بەهۆی هەژاری و داب و نەریتەوە کچانی گوندنشینی قەسرین لە مافی خوێندنیان بێبەش دەکرێن
لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای قەسرین خوێندنی ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، زۆرێک لە دایک و باوکان ناچارن خوێندنی کوڕان پەسەند بکەن نەک کچەکانیان.

ئیخلاس حەمرونی
تونس-لە گوندەکانی پارێزگای قەسرین خوێندکارانی کچ ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، کە ڕێگرە لە گەشتی خوێندنیان، چونکە هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری جوگرافییەکان تێکەڵ دەبن، تیشک دەخاتە سەر مافی خوێندنی کچان ، هەژاری و خراپی ژێرخانی ئابووری کە وایکردووە زۆربەیان زوو واز لە خوێندن بهێنن.
شەزە دەخیلی ماموستای یەکێک لە خوێندنگەکان، جەختی لەوە کردەوە کە کچانی گوند ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە، کاریگەری لە سەر بەردەوامییان لە خوێندن هەیە ،یان دەبێتە هۆی پچڕانیان، ئەم بەربەستانە لە نێوان فاکتەرە کۆمەڵایەتی، ئابووری و جوگرافیەکاندا جیاوازن. دابونەریت ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی داهاتووی کچان لە گوندەکاندا، هەندێک خێزان هەن پێیان باشترە پەروەردەی کچان تەنیا بە زانینی بنەماکانی خوێندنەوە و نووسین سنووردار بکرێت، پاشان واز لە خوێندن بهێنن، بۆ ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ کاری لەوەڕاندنی مەڕ یان هاوسەرگیری، لە تەمەنی ١٥ بۆ ١٦ ساڵ تێپەڕ نەکات، هەندێک لە خوێندکارەکانی بۆی دەدوێن کە هاوپۆلەکانیان لە تەمەنێکی گەنجتردا هاوسەرگیریان کردووە، ئەویش تەمەنی ١٣ ب٠ ١٤ ساڵییە.
"پێیانوایە هاوسەرگیری زوو چارەنووسی سروشتی منداڵی کچە"
ڕوونیکردەوە کە هۆکارە ئابوورییەکان بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن، قوتابیان لە قوتابخانە گوندنشینەکان بەدەست بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، هەندێکیان سەرەڕای سەرما بە پێڵاو و جلوبەرگی نەگونجاو لە گەڵ کەش و هەوا دەچنە قوتابخانە، وتی: ئەمە زۆربەی دایک و باوکان ناچارن دەکات بڕیاری قورس بدەن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان دابین بکەن لەوەی پێداویستی قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان بکڕن، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە دیارانەی کە وادەکات زۆربەی منداڵە کچەکان خوێندنیان کۆتای پێبێت، هەندێک کچ ناچار دەبن قوتابخانە بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی یارمەتی بژێوی خێزانەکانیان بدەن ، پەنا دەبەنە بەر کارکردن لە دروێنەکردنی تەماتە یان کۆکردنەوەی زەیتوون، ئاماژەی بەوەشکرد کە فاکتەری جوگرافی یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان ، هەندێک کچ لە ٨ بۆ ١٠ کیلۆمەتر لە قوتابخانەوە دەژین ، ڕۆژانە ناچار دەبن مەودایەکی دوور بەپێ بڕۆن ئەمەش دایک و باوکان نیگەران دەکات، ناچاریان دەکات لە ترسی سەلامەتی کچەکانیان ڕێگری بکەن لە چوونە قوتابخانە.
ئاماژەی بەوەشدا، شایەتی ئازاری قوتابیانە بەهۆی قەرەباڵغی پاسە کانی خوێندنگە، هاتوچۆ مەترسیدار و ناسەلامەت دەکات، بەتایبەتی ئەو ڕێگایانەی قیرتاونەکراون ،لە زستاندا بەخێرایی دەبنە ڕێڕەوی قوڕاوی کە ڕێگرە لە گەیشتنی قوتابیان بۆ قوتابخانەکانیان.
فادیلە ئەلجەمعی مامۆستا ،جەختی لەوە کردەوە کە نەبوونی هۆشیاری لە گرنگی پەروەردە یەکێکە لە دیارترین بەربەستەکانی بەردەم کچانی گوندنشین، هەندێک دایک و باوک تێگەیشتنێکی هەڵەیان هەیە ، پێیان وایە گەر کچەکە درێژە بە خوێندن بدات و بچێتە شار ئەوا دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەم بیرکردنەوە نەریتییە ڕێگری لە زۆرێک لە کچان دەکات لە درێژەدان بە خوێندنیان ، بەتایبەتی کە هەندێک خێزان شوێنی کچەکە لە ماڵەوە یان لە لەوەڕاندنی مەڕ و کشتوکاڵ دەبینن، نەک لە قوتابخانە.
ڕوونیشیکردەوە کە هاوسەرگیری زوو بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم خوێندنی کچان ، چونکە زۆربەیان لە تەمەنی ١٧ یان ١٨ ساڵیدا هاوسەرگیری دەکەن ئەمەش کۆتایی بە پیشەی خوێندنیان دەهێنێت ، ئاماژەی بەوەشکرد کە بارودۆخی سەختی ئابووری لە گوندەکاندا ئەم دیاردەیە زیاد دەکات ، خێزانەکان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن وەک سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیان کە قورەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان ،لێدەکات خوێندنی کچان بکەنە قوربانی لە پێناو پەروەردەی کوڕان، بۆشایی پەروەردەیی نێوان ڕەگەزەکان قوڵتر دەکاتەوە و کچان لە مافە ڕەواکانیان بێبەش دەکات بۆ فێربوون.
مونیرە ڕەحمونی مامۆستای خاوەن ئەزموونی نزیکەی ٣٥ ساڵ لە بواری پەروەردە کە نزیکەی ٩ ساڵیش لە گوندەکاندا بەسەر بردوە ،لە ڕێگەی ئەزموونی دوورودرێژی خۆیەوە تێبینی ئەوەی کردووە کە ژنانێکی زۆر هەن هەوڵ دەدەن بۆ بەرگریکردن لە مافی خوێندن بۆ کچەکانیان ،سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختەی تێیدا دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناوچانە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنی تەکنیکی بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە یەکێک لە گوندەکان لەگەڵ خێزانێکی گەورەدا دەژیا، کە داپیرەکە بەرپرسی بەخێوکردنی منداڵەکان بوو، لەنێو ئەندامانی ئەو خێزانەدا کچێکی دە ساڵان هەبوو ،کە لە پۆلی چواری سەرەتایی وانەی دەخوێند، وازی لە خوێندن هێناوە، چونکە خێزانەکەی ویستوویانە لە تەمەنێکی زوودا بە هاوسەرگیری بدەن، هەرچەندە تەمەنی ١٢ ساڵ بوو وتی: هەوڵمدا یارمەتی کچەکە بدەم، بەڵام خێزانەکەی ناوچەی حەسی ئەلفەرید لە قەسرین، هەمیشە حەز دەکەن کچان لە تەمەنێکی زوودا بدەن بە هاوسەر گیری ،کە تەمەنی کچەکان لە ١٣ بۆ ١٥ ساڵیدا.
ئاماژەی بەوەدا کە کچێکی دیکەی خوێند کار بووە، لە بارودۆخێکی سەختی خێزانیدا دەژیا، تێیدا دایکەکە بژێوی سەرەکی منداڵە بچووکەکانی بووە ،بەهۆی جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی ناچار بووە چاودێری منداڵەکانی بکات. بۆتە هۆکاری مانەوەی لە ماڵەوە لەبری درێژەدان بە خوێندنە کەی ، وتیشی کە دواتر براکەی پێی ڕاگەیاندووە کچەکە بەهۆی بارودۆخە سەختەکەیەوە بە نایاسایی کۆچی کردووە بۆ ئیتاڵیا.
مونیرە ڕەحمونی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی کچان دەبنەوە لە گوندەکان زۆرن و ئاڵۆزن ،ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگا قیرتاونەکراوەکان ئاستەنگێکی گەورەن بۆ گەیشتن بە قوتابخانە، دەشڵێت دەبێت خۆی ٧ کیلۆمەتر ببڕێت بۆ گەیشتن بە قوتابخانەکەی کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە.
بارودۆخی قوتابخانەکان سەختە
مامۆستایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بارودۆخی قوتابخانەکان لە گوندەکان هانی پەروەردە نادات بەهۆی زۆری کەموکورتی و ئاستەنگەکانەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە ژێرخانی ئەم قوتابخانانە بەدەست کەمی کەرەستەی سەرەتاییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە مامۆستایان نەتوانن ئەرکی پەروەردەیی بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی پەروەردە هەیە.
مامۆستایان ڕوونیان کردەوە کە قوتابخانەکانی گوندەکان سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری وەک پرد، ئاودەست، ئاوی خواردنەوە و ڕێگای ناسەلامەتی کەمە. زۆرێک لە قوتابیان دەبێت ڕۆژانە ٢٦ کیلۆمەتر بە پێ ببڕن بۆ گەیشتن بە قوتابخانە و ڕووبەڕووی سەغلەتی گەورە دەبنەوە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە ڕێگاکان بەهۆی بارانێکی زۆرەوە دەبنە دۆڵ. لە هەندێک ناوچە ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویداوە ،کە لافاو منداڵانی لە ڕێگادا بۆ قوتابخانە بردووە و بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوون.
جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ناکرێت قسە لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ وەک (تابلێت) یان دیجیتاڵ بکرێت لەو قوتابخانانەدا، کە تەنانەت پەرژینێکیان نییە بۆ پاراستنیان. هەندێک لە مامۆستایان ئاماژەیان بەوە کردووە کە قوتابخانەکانیان پەرژین نەکراوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵەکان لەکاتی وانەکاندا بچنە ناوەوە، ئەمە مەترسی بۆ قوتابیان دروست دەکات و ڕێگری لە پرۆسەی فێربوون دەکات.
هەروەها ڕوونیان کردەوە کە ئامێری پێویست لەبەردەستدا نییە، چونکە زۆربەی قوتابخانەکان تۆڕی کارەبا و پەیوەندییان نییە، ئەمەش لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بواری پەروەردەدا جیایان دەکاتەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرنە ئەستۆی خۆیان بۆ باشترکردنی ئەم بارودۆخانە، چونکە پەروەردە تاکە ڕێگایە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا. ئەو منداڵەی ئەمڕۆ دەخوێنێت ئەو منداڵەیە کە مەشخەڵی داهاتوو هەڵدەگرێت و دەبێتە دکتۆر و مامۆستا یان ئەندازیار کە بەشداری لە بنیاتنانی وڵاتدا دەکات.
هەروەها ڕوونیانکردەوە کە کەلوپەلی پێویست لەبەردەستدا نییە، چونکە زۆربەی قوتابخانەکان کارەبا و تۆڕی پەیوەندییان نییە، ئەمەش لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بواری پەروەردەدا جیایان دەکاتەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرنە ئەستۆی خۆیان بۆ باشترکردنی ئەم بارودۆخانە، پەروەردە تاکە ڕێگایە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا. ئەو منداڵەی ئەمڕۆ دەخوێنێت ئەو کەسەیە کە مەشخەڵی داهاتوو هەڵدەگرێت، دەبێتە دکتۆر و مامۆستا یان ئەندازیار کە بەشداری لە بنیاتنانی وڵاتدا دەکات.
جەختیان لەوە کردەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە هاوخەباتی هەمووان هەیە، دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکان دەبێت پاڵپشتی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی قوتابخانەکان دابین بکەن، بەرزکردنەوەی کوالیتی پەروەردە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو وڵات دەبێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و باشترکردنی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی کۆمەڵگا، پەروەردەی کچانی گوند دەبێتە ژنێکی هۆشیار و ئازادی کەلتووری و کۆمەڵایەتی کە ئەم کەلتوورە بۆ منداڵەکانی دەگوازێتەوە،بەشداری دەکات لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی خوێندەوار کە توانای بنیاتنانی داهاتوو هەبێت.