ماراسۆنێك بۆ كچانی سنوری شارەدێی خورماڵ به‌ڕێوەچوو

نزیکەی ١٠٠ قوتابی کچ بەشداری ڕاکردنی ٥٠٠ مەتری بوون و ١٠ لە یەکەمینەکان ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت-CDO و به‌هه‌ماهه‌نگی ڕێكخراوی منداڵانی دێكانی كوردستان، ماراسۆنێك بۆ كچانی قوتابخانەکانی سنوری شارەدێیەکە ڕێکخرا.

 

لە ماراسۆنەکەدا نزیکەی ١٠٠ قوتابی کچ لە ١٠ قوتابخانەی سنوری شارەدێی خورماڵ بۆ ڕاکردنی ٥٠٠ مەتریی بەشداربوون.

 

 ته‌رزه‌ تارق، ئەندامی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت باسی لەوەکرد، وەک ڕێکخراوەکەیان پاڵپشتی هەموو جۆرە چالاکییەکانی تایبەت بە ژنان و گه‌نجان و منداڵان دەکەن، وتیشی: لە ماراسۆنەکەدا کە تایبەتە بە سنوری خورماڵ نزیکەی سەد کچ بەشدارییان تێداکردووە و ئامانجمانە گرنگی زیاتر بە وەرزش بدەین لە هەر جۆرە پرۆژەیەک کە لە دەرەوەی شار بێت.

 

منداڵانی کچ بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری ماراسۆنەکە بوون، قوتابخانەی شیرەمەڕ یەکێک بوون لەو قوتابخانانەی کە بەشدارییان کردووە، سومەیە فاروق، مامۆستای وەرزشی قوتابخانەکە، وتی: ئامانجی بەشداریکردنمان زیاتر هاندان و گرنگی پێدانی وەرزشە لەلایەن منداڵەوە، تا ئارەزووی وەرزشیان لەلا دروستببێت.

 

لە کۆتاییدا ١٠ یەکەمینەکان هەڵبژێردرا و ڕێزلێنان بەخشرایە وەرزشکارە یەکەمەکان.