ژنانی سودان ئاهەنگی مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک دەگێڕن لە نێوان ئاستەنگ و نیگەرانییەکان

لە سودان، بەبۆنەی «تشرینی یەکەمی پەمەیی»، گرنگی دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا ململانێ دەستڕاگەیشتنی ژنان بە پشکنین و چارەسەر سنووردار کردووە.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، نەخۆشخانەی خەرتومی ئۆنکۆلۆژی ناسراو بە "زرە" کە دەکەوێتە دڵی پایتەختی سودان، ئاهەنگی مانگی تشرینی یەکەمی پەمەیی، مانگی جیهانی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک دەگێڕێت.

 

ئاهەنگەکەی ئەمساڵ دوای ئەوە دێت کە نەخۆشخانەی ئۆنکۆلۆژی خەرتوم لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا دەستی بە کارەکانی کردەوە، ئەمەش دوای ئەو زیانە بەرفراوانانەی کە لە کاتی شەڕەکەدا تووشی بوو، گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆڵی خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئۆنکۆلۆژی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک.

 

پزیشک ڕازیە جبریل جەختی لە پابەندبوونی نەخۆشخانەی خەرتومی شێرپەنجەی کردەوە بۆ پێشخستنی کولتووری خۆپاراستن و زوو دەستنیشانکردن لەنێو ژناندا، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە شێرپەنجە و خۆپاراستن لێی، وتی: نەخۆشخانەکە لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا چەندین بۆنەی سازکردووە بۆ یادی "تشرینی یەکەمی پەمەیی"، لەوانە هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر گرنگی پشکنینی خود و زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، هەروەها هاندانی پشکنینی بەردەوام.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنەوەی نەشتەرگەرییەکانی نەخۆشخانەکە دوای ململانێکان خۆشییەکی بێئەندازەی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک هێنا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لە کاتی داخستنی نەخۆشخانەکەدا ڕووبەڕوویان بووەوە، لەنێویاندا سەختی گەیشتن بە نەخۆشخانەکە بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ئەمنی و مرۆییەوە، لەکاتێکدا هەندێک لە نەخۆشەکان توانیویانە بەردەوام بن لە چارەسەرکردنیان و چاکبوونەوە بەدەستبهێنن، بەڵام زۆرێک لە نەخۆشەکان لە ئەنجامی ململانێکان تۆمارە پزیشکییەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش زیاتر ڕێگری لە توانای تەواوکردنی پلانەکانی چارەسەرکردنیان کردووە.

 

ڕازیە جبریل دووپاتی کردەوە، کە نەخۆشخانەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی پەمەییەوە ڕۆژانە لەنێوان ١٦ بۆ ١٧ حاڵەتی تووشبوون وەردەگرێت، لەوانەش چاوپێکەوتنی بەدواداچوون و پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک.

 

لە سەرەتاوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، نەخۆشخانەی ئۆنکۆلۆژی خەرتوم (زرە) ڕۆژانە دەرگاکانی خۆی کردەوە بۆ پێشوازیکردن لە ژنان و ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بێ بەرامبەر، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بە نەخۆشییەکە و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پشکنینی بەردەوام و تەندروستی ژنان.

 

ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە چالاکییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی پەمەیی و ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵە گرنگەیە کە نەخۆشخانەی ”زرە” لە چارەسەری ئۆنکۆلۆژی و هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک لە سودان دەیگێڕێت، سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی ململانێکانەوە سەپێنراوە.

 

ناهد فاروق، بەرپرسی بەشی چارەسەری تیشکی لە نەخۆشخانەی خەرتوم، ڕوونیکردەوە، نەخۆشخانەکە حەزی لە بوژاندنەوەی چالاکییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی پەمەیی بووە، دوای ڕاگرتنیان لە ماوەی ساڵانی ململانێکاندا، هەروەها گرنگیدان بەم بۆنەیە بە پابەندبوونێکی نوێ بە هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک، پێشخستنی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پێشکەشکردنی پشتگیری بەردەوام بۆ نەخۆشەکان زانی.

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێ لە سودان، توانای نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چارەسەری شێرپەنجە کەمیکردووە، زۆرێک لە ناوەندەکانی خەرتوم کارەکانیان وەستاندووەو هەندێکی دیکە لە هەندێک پارێزگا بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە توانای سنووردار، کە ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووانی شێرپەنجە لەنێویاندا ژنان، بێ بەشبن لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری بەردەوام، بەهۆی کەمی دەرمان و ئاوارەبوونی کارمەندانی پزیشکی.

 

عەبیدە ئادەم، کە لە تاقیگەی نەخۆشخانە کار دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە، کە زۆرێک لە ژنان سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن بۆ پشکنینی پێشوەختە، زۆرجار دڵەڕاوکێ و سترێسیان هەیە کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون.

 

ڕوونیکردەوە، کە کارمەندانی نەخۆشخانەکە حەز دەکەن ژنان دڵنیا بکەنەوە، هەروەها سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە مەرج نییە بەو واتایە بێت کە تووشی شێرپەنجە بوون، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بەرنامەکانی هۆشیاری تەندروستی لەناو کۆمەڵگەکاندا چڕتر بکەنەوە، پەروەردەکردنی ژنان سەبارەت بە گرنگی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک و پێویستی پشکنینی بەردەوام بێت.

 

https://youtu.be/lfwH_wKiSnw?si=qUkaaAQTnRmvX0kg