سروشت چارەسەری سەرجەم نەخۆشییەکانی تێدایە

لە ڕابردووەوە ژنان هەڵگری چەندین ڕێگای چارەسەرکردنی سروشتیین، کە سوود لە چەندین دەرمانی گیای وەردەگرن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.

 

سۆرگوڵ شێخۆ

حەسەکە- لە کۆنەوە ژنان بە مۆرکی چارەسەرە سرووشتییەکان دادەنرێن، خاوەنی چەندین ڕێگای تایبەت بە خۆیانن بۆ بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.

یەکێک لەو ژنانە شێخا میستۆی تەمەن ٦٢ ساڵە، کە لە شارۆچکەی تل تەمری سەر بە شاری حەسەکە لە سوریا دەژی، یەکێکە لەو ژنانە شارەزای بەکارهێنانی گژوگیای دەرمانە و پێی وایە سروشت چارەسەری سەرجەم نەخۆشییەکانی تێدایە.

 

سەرەڕای شارەزایی لە گژوگیای پزیشکیدا ئەو ژنە بۆ گەنجان باس لە گرنگی پەیوەندییەکانی ناو خێزان دەکات و گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی لە باوک و دایک و داپیرەکانیانەوە بۆیان دەمێنێتەوە، شێخا باسی لەوەکرد کە لە داپیرەیەوە فێری گرنگی بەکارهێنانی گژوگیای سروشتی بووە.

 

" ئەو کەسانەی بەردەوام بێکار دادەنیشن زۆرتر تووشی نەخۆشی دەبن"

باسی بیرەوەرییە کۆنەکانی خۆی کرد، شێخا میستۆ وتی: "ئەو کاتانەی کە لە گوندەکان دەژیاین و زۆر بە سەختی کارمان دەکرد، سەوزە و ڕووەکەکانمان دەچاند و مەڕ و مانگامان دەدۆشی، هەروەها ماست و پەنیرمان دروست دەکرد، کاتێک ئارەق دەکەی و ماندوو دەبیت بەهۆی کارکردنەوە، هەست بە باشی دەکەیت کە دەتوانیت کاربکەیت و هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، بەردەوام چالاک و پڕ وزە دەبیت بۆیە ئێمە تەندروستترین، ئەو کەسانەی بێکار دادەنیشن زۆرتر تووشی نەخۆشی دەبن، من ئێستا کە لە شاردا دەژیم زۆرتر تووشی نەخۆشی بووم".

 

" دەتوانرێت سوود لە گوڵ و ڕووەکی تایبەتی ناوچەکان وەربگیرێت"

شێخا نزیکەی ١٠ ساڵ پێش ئێستا دوکانێکی گیای کردوەتەوە، باسی لە سوودەکانی جۆرە گوڵێکی تایبەت بە ناوچەکەیان کرد کە ناوە زانستییەکەی Peganum harmala و وتی: "ئەو گوڵە بە شێوەیەکی ئاسایی لە خاکی ناوچەی بیابانیدا گەشە دەکات، دوای باران لە بەهاردا سەوز دەبێت و لە پایزدا دەتوانیت دەستت بکەوێت، ئەوە سوودێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە وزەی نەرێنی، هەروەها بۆ قژ و سەرئێشە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، من ئەم شێوازە لە داپیرەمەوە فێربووم".

 

"سروشت چارەسەری هەموو نەخۆشییەکانی هەیە"

سەبارەت بە دەرمانی کیمیایی کە لە دەرەوەی سوریاوە دێت، شێخا میستۆ وتی:" ئەو دەرمانانە بە بەکارهێنانی گیا بەرهەمدەهێنرێن کە لە وڵاتەکەماندا گەشە دەکەن، خەڵک دەتوانن دەرمانەکانیان لەو گژوگیا بەرهەمبهێنن سروشت خۆی دەرمانە و چارەسەری هەموو نەخۆشییەکانی هەیە، بەڵام خەڵکی ئێمە ئەمانە نازانن و دەچنە دەرمانخانەکان بۆ کڕینی دەرمان."

ت.پ