"ئەنجامدانی تیشک و سۆنەر بۆ ژنانی دووگیان بە بێ ڕێنمایی پزیشک زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت"

تیشک و سۆنەر بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بەکاردێت، بە مەرجێک لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا بێت و دوور لەوە مرۆڤ دووچاری زیان دەبێتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ڕێگا زانستییەکان بۆ زانین و دەسنیشانکردنی نەخۆشیەکان زۆرن کە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا دەبێت، یەکێک لەو ڕێگایانە تیشک و سۆنەرە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا بەهۆی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی کە تیادا ماوە بەشێک لە خێزانەکان بۆ زانینی ڕەگەزی منداڵ وا لە ژنان دەکەن سۆنەر ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا زۆر ئەنجامدانی سۆنەر زیانی بۆ کۆرپەلە و دایکەکەش دەبێت.

 

"ئەنجامدانی سۆنەری زیاد لە پێویست زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت"

مهاباد عەبدولعەزیز، پزیشکی پسپۆڕی تیشک و سۆنەر ئاماژەی بەوەکرد، سۆنەر جۆرێکە لە پشکنینی پزیشکی بە ئامێرێکی تایبەت ئەنجام دەدرێت، بۆ هەموو تەمەنەکان و هەموو بەشەکانی جەستەش ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی بزانین ئەندامەکان تەندروستن یان نا، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیانە ئەنجام بدرێت زیانی نییە، بە پێی توێژینەوەیەک ئەگەر لە ماوەی دووگیانیدا سۆنەر زیاد لە پێویست ئەنجامدرا، دەبێتە هۆی ئۆتیزم، ئەو پزیشکە وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە هێشتا ئەقڵیەتی پیاوسالاری تیایدا زاڵە، وای کردووە پیاوان بۆ زانینی ڕەگەزی منداڵەکەیان سۆنەری زۆر بە ژنەکان بکەن، زۆرجار ئەو خێزانانەی منداڵی کچیان زۆرە، دایکە دووگیانەکە بە بێ ویستی خۆی دەڕوات سۆنەر ئەنجام دەدات، سۆنەری ئاسایی بۆ هەموو ئەندامەکانی لەش ئەنجام دەدرێت و سۆنەری ڕەنگدار بۆ دەمارەکانی خوێن و زانینی خەستی خوێن ئەنجام دەدرێت، بۆ دیاریکردنی ئەنجامدانی ژمارەی سۆنەرەکان لە کاتی دووگیانیدا پزیشکی ژنان و منداڵبوون بڕیار دەدەن، لە ڕووی زانستییەوە ئەگەر دووگیانییەکە بێ کێشە بوو ٣ بۆ ٤ سۆنەر تەواوە.

 

"ئەنجامدانی تیشک بۆ ژنی دووگیان دەبێت لیژنە بڕیاری لەسەر بدات"

مهاباد عەبدولعەزیز ڕوونی کردەوە، تیشک، جۆرێکە لە وزەی کارۆموگناتیسی، ئەو تیشکانەی ئێمە لە بواری پزیشکیدا بەکاریان دەهێنین زیاتر تیشکی جۆری ئێکسە، تیشکە پزیشکییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت دەبێت سوودەکەی زیاتر بێت لە زیانەکەی ئینجا بەکاریدەهێنین، جۆرێکیان بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەیە کە وزەکەی زۆرە و جۆرێکیشیان بۆ دیاریکردنی نەخۆشیە کە وزەکەی کەمە.

 

وتیشی: تا بەرکەوتن لەگەڵ تیشکەکان زیاتر بێت کاریگەرییە لاوەکیەکان زیاتر دەبێت، ژنانی دووگیان کاتێک دەتوانن تیشک ئەنجام بدەن کە پزیشکی ژنان و منداڵبوون لەگەڵ پزیشکی تیشک و سۆنەر بە لیژنەیەک بڕیار بدەن، ئینجا بۆیان ئەنجام دەدرێت وەکو نەخۆشی جەڵدەی سییەکان، دەتوانرێت تیشکی ئێکسی بۆ بکرێت، بەڵام تا بکرێت ئێمە ڕێگە نادەین ژنانی دووگیان بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ تیشکی ئێکس.

 

"بە بێ ڕێنمایی پزیشکی باش نییە تیشک و سۆنەر ئەنجام بدرێت"

مهاباد عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو، پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام دەدەین کە تیشکی تێدا بەکاردێت بە دوو شێوە یەکێکیان بۆ پشکنینی پێشوەختەیە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە هیچ کێشەیەک لە سنگی ژنەکەدا نییە، جۆرەکەی تری بۆئەوە ئەگەر گرێیەک لە سنگی ژنەکەدا هەبوو دڵنیا بین لە جۆرەکەی، هەروەها پشکنینێکی تر هەیە بە ناوی سیتی سکان بۆ ئەو پشکنینەش جلوبەرگی تایبەت هەیە، کە لە قورقۆشم دروستکراوە و تا نەگاتە حاڵەتێکی گرنگ ئەو پشکنینە ئەنجام نادرێت.

 

وتیشی: ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ تیشکەکە یان زۆر بەکاریدەهێنن، زیانیان پێ دەگات وەک سوربوونەوەی پێست، هەڵوەرینی موو، برینی پێست، ئاوی سپی چاو و توشبوون بە شێرپەنجە، هەروەها ئەو کۆرپەلانەی کە دایکەکە تیشکی بەردەکەوێت ئەگەر تیشکەکە لە ڕێژەی ئاسایی زیاتر بوو، دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە لە سەرەتاکانی تەمەنیدا و ئەگەر لە  کاتی دروستبوونی ئەندامەکانیدا بێت، دەبێتە هۆی ناتەواوی کۆرپەلە یان دوای لە دایکبوونی و دوای چەند ساڵێک کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت، بۆیە ڕێنمایی هاوڵاتیان دەکەم کە بە پێی ویستی خۆیان ڕوو لە ئەنجامدانی تیشک و سۆنەر نەکەن تا ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕیان پێ نەبێت.