میز ڕانەگرتن لە منداڵدا هۆکار و چارەسەری چییە؟

نیگا شەفیق، پزیشکی منداڵان ئاماژە بەوەدەکات، کۆمەڵێک هۆکار هەن لە منداڵاندا دەبێتە هۆی ئەوەی میز ڕانەگرن، بەڵام زۆرینەی منداڵەکان تا تەمەنی ١٥ ساڵی خۆیان چاک دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک نیگا شەفیق، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لە دایکبووان و گەشە، دەربارەی میزبەخۆداکردن لە منداڵاندا نووسیوویەتی: لە کاتێکدا کە زۆرینەی منداڵ دەتوانن لە تەمەنی دوو ساڵ و ٦ مانگدا بە ڕۆژ، هەروەها لە تەمەنی سێ ساڵیدا بە شەوو بە ڕۆژ وشک بن، بەڵام میز ڕا نەگرتن تا تەمەنی ٥ ساڵیش حاڵەتێکی ئاساییەو بە نەخۆشی دانانرێت.

 

هۆکارەکانی میز ڕانەگرتن، تا ئێستا هۆکارەکانی بە تەواوەتی نەزانراوە بە ڵام کۆمەڵێک بۆچون هەیە ئەمانەی خوارەوە دیارترینیانن:

 

-زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە میز ڕاناگرن پێشینەیەکی خێزانیان هەیە، بۆیە منداڵ ئەگەر یەکێک لە باوانی وابوبێت ئەگەری هەیە ئەمیش ٣٣٪  وابێت، ئەگەر دایک و باوکەکەش وابووبن بە منداڵی ئەوا ئەگەری هەیە بە ڕێژەی ٧٧٪ منداڵەکەیان وابێت.

 

-کەمی دەردرانی هۆڕمۆنی کۆکردنەوەی ئاو "دژە میز کردن "ADH لەلایەن مێشکەوە.

 

-لە هەندێک منداڵدا کە خەویان زۆر قوڕسە، ڕەنگە ئاگادارکردنەوەی مێشک لە لایەن میزەڵانەوە لە کاتی خەودا چالاک نەبێت.

 

- لەو منداڵانەی کە بۆ ماوەیەک وشکن بە لانی کەمەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ یان زیاتر، پاشان ناتوانن میز ڕابگرن، لەوانەیە بە هۆی هەوکردنی بۆریەکانی میز و میزەڕۆوە بێت، یان نەخۆشی شەکرە، یان قەبزی یان فشاری دەروونی... هتد

 

چارەسەرەکان:

زۆرینەی منداڵەکان تا تەمەنی ١٥ ساڵی خۆیان چاک دەبن وە تەنها ٢٪یان دەمێنێت، دەتواندرێت پشت بەم ڕێگایانەی خوارەوە ببەسترێت وەک چارەسەر:

 

- سەرەتا ئەوەی گرنگە دایکان و باوکان بیزانن ئەوەیە دەبێت پاڵپشتی منداڵەکانیان بن و ئەوە بزانن لێ توڕەبوون و لێدان و تەریقککردنەوەی منداڵ نەک چارەسەر نییە بەڵکو حاڵەتەکە خراپتر دەکات، بۆیە دەبێت کە منداڵە کانیان دەبینن بەیانییەک وشکن دەست خۆشیان لێبکەن و هانیان بدەن کە ڕۆژێکیش دەیانبینن خۆیان تەڕکردوە بە هێمنی بیانگۆڕن و بیانشۆن بۆ ئەوەی بۆنیان لێ نەیەت و کەس پێیان نەزانێت و نەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونیان و متمانە بە خۆبوونیان کەم نەکاتەوە.

 

- پێویستە منداڵ بە ڕۆژ ڕێگەی بدرێت بە دڵی خۆی شلەمەنی بخواتەوە، لە کاتێکدا دەکرێت خواردنەوەی شلەمەنی لە شەودا سنوردار بکرێت، منداڵەکە لە دوا کاتژمێری پێش خەودا دوو جار ببرێتە توالێت، دوو کاتژمێر پاش نوستن هەڵبسێندرێت بۆ توالێت.

 

- بە کارهێنانی شۆرتی ئاگادارکەرەوە، ئەم شۆرتانە هەستەری تێدایە لە کاتی تەڕبوندا یەکسەر زەنگ لێدەدات، بەمەش مێشکی مناڵەکە ڕادێت کە ویستی میز بکات بە ئاگا بێت.

 

-چارەسەری دەروونی بە تایبەتی لەو منداڵانەی کە کێشەی دەروونی یا شەرم و ترس هۆکارن بۆ نە خۆشییەکە.

 

- چارەسەر بە دەرمان، وەک هەندێک دەرمانی دژە خەمۆکی، یاخود پێدانی هۆڕمۆنی دژە میزکردن بە شێوەی حەب و قەترە بەڵام پێویستە ئەمانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکی بەکار بهێندرێت.