشیاری و هاودەنگی وەک هێڵی یەکەمی بەرگری دەمێنێتەوە و ئەو توندوتیژییە ناتوانرێت بە دژە توندوتیژی وەڵام بدرێتەوە، بەڵکو بە ڕێگەی یاسای، بە پەنابردن بۆ دەسەڵاتی دادوەری و لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکار لەبەردەم دادگاکاندا، هەروەها داواکاریکردن ڕێگایەکە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکان و شکاندنی ئەو سووڕی تۆقاندنەی کە دەتوانێت قوربانییەکە ناچار بکات بێدەنگ بێت و لە حاڵەتی بێدەسەڵاتی و ترسدا بمێنێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە بێدەنگی و ترس مەترسیدارترین لایەنن کە مرۆڤ لە حاڵەتەکانی توندوتیژیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوان نەک هەر ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری دەکەن، بەڵکو هەڕەشە لە کەرامەت دەکەن و خۆشگوزەرانی دەروونیش تێکدەدەن، جەختی لەسەر پێویستی پەنابردنە بەر دەسەڵاتی دادوەری کردەوە، وتی: کەبێدەنگی و ترس دوژمنی ژیانن و بەسە بۆ لەناوبردنی مرۆڤ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بە هۆشیاری تیۆری سنووردار نییە، بەڵکو بۆ ئەو بوارە درێژ دەبێتەوە و ئاماژەی بە ئەزمونی ژنانی جووتیاری کرد لە پارێزگای قەیروان کە لەوێ کۆبونەوەی هۆشیاری سەبارەت بە یەکسانی موچە و مافە ئابوورییەکان رێکخرابوو، بەتایبەتی کە ژنان هەمان ژمارەی کاتژمێرەکانی پیاوان کار دەکەن، پاش بەدەستهێنانی مافەکانیان دەنگیان بەرزکردەوە و شۆڕش و مانگرتنێکی یەک ڕۆژەیان ئەنجامدا و لەو ماوەیەدا سەرکەوتو بوون لە زیادکردنی موچە لە خاوەنکارەکانیان.

"ژنانی گەنج ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

سەحەر دەحمان، چالاکوانی ژنی گەنج ڕوونی کردەوە، کە بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی تا ڕادەیەکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی ژنانی گەنج، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنای ئەو پێشێلکارییە فرەییانەی کە ژنان و ژنانی گەنج لەلایەن ئەکتەرە جیاوازەکانەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنانی گەنج لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن، دەست درێژکردن بۆ ژنانی ئازاردراو بۆ ئەوەی سەرەتا هاوسۆزییان لەگەڵدا دەرببڕن، دواتر هانیان بدەن بۆ شکاندنی بێدەنگی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە هەردوو شوێنی گشتی و تایبەتدا.

 

جەختی لەسەر پێویستی پەروەردەکردنی ژنان سەبارەت بە یاسای ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کردووەتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێکارە یاساییانە تێبگەن کە لەبەردەستیاندان لە ئەگەری هەموو جۆرە توندوتیژییەکدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە توندوتیژی چیتر بەزەی بە کەس نادات، بەڵکو تەنانەت کاریگەری لەسەر ژنانی ئەکادیمی هەبووە، کە بە بەشێک لە نوخبەی کۆمەڵگە دادەنرێن، ئەمەش وا دەکات کە ڕاپۆرتکردن ئەرکێک بێت کە ناتوانرێت بە سوکی وەربگیرێت، چونکە بە وتەی ئەو بێدەنگی مەترسیدارترین هاوپەیمانی دەستدرێژیکارە، داوای کرد کە لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاراستەی لێکۆڵینەوە لە دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان بکەن، لەوانەش کوشتن و ئاشکراکردنی ڕاستییە شاراوەکانی ئەم ڕاستیە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و قوڵەوە کە ڕۆشنای دەخاتە سەر لایەنە چاوپۆشیکراوەکانی ئەم بەڵایە.