وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا

پزیشک سۆما محەمەد، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا دەداتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا-COVID19 و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، پێشنیار و چەندین هەوڵدرا تا چارەسەرییەک بۆ ڕێگریکردن بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزرێتەوە،  لە ئێستاشدا لە سەرتاسەری جیهاندا چەند جۆرێک ڤاکسین بەکاردێت بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی بەرگری لەش دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پزیشک، سۆما محەمەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک وەڵامی چەند پرسێک دەداتەوە کە بووەتە پرسیاری هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا.

 

پزیشک سۆما بەم شێوەیە دەنووسێت:

چەند زانیارییەکی کورت و پێویست لەسەر پێکوتەی (ڤاکسین)ی کۆرۆنا کە زۆر پرسیاری لەسەر دەکرێت.

پ: کێن ئەوانەی ئەبێ ڤاکسین وەرگرن؟

و:هەرکەسێک دەتوانێت و پێویستە کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەرگرێت بەپێی باروودۆخی کەسەکە و نەبوونی هەستیاری (حەساسیەت) بە ڤاکسین.

پ: من ئێستا هەڵگری چەند نیشانەیەکی پەتام وەک هەڵامەت و لەش داهێزران و لەرزو تا، ئایا دەتوانم ڤاکسینی کۆرۆنا بکەم؟ وە یان چەند رۆژ دوای توشبوونی پەتای کۆرۆنا دەتوانم ڤاکسین وەرگرم؟

و: دەبێت چاوەرێ بکەیت تا نیشانەکانت نامێنێت و ٢٨ رۆژ تێدەپەڕێت لە یەکەم رۆژی دەرکەوتنی نیشانەکانت، ئینجا دەتوانی ڤاکسین وەرگری.

 

پ: چەند رۆژ دوای ڤاکسین سیستەمی بەرگری چالاک دەبێت؟

و: بەشێویەکی گشتی لە نێوان ١٢ بۆ ٢٢ ڕۆژ لاشە بەرگری دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکات، واتە تا ٢٢ رۆژ تۆ وەک و پێش ڤاکسین موعەرەزی بۆ ئەوەی توشی کۆرۆنا بیت و بە خراپیش بیگری، ڕەنگە هەندێک خەلک یەکسەر دوای ڤاکسین تێکەڵاوی خەڵک بووبێت و پەتاکەی گرتبێ هۆکاری ئەمە خودی ڤایرۆسەکەیە کە بۆی گوازراوەتەوە و هیچ ڕەبتی بە کوتانەکە نیە!

پ: ئایا ژنی دووگیان یان ئەوانەی شیر دەدەن دەتوانن ڤاکسین وەرگرن؟

و: بەڵێ دەتوانن ڤاکسین وەرگرن و هیچ بەڵگەیەکی زانستی و سەلمێنراونیە کە زیانیان پێ بگەیەنێ.

 

پ: ئایا ئەوانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە دەتوانن ڤاکسین وەرگرن؟

و: بەڵێ دەتوانن و پێویستە وەری بگرن، چونکە ئەوان ئەگەری هەیە زۆر بە خراپتر توشی کۆرۆنا بن، بۆیە پێویستە ڤاکسین وەرگرن تاوەکو بەرگریان بەهێز بێت، وە هیچ سەرچاوەیەکی باوەر پێکراویش نیە کە بلێت نابێت وەریبگرن.

پ: ئایا منداڵ دەتوانێ ڤاکسینی کۆرۆنا وەرگرێت؟

و: تا ئێستا ئەو ڤاکسینە لەسەر منداڵ تاقی نەکراوەوتەوە، زۆربەی کۆمپانیاکان تەمەنیان داناوە بۆ ڤاکسین، بۆ نمونە فایزەر پێشنیاری سەرووی شانزە ساڵی کردوە و مۆدێرنا سەرووی ١٨ ساڵی پێشنیار کردوە. بەڵام بۆ هەرزەکار لەسەروویی تەمەنی ١٢ ساڵی ئەگەر پەیوەندی راستەوخۆی بەو کەسانە هەبێت کە ئەگەری توشبوونیان زۆرە! وەیان ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە (وەک شەلەل دەماخ و داون و شەکرەو هتد...)کە وایان لێبکا زۆر بە خراپی توشی کۆرۆنا بن ئەوانیش پێویستە کوتان دژی کۆرۆنا وەرگرن.

 

پ: ئایا ڤاکسینی کۆرۆنا ڤایرۆسی زیندووە و دەکرێت دوای کوتان بۆ خەڵک بگوازرێتەوە یان چالاک بێت!؟

و: نەخێر ڤاکسینی کۆرۆنا نەک هەر بەتەواوی مردووە و بەلکو تەنها چەند بۆهێڵێک ڤایرۆسەکە بەکارهاتووە و لە تاقیگە دەستکاری کراوە، کە وای لێبکات نەتوانێت لە جەستەی کوتراو چالاک بێت، وە نە دەتوانێ بیگوازێتەوە بۆ خەڵک.

 

پ: ئایا دوای کوتان پێویستە خۆم کەرەنتین بکەم؟

و: نەخێر پێویست نیە چونکە تۆ هەلگری ڤایرۆسەکە نیت تا بیگوازیتەوەبۆ خەڵک!

پ: ئایا دەبێ کاتی نێوان ژەمی یەکەم و دووەم چەندە بێت؟

و: بەپێ جۆری ڤاکسینەکە دەگۆڕێ بۆ نمونە فایزەر دوای ژەمی یەکەم دەتوانی لە ٣ بۆ ٨ هەفتە ژەمی دووەم بەکاربێنیت، بەلام ئەسترازێنیکا و مۆدێرنا کەمترین ماوەی ٤ هەفتەیە تا ٨ هەفتە دەتوانی ژەمی دووەم دوابخەیت.

 

پ: ئایا ئەو نیشانانە چین کە دوای ڤاکسینی کۆرۆنا تووشم دەبێت؟

و: بەشێوەیەکی گشتی ڤاکسینێکی سەلامەتە، بەڵام وەک هەر کوتانێکی تر کە کردووتانە دەکرێت چەند نیشانەیەکی هەبێت ئەویش لەهەموو کەسێک دەرناکەون، وەک (ئازار لە قۆڵ و دەست، لەش داهێزران، سوکە هەڵامەت، بێ تاقەتی، لەرزوتا، سەرئێشە، نەمانی ئیشتیهای خۆراک) بەڵام زۆربەی دوای چەند رۆژێکی کەم چاک دەبێ و تەنها پێویستی بە پشودان وخۆراکی بەسوودو دەرمانی ئازارشکێنە.

 

ڕەنگە هەندێک خەڵک تۆزێک بە قورسی توشی ئەو حاڵەتانە بێت کە پێویستی بە سەردان و چاودێری پزیشک بێت، بەڵام ئەمە کەمینەیەکە وە مەترسیەکانی نەسەلمێنراون تا ئێستا.

 

پ: ئایا دەکرێ کە دوای هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە توشی کۆرۆنا ببم!؟

و: هەرچەند ئەگەری توشبوون زۆر کەمترە، بەڵام بەڵێ دەکرێت توشی ببیت، بەڵام زۆر بە سوکتر توشی دەبیت و ئەگەری مردنت زۆر کەمتر دەبێت بەبەراورد بە یەکێ کوتانی نەکردبێ.

نوسینی: دکتۆر سۆما موحەمەد

 

ت.پ