ئەو پزیشك و كارمەندە تەندروستیانەی لە پارێزگای دهۆك گیانیان لەدەستدا ڤاكسینیان وەرگرتبوو؟

ئەسترازینیكا، ئەو ڤاكسینەی دڵخۆشی و ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەووە ئێستا گومانی دروستكردووە و پزیشكان و پسپۆڕان ئاشكرای دەكەن بۆ هەندێك كەس دەبێتە هۆی خوێن مەین، كە كاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ جەڵتە هەیە. لاڤە کوردە

ئەسترازینیكا، ئەو ڤاكسینەی دڵخۆشی و ئومێدی بۆ خەڵك گەڕاندەووە ئێستا گومانی دروستكردووە و پزیشكان و پسپۆڕان ئاشكرای دەكەن بۆ هەندێك كەس دەبێتە هۆی خوێن مەین، كە كاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ جەڵتە هەیە.

لاڤە کوردە

 

ئاژانسی دەرمان و تەندروستی بەڕیتانیا ڕایگەیاند، ٣٠ كەس دوای كوتانیان بە ڤاكسینی ئەسترازینیكا تووشی مەینی خوین بوون و حەوت كەسیان گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوای ئەو هەواڵە  ئاژانسی چاودێریكردنی دەرمان و بەرهەمە پزیشكییەكانی بەریتانیا ئاماژەی بە سەلامەتی ڤاكسینەكە کرد، وتی لە كۆی ١٨ ملیۆن و ١٠٠هەزار كەس كە لە بەریتانیا ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، ٣٠ كەسیان مەینی خوێنیان بۆ دروستبووە و حەوت کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمینیت ڤاكسینی ئەسترازینیكا پەیوەندی بەو خوێن مەینەوە هەبێت، سوودی ڤاكسینەكە لە زیانەكانی زیاترن.

 

 لە هەرێمی كوردستانیش ڤاكسینەکە بەردەستە

لە هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای مانگی ئازار یەكەم بڕی ڤاكسین گەیشت كە ڤاكسینی سینۆفارم-ی چینی بوو، بەڵام دواتر ڤاكسینی ئەسترازینیكای بەریتانی گەیشتە عیراق و بڕی  ٤٣ هەزار ژەمە ڤاكسین درا بە هەرێمی كوردستان، كە ئێستا بەدەر لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروست، ئەو هاوڵاتیانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن وەریبگرن.

سەڕەڕای گەیشتنی ڤاكسین مەترسییەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان زیاد دەكات،لە ڕۆژی ٣٠مانگی ڕابردوودا تا ٥ ئەم مانگە پێنج هەزار و ٨٧٢ کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، ٧٨ کەسیش گیانیان لەدەست داوە، تێیدا چوار پزیشك و كارمەندی تەندروستی دهۆك هەبوون.

دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە، كە ئەو چوار پزیشك و كارمەندە تەندروستییەی دهۆك ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە و پاشان مردوون، حەمزە ڕەزیكی وتەبێژی تەندروستی دهۆك لەو بارەیەوە بۆ ئاژانس ژنها دەڵێت زانیاری تەواوم نییە لەسەری ئەو بابەتە، بەڵام پێدەچیت ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت، لەبەر ئەوەی ئەو پێنج کەسە نیشانەکەی پەتاکەییان تێیدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی پەتاکەییان هەبێت، ڤاکسینیان پێنادرێت".

 

دوودڵی هاوڵاتیان لە بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەوامە و پسپۆڕانی تەندروستی و پزیشكانی هەرێمیش وێنەی خۆیان لەكاتی وەرگرتنیدا بڵاودەكەنەوە و دڵنیایی دەدەنە خەڵك كە هیچ زیانێكی نیە و پێویستە هاوڵاتیان بۆ سەلامەتی گشتی ڤاكسین وەربگرن.