ڕاهێنەر هێژوان کەمال بە وەرزش نەخۆش چارەسەر دەکات

سەرەڕای ئەوەی کولتووری پیاوسالاری زۆرجار وەرزش بە بوارێکی پیاوانە دەبینێت، بەڵام ژنان بە چەندین هۆکاری جیاجیا ڕوولە هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن و ڕاهێنەرەکان زۆر هاوکاریان دەبن، ڕاهێنەر هێژوان کەمال بە وەرزش نەخۆش چارەسەر دەکات و هاوکاری ژنان دەکات.

دێرین رەحیم

 

سلێمانی- لە رابردوودا ژنان بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری، تەنانەت ئەگەر توانای وەرزشییان هەبووایە، بەهۆی فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانەوە لە بەردەوامبوون لە وەرزش دووردەکەوتنەوە، بەڵام ژنان بەربەستەکانیان شکاندو ڕوو لە وەرزش دەکەن، لێرەدا وەرزش بۆ ژن تەنها پرسیاری تەندروستی نییە، بەڵکو پرسیاری ماف، ئازادی و دەسەڵاتی بڕیاردانیشە، لەم ساڵانەی دواییدا، بەشداری ژنان لە هۆلەکانی لەشجوانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، ئەم دیاردەیە تەنها ڕەنگدانەوەی ئارەزووی ژنان نییە بۆ وەرزش و پاراستنی تەندروستی، بەڵکو وەک ئامڕازێک بۆ شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینی توانای ژنان و بەرزکردنەوەی هۆشیارییان سەیر دەکرێت.

 

" ئێستا ژنان گرنگی زیاتر بە وەرزش و تەندروستیی خۆیان دەدەن"

هێژوان کەمال ڕاهێنەری وەرزش تەمەنی ٣٣ ساڵ قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، دەستپێکی وەرزشکردنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٠ساڵ لەمەوبەر  ماوەی پێنج ساڵە وەک ڕاهێنەر لەم بوارەدا کار دەکات وتی: بەشداری ژنان لە وەرزشدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووەو ئێستا ژنان گرنگی زیاتر بە وەرزش و تەندروستیی خۆیان دەدەن، لە کاتێکدا پێشتر ژنان بە ڕێژەیەکی کەم لە ناو جیهانی وەرزشدا دەبینران، من بەردەوام لەیاریەکاندا لەگەڵ ژناندام لەبەشی تێکەڵیش بەڕێژەیەکی زۆر ژنمان هەیە، خۆم  بەهۆی کێشەکانی قەڵەوی ڕووم لە دنیای وەرزش کردووە، دوای ئەوەی بە وەرزشکردن توانای دابەزاندنی کێشی خۆم بە شێوەیەکی باش بەدەستهێنا و سوودی زۆرم لەو بوارە بینی، بڕیارم دا ئەزموونی خۆم بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە بە تایبەتی ژنان بەکاربهێنم.

 

" وەرزش کردن ئاسودەیی دەروونیی بە ژنان دەبەخشێت"

وتیشی: بەردەوام لەهۆلەکانی لەشجوانی لەگەڵ ژناندام ئەو ژنانەیی دێنە ناو هۆڵی لەشجوانی زۆربەیان بۆ دابەزاندنی کێش و تەندروستی دێن، هەشمانە بۆ ڕێک کردنی جەستەیی دێت هەندێک لەژنان بۆ دورکەوتنەوە لەجەنجالی دەرەوەی هۆڵەکان دێن چونکە لەناو هۆڵەکاندا کاتێک دەستدەکەن بەوەرزش کردن ئاسودەیی دەروونیان پێدەبەخشێت ئەویش بەهۆر ڕشتنی کۆمەڵێک هۆڕمۆن و ئەنزیمە وایانلێدەکات بەرگەی زیاتریان هەبێت بەهۆی ئەو جەنجاڵیەیی هەیە لەژیانیان و ئەرکەکانی ڕۆژانەیان، بۆ بەدەستهێنانی سوودی وەرزش ژنان دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە نزیکەی ٤٥ خولەک وەرزش بکەن، بەڵام ماوە و جۆری وەرزش دەبێت لەگەڵ دۆخی تەندرووستی و توانای جەستەیی هەر کەسێک بگونجێت، تاکو بتوانێت بە شێوەیەکی دروست و بەردەوام بگات بەو ئامانجەی کە بۆ خۆی دیاری کردووە.

 

هێژوان کەمال وتی: هەفتانە بەبەردەوامی شەش ڕۆژ کاردەکەم لەهۆلەکانی لەشجوانی، ئەو کەسانەی ڕاهێنان دەکەن لەناو هۆلەکاندا دوو کاتژمێر بمێننەوە تەواوە بۆ وەرزش کردن، ناتوانین بڵێین بەشێوەیەکی گشتی لەکاتێکی دیاریکراودا کێشی کەسەکە دادەبەزێت چونکە جیناتی کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام لەدوو هەفتەی یەکەمدا هەست بە جیاوازی دەکات دواتر لەسێ مانگی یەکەمدا بەتەواویی لەشێکی باش دروست دەکات، خۆراک لەسەدا ٧٠پڕۆسەکەیە لەسەدا ٧٠ خۆراک وخەوە لەسەدا٣٠وەرزس کردنە، تا خۆراک ڕێک بەکرێتەوە ناتوانیت بگەیت بەو جەستەیەیی یان بەو کێشەی کە خۆت دەتەوێت، یاریزانمان هەیە بەهۆی نەخۆشیەوە پزیشکەکان دەیانێرنە هۆڵەکانی لەشجوانی ئەوانەی کێشەی چەوری جگەر و دڵ و گورچیلەیان هەیەو نەخۆشی شەکرە کەدەبێت بەپێ ڕۆشتنێکی زۆر ئەنجامبدات، نەخۆشی تریشمان زۆرە کە دێن بۆ هۆلەکانی لەشجوانی، بەپێی بەردەوامیان لەهۆڵەکانی لەشجوانی و پارێزکردن لەخواردن جیاوازی زۆر دەکەن، ئەو کەسانەیی دێنە بەردەممان، پابەند نابن بەڕینمایەکانی ئێمەوە وەرزش دەکەن بەڵام خۆراکیان ڕێک ناخەنەوە ئەمەش دەبیتە هۆی ئەوەی لەدوایدا خۆی تووشی نائومێدی دەبێت، چونکە کێش بە جێگیری دەمێنێتەوە یاخود ناگات بەو ئامانجەی هەیەتی.

 

"وەرزش دەبێت هۆی ڕێکبوونەوەی سوڕی مانگانە"

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو کەسانەی کە کێشەی کیسی هێلکەدان ودواکەوتنی سوڕی مانگانەیان هەیە، ئەو کەسانە دکتۆری ژنان زۆر دەنێرن بۆ لامان لەگەڵ کردنی وەرزشدا سوڕی خوێنیان چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی ڕێک بوونەوەی سوڕی مانگانە یان نەمانی کیسی هێلکەدان، یاخود ئەو کەسانەی فەقەراتیان هەیە بۆ یاری کردن کۆمەڵێک یاری هەیە نابێت بیکەن، دەبێت ئەو یاریانەی دەکەن پارێزگاری لەبڕبڕەی پشتیان بکات، پالبکەون یان زۆر یاری سکوات نەکەن، ئەمەش بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی ئەژنۆ و تەکەلوسی ئەژنۆیان هەیە یان سەوەفانی ئەژنۆیان هەیە بەهیچ جۆرێک نابێت ئەو یاریانە بکەن کە قاچیان بنووشتێتەوە، بۆ ژنانی دووگیان پێویستە لەدوایی سێ مانگی سەرەتایی دووگیانی وەرزش بکەن هەتا سەرەتایی لەدایکبوونی منداڵەکە، بەڵام بەبەکارنەهێنانی کێشی زۆر و تێکەڵکردنی یوگا و پلاتس لەیاریەکانیاندا هەروەها مەلەکردنی زۆر.

 

هێژوان کەمال لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە، نەهێڵن جەنجاڵی ژیان یان ئەرکەکانی ڕۆژانەیان و بوونی منداڵ لەژیانیان ببێتە هۆی ڕێگرتن لەوەی وەرزش بکەن و گرنگی بەجەستە و تەندروستی خۆیان بدەن، چونکە کردنی وەرزش بۆ ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر بەهێزیان بکات، کەبتوانن بەرگەی ئەو هەموو جەنجاڵیی و ئەرک و قورساییەی ژیان بگرن.