ڕێزان ئەحمەد هەردی: ژنان تەنها ٪٣ی پۆستە باڵاکانی کەرتی تەندروستی پێکدەهێنن

ڕێزان ئەحمەد هەردی کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی لە ڕووی کەمی دەرمان و کوالێتییەوە دەخاتەڕوو، ئاشکراشیدەکات جیاوازییەکی گەورەی ڕەگەزی لە کەرتی تەندروستیدا هەیە، تەنها ٪٣ پۆستە باڵاکانی کەرتی تەندروستی بە دەست ژنەوەیە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی - ڕێزان ئەحمەد هەردی، پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتنە، ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەیە، کاری پزیشکی لە وڵاتی ئێران و ئەڵمانیا و باشوری کوردستان هەیە، ئێستاش کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستانە لە بازنەی دووی سلێمانی.

ڕێزان ئەحمەد هەردی، باس لە کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەرو هەموویانەوە کێشەی کوالێی کۆنتڕۆڵی ئەو دەرمانانەی لە عێراقەوە دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان، چونکە کەرتی تەندروستی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە.

ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەشێکی زۆری دەرمانەکان لە حکومەتی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەوانەش دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و سەرجەم جۆرەکانی پێکوتەکان، کە کوالێتییەکی کۆنتڕۆڵی چڕ لەسەر ئەو دەرمانانە نییە کە لە عێراقەوە دێت یاخود ئەو دەرمانانەی لە مەرزەکانەوە دێتە هەرێمی کوردستان.

 

کێشەی زۆر و بەردەوام

دکتۆر ڕێزان بەشێکی تری کێشەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو، "کێشەی گرانی نرخی خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان، هەروەها کێشەی جیانەکردنەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، نەناردنی بودجە لە حکومەتی عێراقەوە بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکانی پشکنینەکان، کە بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامەوە بەشێکیان لە کار کەوتوون و هیچ بودجەیەکیش بۆ چاککردنەوەیان نییە، بەشێکی دیکە لە کێشەی نەخۆشخانەکان، کەمی نەخۆشخانە گشتییەکانە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەگەر نەخۆشخانەیەک دروستبکرێت پێویستی بە هێزی مرۆیی هەیە، بەڵام زیاتر لە ٩ ساڵە جگە لە پزیشکی گشتی دامەزراندن نییە، لە کاتێکدا پێویستییەکی زۆر بە کارمەندی تەندروستی و پەرستار هەیە، لەبەرامبەریشدا بەردەوام خانەنشین بوون هەیە، کردنەوەی نەخۆشخانە تەنها کردنەوەی بینا نییە، بەڵکو دابینکردنی هێزی مرۆییە کە کاری تێدا بکات".

کێشەی نەخۆشخانە تایبەتەکانیش بابەتێکی دیکەیە، کە د،ڕێزان باسی دەکات، کە لە نەخۆشخانە و کلینیکەکاندا نرخی بینینی پزیشک و پشکنین و دەرمانەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە، جگە لەوەی لە نەخۆشخانەکاندا کارمەندەکان هیچ مافێکی خانەنشینبوونیان نییە و بە بڕە پارەیەکی کەم کارمەندەکان دادەمەزرێنن.

 

یاسا وەک چارەسەری کێشەی کەرتی تەندروستی

بە یاسا ڕێکخستن و چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لای د.ڕێزان باشترین ڕێگا چارەیە، کە لە ڕێی پڕۆژە یاساوە نرخی پشکنینەکان و بینی پزیشک دیاری بکرێت بەپێی کوالێتی، کە دەبێتە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشەی جیاوازی نرخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

یەکێک لەو پڕۆژانەی کە د.ڕێزان دەیەوێت کاری لەسەر بکات، پڕۆژەی دابینکردنی بیمەی تەندروستییە، دەڵێت "یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکان هەوڵدانە بۆ دروستکردنی بیمەی تەندروستی، قۆناغی زۆری دەوێت، من هەوڵ دەدەم قۆناغی سەرەتاییەکانی تێپەڕێنرێت، دواتر هاوڕێکانمان دەتوانن کاری زیاتری بۆ بکەن تا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە"، سەرباری هەموو ئەم کێشانە د. ڕێزان بوونی گەندەڵی و دەستوەردانی حزبی بە یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکان ئەژمار دەکات.

 

ژنان ٪٣ پۆستەکانی کەرتی تەندروستیان پێدراوە

د.ڕێزان ئاشکرای کرد، کە ژنان لە کەرتی تەندروستیدا نادادییەکی زۆریان بەرامبەر کراوە، نا یەکسانییەکی ڕەگەزی زۆر زەق و دیار هەیە، کە تەنها ٪٣ بۆ ٪٤ لە پۆستە باڵاکانی کەرتی تەندروستیی ژنان بەڕێوەی دەبەن.

ئەو ڕەخنەی جدی دەگرێت، کە لەنێو ئەو نەخۆشخانە پۆستە باڵایانەی هەیە، تەنها نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون بەڕێوەبەرەکەی ژنە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکی بە ئەزموونی ژن هەیە، کە خاوەن پسپۆڕی تایبەتن.

باس لەوەش دەکات، پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە هەرێمی کوردستان ئەو نادادییەی بەرامبەر ژنان دەکرێت بینیویەتی، بەو هۆیەوە ڕێکخراوێکی بۆ ژنانی پزیشک کردووەتەوە، تا بتوانن ژنان پێبگەیەنن و ببنە سەرکردە، چەندین جاریش داوایان ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە جێگری وەزیر، یاخود بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگایەک بدرێتە ژنان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە.