عابدە میهرزاد: نە ڕۆشتم، تا بمێنمەوە و خزمەتی گەلەکەم بکەم

عابدە میهرزاد، ئەندامێکی ژنی تیپی خلیسکێنەی ئەفغانستانە، سەرەڕای هەڕەشە ئەمنییەکان، بەڵام لە وڵاتدا مایەوە و دەڵێت: نەمدەویست بڕۆم چونکە وڵاتەکەم زیاتر پێویستی بە منە.

کابول

 

دووبارە دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لەسەر شانی گەلی ئازارچێشتوو لە ئەفغانستان، بەشێکە لە پلانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هەرچەندە تاڵیبان مامەڵە دەکەن و وا خۆیان نیشان دەدەن کە سەربەخۆن، بەڵام هەر هەفتەیەک ٤٠ ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت لەلایەن ئەمریکاوە.

 

ئامانجی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پڕۆسەی کۆچبەریدا، ڕزگارکردنی ئەفغانییەکان نییە کە لە مەترسیدان، بەڵکو خزمەتکردنە بە سیاسەتە درێژخایەنەکانیان. بەڵام گەلی ئەفغانی بەشێکی زۆریان سەرەڕای هەڕەشە ئەمنییەکان لە وڵاتدا ماونەتەوە و دەیانەوێت کار بۆ گەل و خاکەکەیان بکەن. زۆربەی ژنە ئەندامانی تیمی خلیسکێنە لە کاتی پڕۆسەی چۆڵکردنی وڵاتدا گواسترانەوە دەرەوەی وڵات، بەڵام عابدە میهرزاد، یەکێک لە ژنە وەرزشوانەکانی پێی باشتر بوو لە ئەفغانستان بمێنێتەوە.

 

عابدە دەڵێت: نەمدەویست بچمە دەرەوە، چونکە وڵاتەکەم زیاتر پێویستی بە منە و دەمەوێت درێژە بە وەرزشەکانم بدەم، ئەو تەمەنی ١٦ ساڵە و لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە سەرقاڵی یاری خلیسکان بووە، ئەندامی تیپی نیشتمانی خلیسکێنەی سەر بەفرە و بەشداری پێشبڕکێ ناوخۆییەکانی کردووە و خاوەنی چەندین بڕوانامە و مەدالیایە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: من گەنجم، دەتوانم بە وەرزش و چالاکیی زیاتر خزمەت بە گەلەکەم بکەم، ئێمە بە دەسەڵاتی تاڵیبان، خوێندن و وەرزش و ئامانج و هاوڕێکانمان لەدەستدا، دەمەوێت وەرزش بکەم و لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەکەم بمێنمەوە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەم لەم نەهامەتییە ڕزگار بکەم.

 

بەپێی قسەکانی عابدە، زۆربەی ژنانی وەرزشوانی خلیسکێنەی سەر بەفر گوازراونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام زۆربەی کوڕەکان لە وڵاتانی وەک پاکستان و ئێران سەرگەردانن و هەموو هەوڵەکانیان ئەوەیە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی پێشکەوتوو.