پزیشک سەحەر: توێژینەوەکەم لەسەر ڕووەکە دەرمانییەکانە

پزیشک سەحەر حسێن حەمە ڕەشید، ئەنجامی تویژینەوەیەکی لەسەر ڕووەکی گوێ بەرخ لە رۆژنامەکاندا بڵاوبووەتەوە کە دەتوانرێت وەک دەرمان بەکاربهێنرێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی کورد سەحەر ڕەشید، لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی جیهانی شپرینگەر، بە یەکێک لە لێکۆڵینەوە تایبەتمەندەکان دانراوە و ئەندامانی ئەو رۆژنامەیە گرنگیان پێداوە و بێ بەرامبەر لێکۆڵینەوەکەیان بڵاوکردووەتەوە.

 

پزیشک سەحەر حسێن حەمە ڕەشید، سەرۆکی بەشی کارگێڕی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە کۆلێژی تەکنیکی زانستە پراکتییەکان لە کۆلیژی تەکنیکی هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتى: ئەو بەشەى من دکتۆرام تێیدا هێناوە پلان فسیۆلۆجییە کە تایبەتە بەو کارە وردانە لەناو خانەکانی ڕووەکدایە و ئێمە کاری لەسەر دەکەین.

 

وڵاتی ئێمە دەوڵەمەندە بە ڕووەکە کێوییەکان

پزیشک سەحەر وتی: "وڵاتی ئێمە دەوڵەمەندە بە ڕووەکە کێوییە سروشتیەکان، هەرچەندە لەپێشتردا بە شێوەی سوننەتی بەکارهاتووە و زانستی نەبووە"، لە ئێستادا پزیشکەکان توانیوویانە دووبارە کار لەسەر ئەو ڕووەکانە بکەن و پزیشک سەحەریش ڕووەکی گوێ بەرخی بە نمونە وەرگرتووە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کە ڕێژەی ئۆکسانیان لە ناوەوە بەرز کردووەتەوە و توانیویانە بەرهەمی بهێنن و وەک دەرمان بەکاربهێنرێت.

 

ئەم ڕووەکە زیاد لە سەد جۆری هەیە

پزیشک سەحەر زیاتر وردەکاری دەدات لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو ڕووەکە و وتی: زیاتر لە بەهاردا دەردەکەوێت و لە وەرزی بەهار تۆوەکەمان گرت، لە تاقیگەکاندا دووبارە کارمان لەسەر کردەوە و وەک ئەوەی دووبارە گوێ بەرخێک بەرهەمبێنین کە ماددە و پێکهاتەی بەرزتری هەیە و دواتر لە دەرمانسازی و پیشەسازی بەکاردەهێنرێت.

 

دوای بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی لە لێکۆڵینەوەکەیاندا پاش ساڵیک توانرا ببێتە جێی بایەخی جۆرناڵی شپرینگ، هەروەها بەبێ بەرامبەر توێژینەوەکە وەرگیراوە چونکە دەتوانرێت سوودی زیاتر لەو ڕووەکە وەربگیرێت.

 

بۆ ناسینەوەی ئەو ڕووەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە تا سودی لێوەربگیرێت، ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد کە ئەم ڕووەکە وەک گێلاخە وایە و کەمێک کوڵکنە، وەک ناوە زانستیەکەی مانای گوێی بەرخ دەدات، وتیشی: پرسیار و ڕاوێژمان لەگەڵ هاوڵاتیان و کەسانی بە ئەزموونیشدا کردووە، ئەوانیش دەڵێن هەر بە گوێ بەرخ ناسراوە.

 

دەرمانساز و پزیشکەکان دەتوانن سودێکی زۆری لێوەربگرن

دەربارەی تایبەتمەندی ڕووەکەکە، پزیشک سەحەر وتی: ئەم درەختە خۆڕسک دەڕوێت زیاتر لە بەهاردا دەبێت و بە شێوازی دەرمانی سودی لێدەبینرێت، وشک دەکرێتەوە و لە تاقیگەدا دەتوانرێت بکرێتە ئازار شکێن، هەروەها وەک دەرمانی ئیلتهاب بەکاردێت، هەروەها لەناو کۆمەڵگەشدا وەک سەوزەوات دەخورێت و هەمان سودی دەرمانی هەیە.

 

ت.پ