نەخۆشی هەوکردنی جگەر لەناو منداڵانی ئەوروپا بڵاوبووەتەوە

ناوەندی پاراستن و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان لە ئەوروپادا باس لە دەرکەوتنی چەند حاڵەتێکی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی جگەر دەکات لە ناو منداڵاندا کە سەرچاوەی نەخۆشییەکە دیار نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی پاراستن و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان لە ئەوروپا، حاڵەتەکانی توشبوونی منداڵان بە نەخۆشیەکانی هەوکردنی جگەر بە سەرچاوەی نادیار سەرەتا لە بریتانیا و پاشان لە چوار وڵاتی دیکەی ئەوروپای ڕاگەیاند، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی جگەر بە سەرچاوەی نادیار لە دانمارک، ئیسپانیا، ئیرلەند و هۆڵەند دەستنیشانکراوە، بە وتەی ناوەندەکە، ژمارەی توشبووان لە بەریتانیا گەیشتووەتە ٧٤ حاڵەت و ٩ حاڵەتی گومانلێکراویش لە نێوان منداڵانی تەمەن ١-٦ ساڵ لە ویلایەتی ئەلابامای ئەمەریکا تۆمارکراوە.

 

ناوەندی پاراستن و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان لە ئەوروپا دڵنیایدا کە لێکۆلینەوەکان لە سەر کەیسە گۆمانلێکراوەکان و ناسراوەکان لە وڵاتانی جیاوازدا بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری توشبوونی منداڵانی بە نەخۆشی هەوکردنی جگەر بە نادیاری ماوەتەوە، وەزارەتی تەندروستی فەرەنساش ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیەک لەبارەی ئەگەری تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشی هەوکردنی جگەر، دوو حاڵەتی قورس لە نەخۆشییەکە لە دەزگا پزیشکییەکانی شاری لیۆن دەستنیشانکراوە، کە پێویستی بە چاندنی جگەری لەناکاو هەیە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر حاڵەتی هەوکردنی جگەر و نەخۆشی هەوکردن لە منداڵاندا بڵاوببێتەوە، هەرچەند تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن لەناو منداڵانی توشبوو بە نەخۆشیەکە نییە، بەڵام ژمارەیەک لەو منداڵانەی کە تووشی نەخۆشی هەوکردنی جگەر بوون پێویستیان بە چاندنی جگەری خێرا هەبووە.