شەقیقە و بە ڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا

پزیشک هه‌ڤین که‌مال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج سەربارەت بەو کەسانەی نەخۆشی شەقیقەیان هەیە و بەڕۆژوو دەبن چەند ڕێنماییەک دەخاتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

پزیشک هەڤین کەمال شا لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆربەی چارەخوازە ئازیزەکانم، ئەوانەی کە نەخۆشی شەقیقەیان ھەیە، کە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن لەوەی کەسەرئێشەکەیان لەوانەیە زیاد بکات یاخود بگەڕێتەوە، لەڕووی زانستییەوە زۆر ڕاستە کە لەکاتی بەڕۆژووبوندا ئازاری نەخۆشی شەقیقە و ئازاری لایەکی سەر زیاد دەکات،  توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە "١٤" کاتژمێر بە ڕۆژوو دەبن، ئەگەری توشبوونیان بەئازاری لایەکی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژووبونەکەیان کەمترە".

 

 

سەبارەت بە ھۆکاری زیادبوونی سەر ئێشەی شەقیقە لە ڕەمەزاندا پزیشک هەڤین کەمال چەند خاڵێک دەخاتەروو:

١- وشکبوونەوەی لەش بەھۆی کەمخواردنەوەی ئاو .

٢- بەرزبونەوەی فشاری خوێن.

٣- کەمخەوی و تێکچوونی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا.

٤- دابەزینی ڕێژەی شەکر لە لەشدا .

٥- گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی چارەسەرەکاندا.

 

چ کاتێک نەخۆشێکی شەقیقە دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت؟

- لەکاتێکدا کە نۆبەی سەرئێشەکە کۆنتڕۆڵکراوەو بە ڕێژەیەکی کەم دێت لە مانگێکدا،  کەتەنیا سێ چوار جار نەخۆشەکە تووشی دەبێت.

- سەرئێشەی شەقیقەکە تەنیا لەھەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەردەکەوێت و ئەویش بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

 

چ کاتێک ناتوانێت بە ڕۆژوو بێت؟

- ئەو کەسانەی لە ١٠ جار زیاتر لە مانگێکدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەکی ناڕێک تووش دەبن.

- ئەو کەسانەی سەر ئێشەی ھێشووی "cluster headache" کە پێی دەوترێت سەر ئێشەی عنقودیان لەگەڵدایە .

 

چ کاتێک دەبێت ڕۆژووەکە بوەستێنرێت؟

- زیادکردنی نەوبەی سەرئێشەکە و جاری توشبونی لەگەڵ نەمانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی.

- ئەگەر سەرئێشەکە نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، وەک سکچوون و تا و ڕشانەوە . ئەوکات پێویستە ڕای پزیشکەکەت

وەربگریت و ڕۆژووەکەت بوەستێنی .

 

چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی بەربانگ:

١- ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆ لەنێوان "٨-١٢" پەرداخ ئاو بە لایەنی کەمەوە.

٢- دووربکەوە لەو خواردنانەی کە لەوانەیە سەرئێشەکە دروست بکەن، وەک : ئایس کریم و مۆتا، پەنیر ، ساردەمەنیەکان ...ھتد.

٣- ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان و ڕێکخستنی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا.

٤- کەمکردنەوەی بەکارھێنانی بەھارات و خوێ و تەوابل و بۆنخۆشکەرەکان بۆ ناوخۆراک.

٥- کەمکردنەوەی شیرینیەکان و ئیشی ھەویر، خواردنە چەورەکان کەڕێژەی چەورییان بەرزە.

٦- ئەو خواردن و خواردنەوانە کەمبکەرەوە کە ڕێژەیەکی زۆر کافاینیان تیادایە، وەکو خواردنەوە گازییەکان ، نەستەلە ، چا و قاوە ...ھتد.

٧- مەچۆرە بەر خۆر و وەرزش مەکە لە کاتی ڕۆژدا .

٨- دووربکەوە لە جگەرە کێشان و نێرگەلە لەکاتی دوای بەربانگدا .

٩- دەتوانیت ڕۆژانە بەشێوەیەکی ڕێک وەرزش بکەیت لە دوای بەربانگ.

 

لە کۆتاییدا پزیشک هەڤین کەمال شا چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی پارشێو  بۆ ئەو کەسانە دەخاتەروو کە شەقیقەیان هەیە و بەڕۆژوو دەبن:

١- بەڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆرەوە.

٢- تا دەتوانیت ژەمی پارشێو دوابخە بۆ نزیک کاتی بانگی بەیانی.

٣- ئەو چارەسەرانەی بۆت نوسراوە لە کاتی بەربانگدا بیخۆ، پێش دەستکردن بە ڕۆژوو گرتن.

٤- دوور بکەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.

٥- دوور بکەوە لەھەر خواردنێک کە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەکەت زیادبکات وەک: پەنیر ، مۆز، شوکوڵاتە ...ھتد.

٦- دووربکەوە لە فاست فوود و خواردنە ئامادەکراو سورکراوەکان.

٧- ئەو خواردنانە بخۆ کە کاربۆھێدراتە ئاڵۆزەکانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەک : دانەوێڵە تەواوەکانی وەکو؛ ئاردی بۆر، برنجی بۆر، ھەندێک سەوزەی وەک: پەتاتە، بەزالیای سەوز، بروکلی، سپێناغ، پیاز، سیر، لەھەندێک میوەی وەک : توو، کیوی، ھەناریشدا ھەیە .

٨- ئەو خواردنانە بخۆ کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆم و مەگنیسێۆم و ڤیتامین "بی" یان تیادایە وەک: خورما ، چەرەساتەکان و بەتایبەت ناوکە کولەکە، شۆفان ...ھتد .