شێوازی ژیان و خواردن بوونەتە هۆی تێکچوونی هۆڕمۆنی ژنان

بەکارهێنانی ئەو پێداویستیانەی ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین، خواردن و ئۆتۆمبێل و هەموو ئەو سەرچاوانەی بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکەن، تێکچوونی هۆڕمۆنیش بەشێکە لەوان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سیستمی سەرمایەداری و شێوازی ژیان و خواردنی هاوڵاتیان، جگە لەوەی بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دروستبوونی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بووەتە هۆکارێک بۆ تێکچوونی هۆڕمۆن لە ژناندا کە دواجار بەرەو نەخۆشی دیکە باڵدەکێشێت، هەندێ کات دەبێتە هۆی گۆڕینی هۆڕمۆنی ژنان بۆ پیاوان و بەرەو نەزۆکی دەڕوات.

 

دلۆڤان محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، دەربارەی تێکچوونی هۆڕمۆن لە ژناندا ئاماژەی بەوەدا، کە جۆری هۆڕمۆن زۆرن لە لەشی ژناندا وەک LH, FSH، هۆڕمۆنی شیر، هۆڕمۆنی ناوکی هێلکە، هۆڕمۆنی ڕێژەی هێلکەی ماوە، ئەمانە ئەگەری تێکچوونیان هەیە لە لەشی ژناندا، جگە لەم هۆڕمۆنانە هۆڕمۆنی دیکە هەن وەک هۆڕمۆنی غودە، کە لە ئەگەری تێکچوونیدا ڕاستەوخۆ هۆڕمۆنە تایبەتەکانی ژنانیش تێکدەچن.

 

لە پاش تێکچوونی هۆڕمۆن ڕاستەوخۆ سوڕی مانگانە تێکدەچێت، پاشان موی لەش زیاد دەکات بەتایبەت لە دەموچاو، قژ هەڵوەرین و قەڵەوبوون ڕوودەدات، هەندێک حاڵەت سوڕی مانگانە دڕەنگ دەکەوێت و تا دەگاتە حاڵەتی منداڵ نەبوون، تێکچوونی هۆڕمۆنەکان یەکێکە لە کێشە دیارەکانی ژنان.

  

هۆکاری تێکچوونی هۆڕمۆنەکان چین؟

لە بەرامبەردا پزیشک دلۆڤان وەڵامی دایەوە و ڕوونیکردەوە، هۆکار زۆرن بۆ تێکچوونیان، هەندێکیان ئاسایین بەتایبەت لە سەرەتا و کۆتایی تەمەنی سوڕی مانگانە، کاتی شیردان هۆڕمۆن تێکدەچێت، بەڵام هەندێک تێکچوونی هۆڕمۆن هەن نەخۆشییە وەک، لە کاتی زۆر و کەمی کێشی لەش کە نەخۆشییە و هۆڕمۆن تێکدەدات، کەمی ڤیتامینات بە تایبەت "ڤیتامین D، ئاسن، زینک" هۆکارن بۆ تێکچوونی هۆڕمۆن، جیا لەمانە نەخۆشییەکانی شەکرە، غودە، بوونی گرێ و کیس وادەکات هۆڕمۆنی ژنان یان زۆر دابەزێت یاخود زۆر بەرزبێتەوە، لە سەروو هەمویەوە قەلەقی زۆری ژنان هۆکارێکی دیارە بۆ تێکچوونی هۆڕمۆنەکان.

 

ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ گۆڕینی شێوازی ژیان هەموو شتیک گۆڕاوە، ئەوەندەی ئێستا خواردنی ئامادەکراو و دەرەوە دەخورێت خواردنی تەندروست ناخورێت، ئەمانەش هۆکارن بۆ تێکچوونی هۆڕمۆن، هەروەها ساڵانی ڕابردوو دانیشتن و ئۆتۆمبێل بەکارهێنان زۆرر نەبوو بەڵام ئێستا جوڵە کەمبووەتەوە، ژینگە پیسبووە بۆیە بەشێوەیەکی گشتی جۆری ژیان بووەتە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی هۆڕمۆن.

 

"هەندێک خواردن دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی پیاوان لە ژناندا"

دلۆڤان محەمەد ڕوونیکردەوە کە خواردنی نا تەندروست بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی دروست دەکات بەتایبەت هۆڕمۆنی ژنان، وتی: "سێ شت هەیە ژەهری سپین، شەکر، خوێ و ئارد، بەتایبەت شەکر کە بۆ ژنان زەهرێکە، لەکاتی خواردندا دەبێتە چەوری و دواتر هۆڕمۆنی تێستێستیرۆنی پیاوان زیاد دەکات".

 

هەروەها خواردنی کاربۆهیدرات هۆکاری دیکەن وەک نان، کێک، برنج بۆیە هەتا کەم بخورێت باشترە، بەهەمان شێوەی شتی سورەوەکراو و مریشک کە هەمووی بە هۆڕمۆن گەشە دەکات هۆکارن بۆ گۆڕینی هۆڕمۆنی ژنان بۆ هۆڕمۆنی تێستێستیرۆنی پیاوان و ژنان توشی نەخۆشی جۆراو جۆر دەکەن.

 

بۆیە گرنگە ژنان زۆرترین جوڵە بکەن، ئاو زۆر بخۆن، دووربکەونەوە لە خواردنی ئامادەکراو و شیرینی، بە پێی پێویست ڕۆژانە بخەون و کاتی خەویان ڕێکبکەنەوە لە پێناو پاراستنی ڕێژەی هۆڕمۆنەکانیان.

 

"هۆڕمۆنی دەستکرد دووهێندەی پیاوان بۆ ژنان خراپە"

تایبەت بەو وەرزشوانانەی هۆڕمۆنی دەستکرد بەکاردەهێنن پزیشک دلۆڤان باسی لەوەکرد، ئەمان وەک پزیشکان ڕێنمای ژنان دەکەن بۆ ئەوەی هۆڕمۆنیان تێکنەچێت بە خۆراک بەڵام کاتێک ئەو وەرزشوانانە هۆڕمۆنی دەستکرد بەکاردەهێنن بێگومان دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆڕمۆنی لەشیان، تا دەگاتە گۆڕینی دەنگ و زیادبوونی مووەکانیان.

جگە لەوە بەکارهێنانی دەرمانی ڕێگریکردن لە سکپڕی هۆکارێکی دیکەیە کە ژنان بەهۆیەوە هۆڕمۆنەکانیان تێکدەچێت، یاخود ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری پێست و شتی دیکە بەکاردێت و دەبنە هۆی تێکچوونی هۆڕمۆن دەبێت نەخۆش خۆی یەکلا بکاتەوە لەوەی دەیەوێت کام بەشی کێشەی جەستەی چارەسەر بکات، چونکە بە وەستاندنی هەندێک دەرمانی چارەسەری هۆڕمۆن ڕێکدەبێەتەوە.

 

"هەموو تێکچونێکی هۆڕمۆن پێویستی بە چارەسەری بەدەرمان نییە"

ئەو پزیشکە، باسی لەوەکرد هەموو تێکچوونێکی هۆڕمۆن نابێتە هۆی نەخۆشی، چونکە پەیوەندیدارن بە قەلەقییەوە بۆیە دەبێت هۆکاری قەلەقییەکە چارەسەر بکەین نەک پەنابەرینە بەر چارەسەرکردنی دەرمان و هۆڕمۆن، بەهەمان شێوە بۆ زۆر و کەمی کێشی لەش کە دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆڕمۆن دەبێت هۆکاری زیادبوون و کەمبوونەکە چارەسەر بکەیت نەک هۆڕمۆنەکە.

 

هەندێک تێکچوون تەنها بە ڕێککردنەوەی خواردن و کۆمەڵێک شتی دیکە چارەسەر دەکرێت بەڵام هەندێکی دیکە بەتایبەت ئەوانەی کیسی وردی هێلکەیان هەیە پێویستیان بە چارەسەری زۆرە لە ڕێی دەرمانەوە، لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی شەکرە و غودە هاوکاری چارەسەری هۆڕمۆنەکە دەدەن، لە هەندێک باردا چارەسەرنەکردنی تێکچوونی هۆڕمۆن دەبێتە هۆی نەزۆکی.