ئەنجامدانی جوانکاری نەخۆشیەکی دەروونی کۆمەڵگایە

لەم چەند ساڵەی ڕابردوو و ئێستادا ئەنجامدانی جوانکاری ڕووی لە زیادبوون کردووە بە تایبەت لەناو گەنجان کە پزیشکێکی دەروونی و هاوڵاتیان میدیا و مۆدێلەکان بە هۆکاری زیاد بوونی دەزانن و بە نەخۆشی دەروونی ناوی دەبەن.

لەم چەند ساڵەی  ڕابردوو و ئێستادا ئەنجامدانی جوانکاری ڕووی لە زیادبوون کردووە بە تایبەت لەناو گەنجان کە پزیشکێکی دەروونی و هاوڵاتیان میدیا و مۆدێلەکان بە هۆکاری زیاد بوونی دەزانن و بە نەخۆشی دەروونی ناوی دەبەن.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆفیا لۆرن دەڵێت: "جوانی شتێکە لە ناخت هەستی پێدەکەیت، لە چاوەکانت دەدرەوشێتەوە"، بەڵام مرۆڤەکانی ئێستا دەبێت هەتا چەند باوەڕیان بە جوانییەکانی ناخ مابێت و پێیان وابێت کە ئەنجامدانی جوانکاری لە ڕووکاری دەرەوەیاندا شتێکی زیادەیە و پێویستە ئەم جوانکارییە لە ناخ و بیرکردنەوەیاندا ئەنجام بدەن، دەپرسین ئایا ئارەزووی دەرکەوتن بە جوانترین شێوە سنورەکانی جوانی سروشتی تێنەپەڕاندووە؟

 

یەکەم نەشتەرگەری جوانکاری ٦ سەدە پێش زایین بووە

یەکەم نەشتەرگەری جوانکاری کە جوانکاری لووت بووە ٦ سەدە پێش زایین لە وڵاتی هیندستان ئەنجامدراوە، لە بەرامبەردا  لەسەردەمی فیرعەونەکان لە وڵاتی میسڕ بڕوایان وابووە کە دەبێت مرۆڤ بە سروشتی خۆی بمێنێتەوە، تەنیا مردووەکانیان مۆمیا کردووە، جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمیش بوونەتە هۆکارێک تا ئەنجامدانی جوانکاری پەرەبسەنێت و نەشتەرگەری بۆ ئەو سەربازانە ئەنجامدراوە لە جەنگدا ڕوخساریان شێواوە.

 

ئێستاش بەشێوەیەکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت، هەرێمی کوردستانیش کەوتۆتە ژێر کاریگەری گۆڕانی ڕووخسار، بە پێی ئامارەکانی یەکێک لە پزیشکانی شاری سلێمانی تەنیا لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا زیاد لە ٤٠٠ هەزار کەس نەشتەرگەریان ئەنجامداوە، هاوڵاتیان و پسپۆڕێکی دەرونیش دەڵێن میدیاکان و مۆدێلەکان هۆکاری زیادبوونی جوانکارین.

هاوڵاتیەکیش پێی وایە ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری ئەنجام دەدەن لە ئێستادا لە تەمەنێکی منداڵدان و ئاگاداری ئەوە نین لە داهاتوودا چی زیانێکیان پێدەگات، تەنیا دەیانەوێت جوان دەربکەون، هەروەها وتیشی سناپ چات و ئەو بەرنامانەی کە فلتەری تێدا بەکاردێت هۆکارن بۆ زۆر بوونی ڕێژەی جوانکاری.

 

"لە پێشتردا لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەکە ئاگاداریان دەکەینەوە"

کەژان علی پزیشکی نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت کاتێک کەسێک دێتە لای ئێمە بۆ ئەنجامدانی جوانکاری ئەو کاریگەریەی لەسەر ڕوخسار و جەستەیان دروست دەبێت پێی دەڵین و دواتر جوانکاریەکە ئەنجام دەدەین، کەژان دەشڵێت ئەگەر ئەو ماددانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ جوانکاری ماددەی گونجاو نەبن و پزیشکی پسپۆڕ ئەنجامی نەدات ئەوا نەخۆش توشی شین بوونەوە و هەڵئاوسانی دەمارەکان دەبێت.

ژوان عومەر یەکێکە لەو کەسانەی کە جوانکاری ئەنجامداوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەندێک پێویستی پێیەتی یاخود حەزی لێیەتی بۆیە جوانکاری ئەنجام دەدەن.

نوقلە ڕەحیم هۆکاری زۆر بوونی جوانکاری بۆ پیاوان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت پیاوان تەنیا ڕوخساری ژنان دەبینن و سەیری جوانییە دەستکردەکان دەکەن بۆیە ژنانیش نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجام دەدەن.

 

ئاخۆ دەبێت پەیوەندییەک لەسەر بنەمای جوانی بێت ماوەکەی چەند بێت؟

ئاشنا عوسمان میدیا و ئەو کەسانەی لە شاشە دەردەکەون بە هاندەری زۆر بوونی جوانکاری دەزانێت و جەختیشی کردەوە لە ئێستادا بۆتە نەخۆشیەکی دەروونی ناو کۆمەڵگا.

نەمشیل ڕەسوڵ پزیشکی نەخۆشیە دەرونیەکانە و باس لە چەند لایەنێک دەکات کە بوونەتە هۆی زۆر بوونی ریژەی جوانکاری لەم ساڵانەی دوایدا و ڕەخنە لە میدیاکان، سۆشیال میدیا و مۆدێلەکان دەگرێت و پێی وایە هۆکاری زۆر بوونی ڕێژەی جوانکارین و پڕوپاگەندە بۆ ئەو کەس و شوێنانە دەکەن دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی بینەر جوانکاری ئەنجام بدات، سەرنجی خستە سەر ئەوەش کە هەندێک کەس جۆرێک لە نەخۆشی دەرونیان هەیە و بەردەوام ڕەخنە لە جەستە و ڕوخساری خۆیان دەگرن، بەردەوام بە دوای ئەنجامدانی جوانکاریدا دەڕۆن.

نەشمیل وتیشی کە پێویستە ئەو کەسانەی نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجام دەدەن پەلە نەکەن بە تایبەت هەرزەکاران لەوانەیە لە تەمەنێکدا هەندێک گۆرانکاری لە جەستەدا ڕووبدات بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی تەمەن ئەو گۆڕانکاریانە کەم دەبنەوە ڕوخساریان جوانتر دەبێت.

 

ت.پ