جگەرەکێشان بە بەردەوامی دەبێتە هۆی بچووک بوونەوەی قەبارەی مێشک

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ڕۆژانە بە بەردەوامی جگەرە دەکێشن قەبارەی مێشکیان بچووکتر بووە، بەراورد بەو کەسانەی کە جگەرەکێش نین.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەران لە زانکۆی پێنسیلڤینیای ئەمریکا، توێژینەوەیان لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە کردووە کە ڕۆژانە جگەرەدەکێشن لەگەڵ ئەو کەسانەی هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە، بۆیان دەرکەوتووە کەسانی جگەرەکێش قەبارەی مێشکیان ١.٧ سانتیمەتر بچووکتر بووەتەوە بە بەراورد بەو کەسانەی هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە.

 

بەشداربووەکان لە چەند کاتێکی جیاوازدا تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە تا بە تێپەڕبوونی کات جیاوازیەکە هەست پێ بکەن، هەروەها توێژەران دەڵێن بچووک بوونەوەی قەبارەی مێشک پەیوەندی بە چەند نەخۆشییەکی مێشکەوە هەیە وەک نەخۆشی لەبیرچوونەوە.

 

ئەو توێژینەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر پزیشکان و توێژەران چەندین زیانی جگەرەکێشانیان خستووەتەڕوو، لەوانە ناتەندروست بوونی سییەکان و هەناسە، دروست بوونی نەخۆشییەکانی دڵ و هتد.