ناهۆشیاری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکی لە ژناندا زیادکردووە

نەبوونی سەنتەری پێویست بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە نەخۆشیەکە پەرەبسێنێت و چارەسەرکردنی ئاسان نەبێت، بە شێوەیەک تەنها لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٤٥٥ حاڵەت تۆمار کراون.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە، بە شێوەیەک لە ١٢ مانگی ساڵی ڕابردوودا ٥١٥ حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون، بۆ ئەمساڵیش تەنها لە ماوەی ١٠ مانگدا و تا بەرواری ١٨ی تشرینی یەکەم ٤٥٥ حاڵەت تۆمارکراون.

 

شێرپەنجەی مەمک، زیادبوونی خانەکانی شێرپەنجەیە لە لەشدا تا دەبێتە گرێ، دوو جۆری هەیە ئەگەر زووتر کۆنترۆڵ بکرێت چارەسەرکردنی ئاسانە، بەڵام ئەگەر پشتگوێ بخرێت لەلایەن نەخۆشەوە ئەوا تەنها لە مەمکدا نامێنێتەوە و زیاد دەکات بۆ ناوچەکانی تری لەش.

 

ژیان خەلیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک، ئاماژەی بەوەکرد، شێرپەنجەی مەمک چەند قۆناغێکی هەیە وەک قۆناغی، سفر و یەک، قۆناغی ٢ یان ٣ کە بە پێی لیمفە گرێکان دیاری دەکرێت، ئەمە کاتێکە کە خانە شیرپەنجەیەکان زیادبکەن بۆ لیمفە گرێکانی ژێر باڵ، قۆناغی ٤ خانە شێرپەنجەیەکان لە لیمفە گرێکانی ژێر باڵەوە بڵاو دەبنەوە بۆ مێشک، جگەر، سییەکان، ئێسقانەکان.

 

چارەسەری شێرپەنجەی مەمک

پزیشک ژیان دەڵێت: چارەسەری شێرپەنجەی مەمک بە پێی جۆر و قۆناغەکەی دەگۆڕێت ئەگەر هار بێت چارەسەری زیاتری پێوستە، تا لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بێت چارەسەرکردنی ئاسانترە، بە چەند شێوەیەک چارەسەر دەکرێت وەک، نەشتەرگەری، تیشک، چارەسەری کیمیای، چارەسەری هۆرمۆنی، چارەسەری بایەلۆجی، ژنان زیاتر لە دوو جۆریان دەترسن وەک بڕینەوەی مەمک و چارەسەری کیمیایی، بەڵام چەند زووتر پشکنین بکەن، ئەوا دوورتر دەبن لە بڕینەوەی مەمک و چارەسەری کیمیایی.

 

تەمەنی دیاریکراو نیە بۆ ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن، بەڵام باوترین تەمەن لە ٤٠ ساڵیدایە، چونکە ئەو کەسانەی کە تەمەن دەکەن ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە تیایاندا، هەموو ژنێکیش لە تەمەنی ١٨ بەرەو سەرەوە پێویستە هەموو مانگێک دوای سوڕی مانگانە لە ماڵەوە پشکنین بۆ خۆی بکات، لە تەمەنی ٣٠ ساڵ بەرەو سەرەوە ئەگەر کەسەکە هیچ نەخۆشیەکی مەمکی نەبێت، پێویستە  ٦ مانگ جارێک پشکنینی پێشوەختە بکات، چونکە شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتایدا هیچ ئازارێک و هیچ نیشانەیەکی نییە.

 

"بە هۆی شەرم و ترسەوە پشکنین ناکەن"

پزیشک ژیان باسی لەوەکرد زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دێن بۆ لایان لە قۆناغی مەترسیدارن، بە هۆی ئەوەی کە تا ڕادەیەکی پێویست هۆشیاری بڵاونەبووەتەوە، ژنان دەترسن یان شەرم دەکەن، دەشڵێت: پێویستە هەر کەسە و لە لایەن خۆیەوە هۆشداری بڵاوبکاتەوە و حکومەتیش هاوکار بێت لە بڵاوکردنەوەیان، من لەلایەن خۆمەوە هەر شتێک بتوانم دەیکەم بۆ ئەوەی سوود بە خەڵک بگەیەنم و هۆشیاری بڵاوبکەمەوە.

 

شێرپەنجەی مەمک ڕووی لە زیادبوون کردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی شێوازی ژیان، خراپی خواردن، ناڕێکی خەو، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، هەروەها نەبوونی سەنتەری پێویست بۆ شێرپەنجەی مەمک وایکردووە کە ژنان نەتوانن لە کاتی خۆیدا پشکنین بکەن و نەخۆشیەکە پەرەبسێنیت و دوابکەون لە چارەسەرکردنی، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەیان سەنتەر هەیە بۆ پشکنینی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک.