تەمەنی شێرپەنجەی مەمک لەناو ژنانی ئێران لە ٤٠ ساڵەوە بۆ ٣٠ ساڵ بەرزبووەتەوە

پزیشک فاتمە فەراهانی، دەڵێت: شیرپەنجەی مەمک باوترین نەخۆشییە لەناو ژناندا بە شێوەیەک کە لەم ساڵانەی دواییدا گەنجان زیاتر لە تەمەنی مامناوەند تووش دەبن.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە-شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین نەخۆشییەکان لەنێو ژناندا، جۆرێکە لە شێرپەنجە کاتێک خانەکان لە کۆنترۆڵەوە گەشە دەکەن، دەست پێدەکات، پسپۆڕان دەڵێن گرنگە پشکنینی زوو بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی کۆسپی سەرەکی لەبەردەم پشکنیندا نەبوونی هۆشیاری ژنانە لەم بوارەدا، بەرنامەی پەروەردەی تەندروستی بەردەوام پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنان سەبارەت بە پشکنینی شێرپەنجەی مەمک و چارەسەرەکانی.

 

"ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە تەمەنی زوودا زیادی کردووە"

سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک، پزیشک فاتمە فەرەهانی وتی: تەمەنی زوو بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەناو ژنانی ئێرانیدا ئەوەندە زیادی کردووە کە لەم ساڵانەی دواییدا گەنجان زیاتر لە تەمەنی مامناوەند تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، کە بە لایەنی کەمەوە ١٠ ساڵ کەمی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ڕاپۆرتە بەردەستەکان، تەمەنی ئەو ژنانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون بە نزیکەی ٧ بۆ ١٠ ساڵ کەمی کردووە. شێرپەنجەی مەمک باوترین شێرپەنجەیە لە ژناندا، دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی زوو بۆ شێرپەنجەی مەمک کلیلی ئەنجامی باشترینە، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ژنان خۆیان نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک دەدۆزنەوە، گرنگە کە ئاگاداری شێرپەنجەی مەمک بن و پەروەردە بکرێن.

"پێویستە ژنان بۆ پشکنین سەردانی پزیشک بکەن"

فاتمە فەرەهانی وتیشی: گرنگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی شێرپەنجەی مەمک لە ئێران ئەوەیە کە زۆرێک لە ژنان بێئاگان لە شێوازەکانی چاودێریکردنی خۆیان، پشتگوێخستنی پشکنینی ساڵانەی مەمک و درەنگ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، هەرچی زووتر شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان بکرێت، دەتواندرێت چارەسەری باشتر و وردتر ئەنجام بدرێت، چونکە پشکنینی سیستماتیکیمان لە سەرانسەری وڵاتدا نییە و زۆربەی ژنان پێویست ناکات پشکنینی ساڵانەیان بۆ بکرێت، بەزۆری کاتێک دەچنە لای پزیشکی ژنان لەبەر هۆکارێک، پسپۆڕەکە دەیانێرێت بۆ مامۆگرافی.

 

"زوو دەستنیشانکردن گیان لەدەستدان بە نەخۆشییەکە کەم دەکاتەوە"

ئەوەشیخستەروو، زۆرێک لە ژنان ساڵی جارێک مامۆگرافی ئەنجام نادەن و چاوەڕێ دەکەن تا نیشانەیەک دەبینن و دواتر سەردانی پزیشک دەکەن، بۆیە کە  بارستەیەک لە جەستەیدا گەشە دەکات لەوانەیە نەخۆشییەک بێت کە لە ڕابردوودا پێشکەوتوو بووە و چارەسەرەکە قورستر دەبێت، مامۆگرافی دەتوانێت شێرپەنجە بدۆزێتەوە تەنانەت لە قۆناغە سەرەتاییەکانیشدا، هەروەها ناسینەوەی زوو ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە کەم دەکاتەوە.

 

پزیشک فاتمە فەراهانی، سەبارەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، وتی: لە ئێستادا لە ئێران، بۆ هەر سەد هەزار کەسێک، ساڵانە ١٧ کەس تووشی نەخۆشییەکە دەبن. ئاماری گشتی لە جیهاندا دەڵێت لە هەر ٨ ژنێک یەکێکیان شێرپەنجەی مەمکی هەیە، چارەسەر ئاسانە و نەخۆشەکە ١٠٠% لە مردن ڕزگار دەکرێت، کاتێک دێتە سەر دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، هەر ژنێک دەتوانێت ببێتە پزیشک بۆ خۆی، بەڵام بەزۆری دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە، ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە کە بە لایەنی کەمەوە مانگی جارێک پشکنینی خۆت بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا سنگت گۆڕانکاری تێیدا هەیە یاخود نا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشک فاتمە فەراهانی دەربارەی چۆنیەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە ماڵەوە وتی: ڕێگای جیاواز هەیە بۆ پشکنینی مەمک، بەڵام باشترین و سادەترین ڕێگا ئەوەیە کە ڕابکشێن و دەستی ڕاست یان چەپیان بخەنە ژێر سەریان و بە هێواشی دەست لە سنگیان بدەن بەدەستەکەی دیکەیان، پاشان، بە سێ پەنجەی ناوەڕاست، سەرەتا کەمێک سنگیان بشێلن و بە هێواشی دەستی لێبدەن، ئەگەر هەست بە گۆڕانکاری یان گلاندۆلار ناکەن، زیاتر پاڵیان پێوە بنێن بۆ ئەوەی بتوانن دەست لە قووڵایی مەمک بدەن جگە لە ژێر پێستل، ئەگەر گۆڕانکارییەکیان تێبینی کرد، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکەکەیان بکەن، هەندێک جار ژنان دەتوانن لەبەردەم ئاوێنەدا ڕابوەستن و دەست لە سنگیان بدەن.