جەڵتەی مێشک؛ مەترسییەکی بێدەنگ کە هەڕەشە لە ژیانی ژنان دەکات لە مەغریب

جەڵتەی مێشک دووەم هۆکاری سەرەکی مردن و کەمئەندامییە لە سەرانسەری جیهاندا، کە مەترسییەکانی بۆسەر ژنان زیاترە بەهۆی ئاڵۆزییە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، کە لە دووگیانی و منداڵبوون و گۆڕانکاری هۆرمۆنەکانەوە تا دەگاتە فشاری دەروونی خێزانی دەگرێتەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- جەڵتەی مێشک تەنها حاڵەتێکی فریاگوزاری پزیشکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و تەندروستییە کە لاوازی ژنان زیاتر دەکات، بە جۆرێک هەر خولەکێک دواکەوتن لە چارەسەرکردنی دەتوانێت ببێتە هۆکاری لەدەستدانی جووڵە یان قسەکردن و مردن،  هەربۆیە هۆشیاری پێشوەختە و پراکتیزەکردنی خۆپارێزی دەکاتە پێویستییەکی ڕۆژانە لە دژی ئەم "مەترسی بێدەنگە".

 

لە مەغریب کە ساڵانە هەزاران حاڵەت تۆمار دەکرێت، بەپێی پەیمانگای پێوانە و هەڵسەنگاندنی تەندروستی، وڵاتەکە ساڵانە نزیکەی ٥٢ هەزار و ٥٦١ حاڵەتی جەڵتەی مێشک تۆمار دەکات و لە ئەنجامدا ٣٦ هەزار و ٥٠٨ حاڵەتی مردن هەیە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی هۆشیاری پێشوەختە و دەستێوەردانی خێرا وەک یەکەم هێڵی بەرگری بۆ ڕزگارکردنی ژیان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، ئەمەش وایکردووە پەروەردەی تەندروستی ببێتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ پاراستنی ژنان و خێزانەکانیان لەم مەترسییە بێدەنگە.

 

''گرنگی هۆشیاری پێشوەختە''

ڕەبیعە عەلوی تەمەن ٥٢ ساڵ، کە مامۆستایەکی خەڵکی بەیزایە، هەندێکجار تووشی سەرئێشەی کتوپڕ و بێهێزی دەستی ڕاستی دەبوو، بەڵام بە ماندوێتی ئاسایی دەزانی بەهۆی فشاری کار و بەرپرسیارێتی خێزانییەوە.

 

ساڵێک لەمەوبەر لەکاتی خۆئامادەکردن بۆ وانە وتنەوە هەستی بە لاوازییەکی کتوپڕ لە قاچی و سەختی لە قسەکردندا کرد، بەڵام دەستبەجێ نەچووە نەخۆشخانە، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی بەشێک لە جوڵە و قسەکردنی.

 

دوای ئەوەی پزیشکەکان دەستوەردانیان کرد و دەستیان بە چارەسەریکردنی کرد، ڕەبیعە عەلەوی توانی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر زوو نیشانەکانم بناسییایەتەوە و ڕاستەوخۆ بچومایە بۆ نەخۆشخانە، ئەنجامەکان زۆر باشتردەبوون، ئێستا دەزانم هەموو خولەکێک گرنگە و وریا دەبم و بە بەردەوامی چاودێری تەندروستیم دەکەم.

 

ئەم چیرۆکە تیشک دەخاتە سەر گرنگی هۆشیاری پێشوەختە و دەستێوەردانی خێرا، هەروەها ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی وەک سەرقاڵی خێزان و کار، کە چاودێری تەندروستی دوادەخەن و مەترسی ئاڵۆزییەکان زیاد دەکەن.

 

 

هەروەها د.بەهیجە عەسری وتی: ''دەستێوەردانی پێشوەختە، چ بە چوونی خێرا بۆ نەخۆشخانە یان سەنتەری فریاکەوتنی تەندروستی، ڕێگای یەکلاکەرەوەیە بۆ ڕزگارکردنی ژیان، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە زۆرجار چاودێری تەندروستی دوادەخەن بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە خێزان و کارەوە''.

 

''جەڵتەی مێشک پێشبڕکێیەکە بەرامبەر بە کات''

ڕوونیشیکردەوە، جەڵتەی مێشک بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کاریگەری دەبێت، کە هەندێکیان هاوبەشن بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، وەک بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، تێکچوونی دڵ، جگەرەکێشان و قەڵەوی، هەروەها هۆکاری تایبەت بە ژنان هەن، وەک گۆڕانی هۆرمۆنەکان، دووگیانی، منداڵبوون، بەکارهێنانی ڕێگری لە دووگیانی و وەستانی سوڕی مانگانە، هەروەها هەندێک لەو هۆکارانە دەتوانرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کۆنترۆڵ بکرێن، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە وەک تەمەن یان مێژووی خێزان، ناتوانرێت بگۆڕدرێن، بۆیە خۆپاراستن و هۆشیاری پێشوەختە هەنگاوی بنەڕەتین.

 

بەهیجە عەسری جەختی لەسەر پێویستی چاودێریکردنی هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە هاوسەنگیدا کردووەتەوە، وەک لاوازی یەکێک لە ئەندامەکان، کێشەی قسەکردن، سەرئێشەی توندی نائاسایی، یان گۆڕانکارییەکی کتوپڕی بینین، هەروەها  زوو ناسینەوەی ئەم نیشانانە و چوونی دەستبەجێ بۆ نزیکترین بنکەی تەندروستی جیاوازیەکی گەورە لە ئەنجامی چارەسەرکردندا دروست دەکات.

 

 

''ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و تەندروستی''

ڕاستی مەغریب دەریدەخات کە زۆرجار ژنان زیاتر لە پیاوان کاریگەرییان لەسەردەبێت تا ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەستنیشانکردنی پێشوەختە، ئەمەش بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بەرپرسیارێتی خێزانی، سنوورداربوونی جوڵە و نەزانینی تەواو لەسەر نیشانەکان.

 

شارەزایان پشتڕاستی دەکەنەوە کە پەروەردەی تەندروستی بەردەوام دەتوانێت ڕێژەی مردن و کەمئەندامی کە لە ئەنجامی جەڵتەی مێشکەوە دروست دەبێت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، بۆ خۆپاراستن بەهیجە عەسری ئامۆژگاری چاودێریکردنی پەستانی خوێن و شەکرەی کرد بە بەردەوامی و پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست و وەرزشکردن بە بەردەوامی و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و پاراستنی کێشێکی تەندروست، هەروەها پەروەردەی تەندروست لای ژنان هەنگاوێکی گرنگە بۆ خۆپاراستن، کاتێک ژن نیشانە سەرەتاییەکان دەزانێت دەتوانێت خۆی و خێزانەکەی لە دەرئەنجامەکان بپارێزێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جەڵتەی مێشک دووەم هۆکاری سەرەکی مردن و کەمئەندامییە لەسەر ئاستی جیهان و داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنان زیاتر تووشی ئاڵۆزییەکان دەبن دوای وەستانی سوڕی مانگانە، بەتایبەتی کاتێک دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پێشوەختە دوادەکەوێت، لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی هۆشیارییەوە، مەغریب بە نوێگەری دادەنرێت لە بواری خۆپاراستن و چاودێری تەندروستی، بە گرنگیدان بەو ژنانەی کە زۆرجار دواکەوتوون لە داوای یارمەتی پزیشکی.