ئەو ئاینانەی خەتەنە کردن تێیدا باو بووە

مامۆستایانی ئاینی دەربارەی خەتەنە کردن دەڵێن هیچ دەقێکی ئاینی لە قورئاندا باسنەکراوە و نابێت ئەو کارە قێزەونە تێکەڵ بە دین بکرێت، هەروەها دەشڵێن ئەوە بابەتێکی تەندروستییە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پزیشک.

ناوەندی هەواڵ

 

چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە لەسەر سەرهەڵدانی خەتەنە کردنی ژنان، بەڵام دیارترین بۆچوونیان نەریتی ئاینییە، لە هەندێک ئاینیشدا خەتەنە کردن باس نەکراوە و وەک نەریتی کۆمەڵایەتی خەتەنەی ژنان دەکرێت، بە پێی بۆچوونی چالاکوانان کردەی خەتەنە کردنی ژنان، بە کردەیەکی دژە ژن دادەنرێت و سیستمی پیاوسالاری بەسەر ژنانیدا دەسەپێنێت.

خەتەنەکردن وەک نەریت لە ناو ئایینەکانی جو، کاسۆلیک و پرۆتێستان، کۆپت، مەسیحی و موسڵمان و هەندێک وردە دینی دیکەشدا پەیڕەو دەکرێت، کەچی هیچکام لە "کتێبە پیرۆزەکان"دا باسێک لەو نەشتەرگەرییە نەکراوە و خەتەنە کردن تا ئێستاش درێژەی هەیە، چونکە وەک یونسێف دەڵێت: "ڕیشەکەی بۆ ئەو باوەڕە نەریتییە دەگەڕێتەوە کە دەبێت بەو جۆرە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە ژیانی رۆژانەدا کۆنتڕۆڵ بکرێت"، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە کۆمەڵناسان وای بۆ دەچن هەرچەندە ئایینەکان لەو بوارەوە هیچیان نەگوتبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت درێژەدەری ئەو نەریتە بوون، نەریتێک کە لە ڕێگەی ئایینەوە بووەتە سوننەت.

 

خەتەنە کردنی مێینە لە ئایینی ئیسلامدا چۆن باسکراوە؟

مامۆستایانی ئایینی لەمبارەیەوە دەڵێن، دەربارەی خەتەنە کردنی ژنان لە ئاییندا ڕای جیاواز هەیە، بە هیچ شێوەیەک لە ئاییندا باسی خەتەنە کردنی مێنە نەکراوە و هیچ دەقێکیش لە قورئاندا بوونی نییە، ئاماژەیان بەوەش داوە نابێت ئەو کارە قێزەونە تێکەڵ بە ئایین بکرێت، ئەو کارە وەک نەریتێکە نەک سونەتی خودا و پێغەمبەر، دەشڵێن دەبێت ئەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ پزیشکەکان چونکە ئەوە باباتێکی تەندروستییە.

 

سەرەکیترین زیانە جەستەی و دەروونیەکانی خەتەنە کردنی مێینە

سه‌ره‌کیترین ئاکامی مه‌ترسیداری خه‌ته‌نه‌ له‌ده‌ستدانی کۆئه‌ندامی کرداری سێکس و پێکهاتنی ئاسته‌نگییه ‌له‌ به‌رده‌م ئۆرگازمبووندا، هەروەها چە‌ندین گرفتی گه‌وره ‌و زیانباری له ‌په‌یوه‌ندییه ‌خێزانیه‌کان و نێوان هاوژینەکاندا دروست دەکات دوای هاوسەرگیری.

 

خه‌ته‌نه نه‌خۆشی ده‌روونی لای ژنان دروستدەکات، له‌وانه‌ خه‌مۆکی، شه‌رم و دابڕان به‌سه‌رخۆدا و دەکرێت ئاماژە بە دوو زیانی خەتەنە بکەین ئەویش، یەکەم مۆتەکەیەک دروست دەبێت لەبەردەم منداڵەکەدا لە کاتی بڕیندا بەو پێیەی بە منداڵی فێری بەها ئەخلاقییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، بەڵام کەسێکی نەناسراو لە پڕێکدا بەشێکی جەستەی دەبینێت و دەیبڕیت.

دووەمیش ‌خه‌ته‌نه‌ی ژنان و دوورینه‌وه‌ی کۆئه‌ندامی زاوزێ ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته ‌مایه‌ی نه‌خۆشی و ئازار له‌ کاتی سوڕی مانگانه ‌و منداڵبوون بۆ ‌ژنان، به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، خه‌ته‌نه‌ی ژنان کارێکی نایاساییه ‌و پێشێلکردنی ئاشکرای مافه‌کانی مرۆڤه‌، به‌شێکی زۆر له‌ وڵاته‌کانی جیهان، خه‌ته‌نه‌ی ژنانیان به‌ کارێکی نایاسایی له ‌قه‌ڵه‌م داوە و په‌یڕه‌وکه‌رانی ڕووبه‌ڕووی سزای توند ده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌و ولاتانەی ‌ئاین ڕۆڵ له ‌یاساکاندا ده‌گێڕێت خه‌ته‌نه‌ی ژنان تیایدا بۆته‌ سونه‌ت و به‌هایه‌کی که‌لتوری.

 

له ‌به‌ریتانیا ساڵی ١٩٨٥ یاسایه‌ک ده‌رچوو بە فەرمی خه‌ته‌نه‌کردنی ژنانی ڕاگرت و ئه‌و که‌سانه‌شی خەتەنەی ژن بکەن ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بنه‌وه، ئه‌م یاسایه‌ له ‌ساڵی ٢٠٠٣ دا په‌ره‌ی پێدرا‌، به‌ جۆرێک ئه‌و دایک و باوکانه‌ی‌ منداڵەکانیان ببه‌نه‌وه ‌بۆ وڵاتی خۆیان له‌وێ خه‌ته‌نه‌ی بکه‌ن، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌ریتانیا و ئاشکرابوونی سزا دەدرێن.

 

زیانە دەروونییەکانی خەتەنە

پزیشکێکی دەروونی بۆ ژنها دوا و وتی: کاریگەرییە نەرێنیەکانی خەتەنە لەسەر ژنان بە گشتی کار دەکاتە سەر تەواوی ژیانی و وادەکات ژیانی جیاواز بێت لە ژنەکانی تر، هەر ئەم جیاوازیەیە دەبێتە گرفتی دەروونی و لەوانەیە ببێتە هۆی دروست بوونی گرێی دەروونی بۆ کەسەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە دەتوانرێت قۆناغەکانی کاریگەریە دەروونییەکانی کاتی خەتەنە دابەش بکرێت بۆ دوو قۆناغ، یەکەم کاتی ئەنجامدانی خەتەنەکردنەکە بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی خەتەنە کراون بەتەواوی کات و شێوازی کارەکەیان بیرە ئەو یادەوەریانە بۆیان یادەوەری تاڵ و تۆقێنەرن، کە هەمیشە لە بیریانە و کاریگەریشی بەسەر تەواوی ژیانیانەوە هەیە، دووەم دوای هاوسەرگیری ئەو ژنانەی خەتەنە کراون دووچاری گرفتی گەورە دەبنەوە.

 

خەتەنە کردن میکانیزمێکە کۆمەڵگەی پیاوسالار بەڕێوەی دەبات

چالاکانی بواری ژنان پێیان وایە خەتەنە کردن میکانیزمێکە لە دەستی کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و ڕاپۆرتەکەی یونیسێفیش ئەو گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "خەتەنەکردن بە هەوڵێک دەزانرێت بۆ پاراستنی پەردەی کچێنی و وەک پێویستییەکی پێش ژیانی ژن و مێردایەتی چاوی لێ دەکرێت"، بە واتایەکی دیکە، لەبەر ئەوەی خەتەنە کردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەیلی سێکسی لە ژناندا، دەکرێت ئەو نەشتەرگەرییە وەک میکانیزمی کۆنتڕۆڵ کردنی سێسکواڵیتیی ژنان ببینرێت.

 سەرەڕای ئەو ڕیسک و مەترسییانەش کە باسیان لێوە کرا و هەوڵی بەردەوامی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وەک یونیسێف، هەروەها بوونی کۆمەڵێکی زۆر ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی زانستی لە بوارەکەدا، خەتەنەکردنی ژنان تا ئێستاش لەناو کۆمەڵگە نەریتی و نەخوێندەوارەکاندا درێژەی هەیە، وەک ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنوسێت "کۆمەڵگە نەریتییەکان، وەک کارێک بۆ 'جوانکردن و خاوێنکردنەوە'ی زایەندی ژنان چاو لە خەتەنەکردن دەکەن، لە پێناو ئامادەکردنی ژنان بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی ئەنجام دەدرێت".

 

ت،پ