"بەلاڕێدابردنی کەیسەکانی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەردەوامە"

ئەشواق نەجیب، پارێزەری ڕاوێژکار دەڵێت: کاتێک کەیسەکان دەگەنە دادگا باش دەبێت، چونکە زۆر داوامان هەیە پێش ئەوەی بگاتە دادگا بەلاڕێدابراوە.

هێرۆ عەلی
 
سلێمانی-
لە کۆمەڵگە پیاوسالارییەکاندا توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە، بەشێکی زۆریش لە کەیسەکانی تایبەت بە کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەستوەردانی کەسانی دەستڕۆیشتووی حزبی و حکومیی لە کاروباری دادگاکاندا یەکلایی ناکرینەوە، زۆرجاریش لە ڕێگای سوڵحی عەشایەرییەوە بەلاڕێدا دەبڕێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان دەبێت، ئەمەش بە هۆکارێکی بەردەوامبوونی تاوان و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ژنان دادەنرێت، لەم بارەیەشەوە ئەشواق نەجیب، پارێزەری ڕاوێژکار، بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
 
"ژن هەبووە هاتوچۆکردنی بۆلای خێزانەکەی لێقەدەغەکراوە"
ئەشواق نەجیب، پارێزەری ڕاوێژکار، ئاماژەی بە توندوتیژی دژی ژنان کرد، وتی: یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١مان هەیە کە تایبەتە بە توندوتیژی خێزانی و ژنان، کە لەم چەند ساڵەدا وابڕیاربوو هەمواربکرێتەوە، چونکە زیاتر لە ١٠ ساڵە هەیە، بەڵام بەداخەوە زۆرجارمامۆستای زانکۆ یان حاکم هەبوە وتویانە ئەم یاسایە هەڵەیە یان پێویست نیە، لەبەرئەوەی لە جێگرەوەی ئەودا یاسای سزادانی عێراقمان هەیە کە باسی ژنان دەکات، بەڵام کاتێک کەسەیری وردەکاری ناو یاساکە دەکرێت هێشتا بۆشایی یاسایی هەیە، تەنانەت زۆرجار ژن هەبوە هاتوچۆکردنی بۆلای خێزانەکەی لێقەدەغەکراوە، جاری واشهەبوە ئەندامانی خێزانی هاوسەرەکەی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامداوە، ئەمانە هەمووی جاران هەبوە، بەڵام ئێستا بەهۆی یاسای توندوتیژی بەرامبەر ژنان و ئەو هۆشیاریەی کە لەناو خەڵک و خێزانەکاندا هەیە، بەتایبەتیش لەناو تاکەکاندا کە لەئێستادا هۆشیاریان زیادیکردوە، بارودۆخەکە باشتربوە، بەجۆرێک کە دایک و باوک ناتوانن ڕێگری لە ژنە گەنجەکەیان بکەن کە نەخوێنێت، بەتایبەتی بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات و جۆری ئەوکارەی کەدەیەوێت ئەنجامیبدات، بێگومان هەموو ئەمانە دژەکەی توندوتیژیە.

"لەهەموو وڵاتێکدا پەروەردە ئینجا فێرکردنە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا نە فێرکردنەکەماوە نە پەروەردەکە"
ئەم پارێزەرە، وتی: نەوەی ئێستا لەتەمەنیکیدا کەمدا هاوسەرگیری دەکەن، کەیسمان هەیە کە موالید ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨تن هاوسەرگیریان کردوە و منداڵیان هەیە، دەبیبین دوای منداڵبونەکەش کێشەی خێزانیان هەیە و کێشەکەیان لە ناو دادگادایە، هەروەها موالید ٢٠٠٤مان هەیە دوو منداڵی هەیە و کێشەی خێزانی هەیە، لەکاتێکدا ئەم تەمەنانە سەرەتایی ژیانیانە کە بەشێکیان تازە خوێندنیان تەواوکردوە و دەبێت بناغەیەک بۆ ژیانیان دابنێن، بەڵام دەبینین هاوسەرگیری کردوە و منداڵیشی هەیە و کێشەی خێزانیشی هەیە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم نەوەی ئێستا ترسێکی زۆری لەسەرە، نزیکە ١٠ساڵە خێزانەکان منداڵەکانینان واپەروەردە ناکەن کە کاتێک هاوسەرگیری دەکەن یەکسەر منداڵیان نەبێت، چونکە ژنە گەنجەکە خۆی هێستا منداڵە کە هاوسەرگیری پێکراوە بۆیە بانەهێڵدرێت لەسەرەتای پرۆسەکەدا منداڵی ببێت، بەڵکو بە پرۆگرام و بەرنامە منداڵی ببێت، چونکە دەبینین هێشتا لەیەکتری تێنەگەیشتون کەچی دوومنداڵیان هەیە، بۆیە کاتێک کە کێشەی خێزانی دروست دەبێت کاریگەریەکانی بۆ منداڵەکان زیاترە، هەروەها لەهەموو وڵاتێکدا پەروەردە ئینجا فێرکردنە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا نە فێرکردنەکەماوە نە پەروەردەکە.
 
"خەڵک هۆشیاربۆتەوە لەوەی توندوتیژی بە رامبەر نەکرێت"
ڕاشیگەیاند: خەڵک هۆشیاربۆتەوە لەوەی توندوتیژی بە رامبەر نەکرێت، بەڵام کاتێک دەیەوێت لەڕێگەی دادگاوە مافەکانی دەست بکەوێت ترسی دەبێت، چونکە کاتێک داوایەک لەسەرکەسێک بەرزدەکرێتەوە بۆ سەلماندنی قسەکان پێویستمان بە شایەتە، هەروەها زۆرکات هاوسەران ئەوەندەی لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان کێشەیان هەبوە و موناقەشەیان کردوە ئەوەندە لە ڕووبەڕودا قسەیان نەکردوە، ئەمەش وادەکات کێشەکان زیاتربێت، بۆیە من دەڵێم ئەگەر بە ئامادەکاری بچیەتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە ئەوا لە ٦٠٪ بۆ ٧٠٪ ئەگەری سەرکەوتنی هەیە.
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، وتی: سەبارەت بەو کەیسانەی کە ترسی بەلاڕێدابردنیان هەیە، ئەوا زۆرجار ئەو کەیسانەن کە ناگەن بە دەستی پارێزە و دادگا، هەروەها چەندین کەیس هەبوە ئێمە وەکو ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان چوینەتە بەردەم ماڵی خێزانی ژنە کوژراوەکە و وتومانە ئێمە پارێزەرین و خۆبەخشانە کەیسەکە دەگرینە ئەستۆ و پشتگیریتان دەکەین، بەڵام هەر ئامادەنەبون سکاڵابکەن، بەداخەوە چەندین کەیسمان هەیە کە دایک و باوکەکە پشتگیری ژنە گەنجەکەیان نەکردوە یان لەلایەن کەسوکاری دایک و باوکیەوە کوژراوە، هەروەها کەیسمان هەبوە دایکەکە دەیتوانی سکاڵاکاربێت لەسەر کوشتنی ژنە گەنجەکەی بەڵام لە ترسا ئامادەیی نەبوە سکاڵا بکات، ئەویش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە جا هۆکارەکە ئەوەبوبێت کەسی ئەنجامدەری تاوانەکە کەسێکی دەسەڵاتداربوە یان ئەوەتا هەڕەشی لە دایکەکە و منداڵەکانی تریکردوە، بەداخەوە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت هیچ کارێک بکرێت.
 
"کاتێک کەیسەکان دەگەنە دادگا باش دەبێت، چونکە زۆر داوامان هەیە پێش ئەوەی بگاتە دادگا بەلاڕێدابراوە"
ئەشواق نەجیب، پارێزەری ڕاوێژکار، ئاماژەی بەوەدا: کاتێک کەیسەکان دەگەنە دادگا باش دەبێت، چونکە زۆر داوامان هەیە پێش ئەوەی بگاتە دادگا بەلاڕێدابراوە، بەوەی هەڕەشە لە خۆی یان خێزانەکەی کراوە، هەروەها زۆر جار ژنە گەنجەکە ناچار بە خۆخنکاندن یان جۆرێک لە جۆرەکانی خۆکوشتن کراوە، دواتریش کۆمەڵێک پڕوپاگەندەیان بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەی بەلاڕێداببرێت، بۆیە لە خێزانەکانیشدا بەلاڕێدابردنی پرسی کوشتنی ژنە گەنجەکانیان هەیە، لەم بارەیەشەوە قسەیەک هەیە دەڵێت کوڕ ئەگەر بشکوژرێت کەس ناڵێت لەسەر شەرەف بووە، بەڵام ئەگەرژنێکی گەنج لەسەر مافی خۆشی بکوژرێت دەڵێن لەسەر ڕەوشتە، بۆیە لەسەر دەسەڵاتە کەئەمە چارەسەربکات، چونکە یاسا سەروەرە، بۆیە نابێت بهێڵرێت کاتێک کەیسێک دێتە ناو دادگاوە بەلاڕێداببرێت.
 
"لەئێستادا زۆربەی ئەوانەی تاوانیان بەرامبەردەکرێت وەکو تاوانبارێک سەیردەکرێن"
لەدرێژەی قسەکانیدا، ڕایگەیاند: بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنێکی گەنج ئەترسیت لەوەی سکاڵا تۆماربکات، چونکە دواتر کاریگەری لەسەر ئەندامانی تری خێزانەکەی دەبێت، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە تێکەڵە، هەروەها لەئێستادا چەند لاپەڕەیەکی فەرمی ئاسایش هەیە کە تایبەتن بە کێشەکانی ژنان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش زۆر کێشەی چارەسەرکردوە، بۆیە ئەگەر ژنە گەنجەکە نەترسێت ئەوا کەیسەکەی دەبرێتە دادگا، چونکە زۆرجار بۆهۆی کەسێکی دەستڕۆشتوو یان لە ترسی خێزانەکەی و لەدەستدانی کارەکەی سکاڵاناکات، بۆیە کاتێک سکاڵا تۆماردەکرێت نابێت لە تۆمەتبار خۆشببیت، چونکە کاتێک لێیخۆشدەبیت ڕەنگە هەمان تاوان بەرامبەر کەسانی دیکە ئەنجام بداتەوە، ئەمەش وادەکات تاوان زۆر زیاد بکات، بەداخەوە لەئێستادا زۆربەی ئەوانەی تاوانیان بەرامبەردەکرێت وەکو تاوانبارێک سەیردەکرێن.
 
"زۆر تاوان هەیە کە ئێمە بەرامبەر منداڵی خۆمان دەیکەین و نازانین کە تاوانە"
لەکۆتایی قسەکانیدا، وتی: زۆر تاوان هەیە کە ئێمە بەرامبەر منداڵی خۆمان دەیکەین و نازانین کە تاوانە، چونکە زۆرجار دەوترێت ئەمە کوڕە دەستەمۆی مەکە، هەروەها وافێرکراوە هەرکەسێک ئازاری بدات وەڵامی بداتەوە بەڵام بۆ کچە گەنجەکەمان وانین، بۆیە دەبێت بۆ کچە گەنجەکانیشمان وابین، کاتێک فێری منداڵەکەت دەکەیت کە بەبێ مۆڵەت ناتوانیت باوەشێکی پێدابکەیت ئاواش فێردەبێت کە لەدەرەوە ڕێگەنەدا دراوسێ یان خزم و بێگانە باوەشی پێدابکەن، چونکە تۆ وافێری دەکەیت ئەو جەستە جەستەی خۆیەتی دەبێت بزانێت چۆن دەیپارێزێت، ئەمەش وادەکات خۆیبپارێزێت لەوەی تاوانت بەرامبەری بکرێت، ئەگەر تاوانیشی بەرامبەر بکرێت ئەوا لەمافی خۆی خۆشنابێت و لەسکاڵاکەی پەشیمان نابێتەوە.