منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە بەرزبوونەوەدایە

سەرەڕای بوونی مەترسی لەسەر دایک و منداڵەکە لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ منداڵبوون، دایکان سوورن لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری وەک دکتۆر ئیسرا ئیسماعیل ئاماژەی پێدەکات هەندێک دایک پێیان ئاساییە گیان لەدەستبدەن تەنها لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ئازاری منداڵبوون نەبنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕێژەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ مەبەستی منداڵبوون زیادی کردووە، ئێستا ژنان بەر لەوەی منداڵیان ببێت یاخود دووگیان ببن بڕیار دەدەن بە نەشتەرگەری منداڵەکەیان بهێننە دونیاوە، بێ ئەوەی ئاگاداربن لە زیانەکانی نەشتەرگەری و ئەو سودانەی دایکێک لە منداڵبوونی سروشتی بەدەستی دەهێنێت.

نەشتەرگەری بە ڕێژەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان ئەنجام دەدرێت و لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی حکومی ڕێگە بە دایکەکە نادرێت خۆی هەڵبژاردن بکات بەڵکو بە پێی پێویستی بۆی ئەنجام دەدرێت هەر بۆیە دایکان زیاتر ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن تا سەرپشک بن لە بڕیاردان.

دکتۆر ئیسرا ئیسماعیل، پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون بە ژنهای ڕاگەیاند، "ئەو دایکانەی داوای نەشتەرگەری دەکەن زانیارییان نییە لەسەر مەترسیەکانی نەشتەرگەری".

 

"زۆرینەی ئەو دایکانەی ویستیان نەشتەرگەرییە، تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە"

دەربارەی ئەو دایکانەی بە ویستی خۆیان داوای نەشتەرگەری دەکەن دکتۆر ئیسرا وتی: "زۆرینەی دایکەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە یاخود تەمەنێکی گونجاویان نییە و نازانن منداڵبوون و نەشتەرگەری چییە، هەروەها بەشێکی دیکەیان تەمەنیان لە ٣٥ ساڵ زیاترە کە ترسیان لە منداڵبوون هەیە".

دکتۆر ئیسرا پێی وایە ئەگەر ژنان ڕۆشنبیر بن و هۆشیارییان هەبێت دەربارەی منداڵبوون بەگشتی و نەشتەرگەری بە تایبەت، پەنا نابەنە بەر نەشتەرگەری.

 

"پێویستە نەشتەرگەری تەنها بۆ حاڵەتی نەخوازراو بکرێت"

دکتۆر ئیسرا دەربارەی ئەو حاڵەتانەی کە پێویست بە نەشتەرگەری دەکات وتی: " نەکرانەوەی منداڵدان لە چوار سانتیم زیاتر، دانەبەزینی سەری منداڵ کە ئەم حاڵەتە زیاتر لەو دایکانە ڕوو ئەدات کە دووگیانن بە منداڵی یەکەم، هەندێک کات منداڵەکە لەناو منداڵدانی دایکەکە دانیشتووە کە بە ئاسایی دەبێت بە سەرابێت، هەروەها لە هەندێک باردا وێڵاشی منداڵ پێش وێڵاشی دایکەکە دێت کە ئەمەش حاڵەتێکی نەخوازراوە، جیا لەمانەش ئەو دایکانەی منداڵی یەکەم و دووەمیان بە سروشتی نەبووە ناچارن منداڵەکانی دواتریان بە نەشتەرگەری ببێت".

هەندێک بارودۆخی دیکەشی باسکرد وەک، هەندێک دایک هەیە بەسەر دووگیانییەوە توشی پەستانی خوێن یاخود شەکرە دەبن کە قورسە بۆیان بە سروشتی منداڵیان ببێت بۆیە پەنادەبەنە بەر نەشتەرگەری، هەروەها ئەو دایکانەی کێشی لەشیان زیادە ڕێگرە لەوەی بە ئاسانی منداڵی سروشتیان ببێت و زیاتر بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت.

 

مەترسییەکانی نەشتەرگەری چین؟

دکتۆر ئیسرا باسی لەوەکرد لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەگەری هەیە دایکەکە زیان بگات بە میزەڵدان و بۆری میزی، یاخود دەبێتە هۆی نەزۆکی بەهۆی نوساندنی منداڵدان بە ڕیخۆڵە و میزەڵدانەوە، هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شیری دایک لە پاش لەدایکبوون، هەر بۆیە نەشتەرگەری زیانەکانی زیاترە لە سود بە بەراورد بە منداڵدانی سروشتی، وتیشی: "هەر دایکێک پێش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت بە ڕەزامەندی خۆی لەسەر هەموو مەترسییەکان واژوو دەکات".

 

"سەرەڕای زانینی مەترسییەکان ، ژنان سوورن لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری"

دکتۆر ئیسرا ئاماژە بەوە دەدات، ژنێک داوای نەشتەرگەری بکات ڕاستەوخۆ دکتۆر بۆی ئەنجام نادات بەڵکو لەلایەن دکتۆری تایبەت ڕێنمایی دەکرێت و ئاشنا دەکرێت بە زیانەکانی و پێی ڕادەگەیەنرێت ئەگەری هەیە بەهۆی بەنجەوە ڕووبەڕووی مردن ببیتەوە، بەڵام ژنان بێ گوێدانە مەترسی سوورن کە نەشتەرگەری بکەن و دەڵێن "بشمرین ئاساییە بەس نەشتەرگەری ئەنجام بدەین".

بۆیە پێی وایە پێویستە لایەنێک هەبێت بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی ژنان، کە نەشتەرگەری بەوشێوە ئاسانە نییە کە لێی تێگەیشتوون، لە ڕێی لیژنەی تایبەتەوە بێت یاخود بەرنامەی تەلەفیزیۆنی، هەروەها چاکسازی بکرێت لە نەخۆشخانەکان تا کار ئاسانی بکرێت بۆ لەدایکبوونی سروشتی، دایکان خۆشیان هەوڵبدەن گوێڕایەڵی دکتۆرەکان بن.

 

"هەرچەند ڕێگری بکرێت لە نەشتەرگەری، نەخۆشخانە تایبەتەکان هەر ئەنجامی دەدەن"

دکتۆر ئیسرا ئیسماعیل ئاشکرایکرد کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی منداڵبوونەوە هەوڵ دراوە ڕێگە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بگیرێت یاخود ڕێژەکەی کەم بکرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی زانستی پێکهێنراوە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون، بە پێی ئەو لیژنەیە بڕیار دەدرێت لەسەر ئەو دایکە ئایا پێویستی نە نەشتەرگەرییە یاخود نا، بەڵام ئەو لیژنەیەی پێکهێنرابوو بۆ چاودێریکردنی نەخۆشخانە تایبەتەکان دواجار بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشێندرایەوە.

 

ژنان گرنگی بە تەندروستی نادەن بەڵکو لە خەمی جوانی جەستەیاندان

وەک دکتۆر ئیسرا ئاماژەی پێدەکات، زۆرینەی ژنەکان داوا دەکەن جەستەیان تێکنەچێت لە ڕێی مداڵبوونی سروشتییەوە هەر بۆیە داوا دەکەن بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە چونکە ژنان ئاگاداری ئەوە نین لەوکاتەی منداڵ بە نەشتەرگەری دەبێت ڕێگرە لە دابەزاندنی کێش.