"شێرپەنجەی مەمک بووە بە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە"

دکتۆر نەرمین تەها ئاشکرایدەکات، لە ریزبەندى جۆرەکانى شێرپەنجە بەداخەوە شێرپەنجەى مەمک بووە بە بەربڵاوترین جۆرى شێرپەنجە.

دکتۆر نەرمین تەها ئاشکرایدەکات، لە ریزبەندى جۆرەکانى شێرپەنجە بەداخەوە شێرپەنجەى مەمک بووە بە بەربڵاوترین جۆرى شێرپەنجە.

ناوەندی هەواڵ

 

دکتۆر نەرمین تەها مستەفا پسپۆڕى نەشتەرگەرى گشتى و نەشتەرگەرى مەمک ئاشکرایدەکات، بەگوێرەى لێکۆڵینەوەىەکى پزیشکى لە ئامارەکانى ساڵى ٢٠٢٠ لە لایەن ئاژانسى نێودەوڵەتى بۆ توێژینەوەى شێرپەنجە "IARC" و کۆمەڵەى شێرپەنجەى ئەمریکى "ACS"و رێکخراوى تەندروستى جیهانى"WHO" کە لە جۆرناڵى کلینیکى شێرپەنجە لە٤ی شوباتی ٢٠٢١ لە رۆژى جیهانى شێرپەنجە بڵاوکراوەتەوە لە ساڵى ٢٠٢٠ نزیکەى ١٩.٣ ملێۆن حاڵەتى شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانى لە جیهان دەست نیشان کراوە، ١٠ ملیۆن کەسیش بە هۆى شێرپەنجە گیانى لە دەست داوە، پێشتر کە شێرپەنجەى سیەکان زۆرترین رێژەى تووشبووانى شێرپەنجە بوو بەڵام ئێستا شێرپەنجەى مەمک لە ژناندا لە ریزبەندى پێشەوەیە، پاشان شێرپەنجەى سییەکان و کۆڵۆن و پڕۆستات و گەدە و جۆرەکانى تر دێن.

دکتۆر نەرمین دەڵێت: "ئێمەش لە کوردستان هەست بەو ڕێژەیە دەکەین، بەڕاستى ئەوەش پێویستى بە هۆشیارى تەندروستى ژنان زیاترە، هەروەها پێویستە حکومەت پاڵپشتى زیاترى سەنتەرەکانى شێرپەنجە ونەخۆشیەکانى مەمک بکات کە هەموومان دەزانین خزمەتگوزارییەکان وەکو پێویست نین، لە ماوەى ١٤ ساڵى کارکردنم وەکو پسپۆڕێک لەو بوارە چەند تێبینیم بۆ دروست بووە".

 

دکتۆر نەرمین ئاماژە بە چەند پێویستییەک دەکات:

١-ژنان پابەند بن بە خۆپشکنینى مانگانە و سەردانى پزیشک لە کاتى هەست پێکردنى هەرنیشانەیەک کە پێشتر نەیبوون.

٢-بەدواداچوون و پشکنینى پێشوەختەى ساڵانە بکرێت بۆ هەموو ژنێک واتە پشکنینى کلینیکى و تیشکى مەمۆگرافى بە گوێرەى تەمەن.

٣-گوێ نەگرتن لەو کەسانەى کە پسپۆڕ نین لەو بوارە و ئامۆژگارى هەڵە و نازانستى نەخۆش دەکەن بۆ نموونە گرێیەکەت ژانى نیە کەواتە ترسناک نیە یان خۆت مەدەرە دەست دکتۆرەکان یان ئەگەر نەشتەرگەریت کرد ساڵى داهاتوو سەرهەڵدەداتەوە یان چارەسەرى کیمیایی وەرمەگرە چونکە بەڕاستى پێویستە نەخۆش پابەندى تەواوى بەرنامە و پڕۆتۆکۆڵى چارەسەریەکەت بى.

٤-هەموو ژنێک دەبێت ئاگادارى خۆى بێ بەڵام زۆر پێویستە مێژووى خێزان واتە ژمارەى تووشبووانى شێرپەنجەى مەمک لە نێو خزم و کەسە نزیکەکانى لەبەرچاو بگیرێت چونکە کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر بەرزبوونەوەى رێژەى تووش بوون لەو خێزانە.

 

لەکۆتاییدا دکتۆر نەرمین تەها دەڵێت: "ئەگەر نەشتوانین رێژەى تووش بوون بە شێرپەنجەى مەمک کەم بکەینەوە دەکرێ رێژەى مردن کەم بکەینەوە بەو رێکارانەى کە باسمان کردن".