"خۆپشکنینی مەمک یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی تەندروستی ژنان"
پزیشک نەرمین تەها لە بابەتێکی هۆشیارییدا دەنووسێت: خۆپشکنینی مەمک "Self Breast Examination" یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی تەندروستی ژنان، بە ناسینی لەشی خۆت، دەتوانیت زووتر گۆڕانکارییە نائاساییەکان بدۆزیتەوە.

ناوەندی هەواڵ
شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکە کە ناتوانرێت بە تەواوی پێشبینی بکرێت بەڵام دەتواندرێت هەندێک هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون.
بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO"، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢ ملیۆن حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە، نزیکەى ١ لە هەر ٨ ژنێک لە ژیانیدا تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت.
دەربارەی خۆپاراستن لەم جۆرە شێرپەنجەیە پزیشک نەرمین تەها، پسپۆڕ لە نەشەرگەری مەمک چەند خاڵێکی خستوەتەڕوو کە بریتیین لە:
-منداڵبوون لە تەمەنێکی گونجاو: منداڵبوون لە تەمەنێکی زوودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
-شیردانی سروشتی: دایکانێک کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان، مەترسی تووشبوونیان کەمترە.
-کۆنترۆڵکردنی کێش: پاراستنی کێشێکی تەندروست، مەترسی تووشبوون کەمدەکاتەوە.
-وەرزشکردنی بەردەوام: چالاکیی جەستەیی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستیت.
-کەم بەکارهێنانی حەبی مەنع: بەکارهێنانی درێژخایەنی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانی دەکرێت مەترسییەکە زیاد بکات، بۆیە باشترە لەگەڵ پزیشکەکەت ڕاوێژ بکەیت.
هەروەها دەربارەی ئەوەی کەی و چۆن خۆپشکنین ئەنجام بدەیت؟ نووسیویەتی:
کات:
یەک جار لە مانگێکدا، چەند ڕۆژێک دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانەت.
بۆ ژنان لە قۆناغی وەستانی سووڕی مانگانە یان دووگیان: هەمان ڕۆژ لە هەموو مانگێکدا هەڵبژێرە، بۆ نموونە یەکەمی هەموو مانگێک، تا لەبیرت نەچێت.
شوێن و شێواز:
لەپێش ئاوێنەدا: سەیری مەمکەکانت بکە بۆ گۆڕانکاری لە قەبارە، شێوە، ڕەنگ، یان هەر گرێ یان خورانێک. دەستەکانت بەرز بکەرەوە و دووبارە سەیریان بکە.
لە کاتی خۆشتندا: لەشی تەڕ و سابووناو ئاسانکاری دەکات بۆ هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک.
لەسەر جێگا "ڕاکشاو": لەسەر پشت ڕابکشێ و دەستێک بخەرە ژێر سەرت، پاشان بە دەستەکەی ترت بە شێوازێکی بازنەیی هەموو مەمکەکەت بپشکنە.
گرنگە بزانیت:
خۆپشکنین جێگەی پشکنینی پزیشکی ناگرێتەوە، بەڵام یارمەتیت دەدات کە هۆشیار بیت و هەر گۆڕانکارییەک بە زووترین کات بە پزیشکەکەت ڕابگەیەنیت.