قەدەغەکراوەکانی سووڕی مانگانە... ئازارێکی پەردەپۆشکراو و چارەسەرێکی پاشخراو

قەدەغەکراوەکانی دەورووبەری سووڕی مانگانە ناچار دەکەن زۆرێک لە ژنان ئازارەکانیان بشارنەوە، جا لە ژینگەی کاردا بێت یان تەنانەت لە ماڵەوەش، کە هەندێک جار تەنانەت بۆیان نییە داوای پشوودان یان یارمەتی بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.

سارا پورخەزری

 

کرماشان ـ لە توندی ئازارەکەوە، بەبێ ئیرادە لەناو خۆیدا بچووک دەبێتەوە، بەڵام تەنانەت ناوێرێت دەستی لەسەر سەرچاوەی ئازارەکە دابنێت، دەزانێت کە ئەم تاکە جووڵەیە بەسە بۆ ئەوەی سەرنجی کەسانی دەوروبەری ڕابکێشێت.

 

لە هەر جارێکدا کە لە کورسییەکەی هەڵدەستێت، خێرا بە چاوێکی نیگەران و شڵەژاوەوە سەیری کورسییەکە دەکات، لە ترسی ئەوەی نەوەک پەڵە خوێنێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتبێت و کەسێک سەرنجی بۆی بچێت. ئەم دیمەنە، لە سەرەتاوە، لە تاوانبارێکی بریندار دەچێت کە دەترسێت هێزە ئەمنییەکان ئاشکرای بکەن.

 

ئازارێک کە دەبێت بشاردرێتەوە

هەموو ژنان لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ژیانیان لە هەموو مانگێکدا، ئەزموونی سووڕی مانگانە دەکەن کە ئەزموونێکی بایۆلۆژی و زۆر سروشتییە و بەشێکە لە کارکردی جەستەی مرۆڤ، بەڵام ئەم بابەتەی کە دەبێت ئاسایی و قبوڵکراو بێت، لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا بەهۆی پێکهاتە پارێزگار و باوکسالارییەکان و قەدەغکراوە قووڵەکانەوە بووەتە یەکێک لە قورسترین سەردەمەکانی ژیانی ژنان، بە جۆرێک کە نەک هەر دەبێت ئازار و گۆڕانکاری هۆرمۆنی و فشارە جەستەییەکان تێپەڕێنن، بەڵکو ناچاریش دەکرێن ئەم پرۆسە سروشتییە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە بشارنەوە، وەک ئەوەی سووڕی مانگانە شتێکی شەرمەزارکەر یان نەخوازراو بێت.

 

لەیلیا. ق، کە ژنێکە ئەزموونێکی هاوشێوەی دەستپێکی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکەمان لە ژینگەی کاردا هەبووە، وتی: من تەنها ژنی شوێنی کارەکەمم، لە یەکێک لە بۆنەکاندا سووڕی مانگانە لە نیوەی کاتژمێرەکانی کاردا بەسەرمدا شکایەوە و ئازار هەموو جەستەی گرتمەوە، ئازارەکە ئەوەندە توند بوو کە هەستم دەکرد جەستەم لە ناوەوەگۆڕاوە وگوشراوە، بەڵام تەنانەت بوێری ئەوەم نەبوو داوا لە کارگوزاری چێشتخانەکە کە پیاو بوو بکەم پەرداخێک چای نەباتم بۆ بێنێت، بەڵکو کەمێک دڵم ئارام بێتەوە، هەروەها وەرگرتنی مۆڵەت بۆ من دڵنیایی نییە، چونکە بەڕێوەبەرەکە هەمیشە بۆ هەر مۆڵەتێک بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکردم، بۆم نەبوو پێی بڵێم کە من لە قۆناغی سووڕی مانگانەدام.

 

وتیشی: لە هەموو مانگێکدا هەمان ئەم بارودۆخە دەژیم، مافی خۆمانە کە مۆڵەتی ئەم حاڵەتەمان هەبێت و ناچار نەبین لەو ڕۆژانەی کە ئازارمان هەیە کارێکی قورس بکەین، بەڵام بەداخەوە، لە ژینگەی کاردا، نەک هەر مۆڵەتمان نییە و ناتوانین ئازارمان دەربخەین، بەڵکو تەنانەت بوێری ئەوەشمان نییە پەرداخێک چای نەبات بخۆینەوە.

 

"کاتێک ئازاری ژن بە هەند وەردەگیرێت"

پیاوسالاری نەک هەر لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە گەورەکاندا دەردەکەوێت، بەڵکو دەتوانێت خۆی دزە پێبکاتە ناو وردترین ئەزموونە ڕۆژانەکانی ژنانەوەش، زۆرێک لە ژنان لە کاتی سووڕی مانگانەدا، سەرەڕای بەرگەگرتنی ئازار و ماندووبوون، بە سەختی هەوڵ دەن هیچ نیشانەیەک دەرنەخەن کە ئاماژە بە باری جەستەییان بکات، هەندێک جار تەنانەت ئیسراحەتکردنێکی کورت یان کەمکردنەوەی چالاکی بۆیان ئاسان نییە، وەک ئەوەی بەرگەگرتنی ئازار بەشێک بێت لە ئەركە ڕۆژانەکەیان، ئەم فشارە بۆ شاردنەوەی ئازار و بەردەوامبوون لە چالاکییەکان ئەزموونێکە کە زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ستارە. س، ژنێک کە هەموو مانگێک لەگەڵ ئازاری توندی سووڕی مانگانەدا دەجەنگێت، وتی: لەو ساڵە سەرەتاییانەی کە سووڕی مانگانە دەستی پێکرد، هەمیشە هاوڕێی ئازاری بێوێنە بوو، بۆیە دوای هاوسەرگیریش ئەم دۆخە بەردەوام بوو، بەڵام هاوژینەکەم نەک هەر ئەم ئازارەی بە شتێکی سروشتی نەزانى، بەڵکو بەردەوام بە قسەکانی  بێڕێزی پێدەکردم و دەیوت: ئەگەر بمزانیایە کێشەت هەیە، هەرگیز هاوسەرگیریم لەگەڵت نەدەکردیت، دایکیشی لە هەر جارێکدا بە زمانی گازندەوە دەیوت: لە سەردەمی ئێمەدا لەم جۆرە خەرافاتانە نەبوو، هەمووان بەرگەگرتنی ئازاریان دەکرد، چارەسەرکردنی ئازارەکەت هەڵەیەکی گەورەیە و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵت نەبێت.

 

ئەو ڕوونیکردەوە، کە ئەم قسانە وایکرد هاوژینەکەم ڕێگری لە دەرزی لێدان بکات، وەک ئەوەی جەستە و ئازارەکەم ببێتە بابەتێک کە کەسانی تر مافیان هەبێت بڕیاری لەسەر بدەن، ئێستا، هەموو مانگێک تا لێواری بورانەوە ئازار دەچێژم و نەک تەنها لێم تێناگا، بەڵکو هاوژینەکەم لەو ڕۆژانەدا چاوەڕێی ئەوەم لێدەکات کە نان ئامادە بکەم، کارەکانی ماڵەوە بکەم، وەک ئەوەی ئازارەکەم ئەرکەکەم بێت، جەستەم هیچ مافێکی نەبێت بۆ یەک چرکەش لەم بازنە توند و بێبەشە کارگێڕییە دەربچێت.

 

لە زۆرێک لە باوەڕە فەرهەنگییە هەڵەکاندا، ئازاری سووڕی مانگانە وەک نیشانەیەک بۆ سزایەک یان هەڵەیەکی ڕەوشتی سەیر دەکرێت، نەک وەک وەڵامێکی بایۆلۆژی سروشتی، ئەم تێڕوانینە ژنان ناچار دەکات لە جیاتی بەدەستهێنانی پشتیوانی، ڕووبەڕووی پێشوەختە دادوەرییەکان و هەستی شەرمەزاری ببنەوە، ئەمەش بەرامبەر ژنانی بێ هاوژین زیاتر توندتر دەبێت، چونکە هەندێک نەریتی هەڵە ئەم ئازارە بە ئارەزووە سێکسییەکانەوە دەبەستنەوە، ئەمەش خێزان ناچار دەکات هەوڵی سەرکوتکردن یان شاردنەوەی بدەن.

 

مەترسی ئەم باوەڕانە تەنها لەوەدا نییە کە زانستی نیین، بەڵکو ئەوەیە کە ئەزموونێکی سروشتی جەستەیی دەگۆڕن بۆ بابەتی دادوەری ڕەوشتی و فشارە دەروونییەکان، کە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر منداڵانی کچ و ئازادییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆیاندا بە شێوازێکی سروشتی بەجێدەهێڵێت.

 

لە قەدەغکراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ دواکەوتنی چارەسەر

ئیلهە. ڕ، پزیشکی ژنان لە کرماشان، ڕاستی ئازاری سووڕی مانگانە شیدەکاتەوە و وتی: زۆرێک لە منداڵانی کچ سەردانیان کردم و سکاڵایان لە ئازاری توندی سووڕی مانگانە هەبوو، بەڵام یەکەم کاردانەوەی دایکەکە ئەوە بوو کە چۆن منداڵێکی کچ دەتوانێت هێندە ئازاری هەبێت؟ ئەم پرسیارە لە خۆیدا نیشانەیەکە بۆ ئەو قەدەغەکراوانەی کە بۆ چەندین ساڵ سێبەریان خستووەتە سەر جەستەی ژنان، دەبنە هۆی فەرامۆشکردنی ئازارە ڕاستەقینەکان.

 

ڕوونیکردەوە، که لە زۆر حاڵەتدا، کچانێک سەردانیان کردم کە کێشەی کیسەی هێلکەدانی توندیان هەبوو، ئەو کیسانەی کە یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئازارە بەردەوام و بێزارکەرەکانی ناو جەستەیان، بەڵام بەهۆی پێشوەختە دادوەرییەکانی دەورووبەریانەوە، ئەم کچانە بۆ چەندین ساڵ ئازارەکەیان سەرکوت کرد، لە ترسی ئەوەی کەسێک تێڕوانینێکی هەڵە لەسەر جەستە یان ژیانی تایبەتیان دروست بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بێدەنگییە ناچارییە خۆی بووە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و پرۆسەی چارەسەرکردنی قورستردوو کردووە وتی: ئازاری سووڕی مانگانە بەڵگە نییە لەسەر ڕەوشتی منداڵێکی کچ، شتێکیش نییە کە پێویست بکات بشاردرێتەوە؛ بەڵکو بابەتێکی پزیشکییە کە پێویستی بە گرنگیدان، هۆشیاری، تێکشکاندنی قەدەغەکراوەکانی کۆمەڵایەتییە.