"بەهۆی ئەو فشارەی لە کۆمەڵگەدا هەیە ژنان زیاتر ڕوو لە ئەنجامدانی یۆگا دەکەن"

سۆزان عوسمان ڕاهێنەری یۆگایە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەو هونەرەوە ژنانی چواردەوری لە ئاڵۆزییەکانی ژیان بێنێتە دەرەوە و ئاشنایان بکاتەوە بە خودی خۆیان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- یۆگا فەلەسەفەیەکە پێکهاتووە لە بیرکردنەوە و خاوێنکردنەوەی هزر بۆ بەڕێکردنی ژیانێکی ئازاد، هەناسەدان لە یۆگادا بنەمایەکی گرنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی مێشک، یۆگا هونەرێکە و لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئێستا نامۆیی پێوە دیارە، بەڵام ژنان لەم بوارەشدا جێ دەستیان دیارە و هەوڵیان داوە بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان ئەم هونەرە ئاشنا بکەن بە کۆمەڵگە، ژنانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە ئەنجامدانی ئەم هونەرە دەکەن.

 

"بۆ ئارامکردنەوەی دەروونم یۆگام ئەنجامدا"

سۆزان عوسمان، ڕاهێنەری یۆگا و ماوەی ١٧ ساڵە ڕاهێنانی یۆگا دەکات، کاتێک سۆزان دەستی کردووە بە یۆگا، کۆمەڵێک ناهاوسەنگی لە خۆیدا هەبوو، کە دەیویست ئارامتر ببێتەوە و هەست بە هاوسەنگی لە ڕێگەی جەستە و دەروونەوە بکات، دوای ئەوەی ئاشنا دەبێت بە یۆگا، هەوڵ دەدات وەکو ڕووناکیەک تێکەڵ بە خەڵکی بکات، دەڵێت: یۆگا خۆی ڕێگەیەکی زانستی کردارییە و تیایدا کار لەسەر ئارامی و وردگەری دەکرێت، ئەم دووانەش پێویستی سەرەکی مرۆڤن لێوردبوونەوە ڕێکدەخەن، پێناسەی یۆگا کەوتووەتە سەر ئەو کەسەی کە بۆچی ئەنجامی دەدات و ئەوەت پێدەدا کە خۆت دەتەوێت.

 

"یۆگا جیاوازی ناکات لە نێوان ئاین و ڕەگەز و تەمەن"

سۆزان عوسمان ڕوونی کردەوە، بۆ ئەنجامدانی یۆگا دەبێت ٢-٣ کاتژمێر پێش ئەوە نان نەخۆین، بۆیە بەیانیان زوو لەگەڵ عەسران کاتێکی زۆر باشە بۆ ئەنجامدانی یۆگا، هەروەها ئەو کاتە گونجاوە کە خەیاڵمان لای هیچ نەبێت، زۆربەی وانەکان کاتژمێر و نیوێک دەخایەنێت، ئەوەی یۆگا ئەنجام دەدات دەبێت پرسیار لە خۆی بکات تا چەند سوودی لێ بینیوە، دەربارەی جوڵەکانی یۆگا ڕاهێنەر سۆزان دەڵێت:  ٨٦ هەزار جوڵەی یۆگا هەیە و ١٣ەیان سەرەکین کە دەبێت لە هەموو وانەیەکدا هەبێت، هەموو کەسێک دەتوانێت یۆگا ئەنجام بدات بە بێ جیاوازی ڕەگەز و ئاین و تەمەن، ئێمەش دۆخی کەسەکە لەبەرچاو دەگرین کە تەمەنی هەبێت یان نەخۆشیەکی لەگەڵدا بێت.

 

وتیشی: ژنان زیاتر ڕوو لە ئەنجامدانی یۆگا دەکەن، چونکە لە کۆمەڵگەدا زەختێکی زۆریان لەسەرە و سۆز و بەزەییان زۆرە، بۆیە دەتوانێت لە ڕێگەی یۆگاوە شتەکانی ناخی خۆی دەرببڕێت، سەنتەرەکەمان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دامەزراوە و زیاتر لە ٦ هەزار فێرخوازمان هەبووە، نزیکەی ٢٠٠ کەسیان بە بەردەوامی یۆگا دەکەن.

 

"مۆسیقای یۆگا دەبێت تەواو پاک بێت"

سۆزان عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە یۆگادا تەزبیحی ڕودراکشا زۆر بەکاردەهێنین کە هەموو وزەیەکی نەرێنی لادەبات، بەم تەزبیحە هەرکەسێک کە دێتە ئێرە و سەر بە چی ئاینێکە بە پێی ئاینەکەی خۆی زیکر دەکات، وات لێ دەکات لە دینەکەی خۆت نزیکتر ببیتەوە و ڕێز لە دینەکانی تریش بگریت، لە یۆگادا گرنگی بە هەستەکان دەدەین، بۆیە مۆسیقای تایبەت بەکاردەهێنین و کەمترین وشەی تێدایە و دەبێت تەواو پاک بێت و ئاراممان بکاتەوە، ئەو شوێنەی یۆگای تێدا ئەنجام دەدەین زۆر جار دەبێت تاریک بێت، بۆ ئەوەی بچینە ناوەوەی خۆمان لەگەڵ ڕووناکی ناخی خۆماندا ئاشت ببینەوە، چونکە هەبوونی ڕووناکی دەرەوە ڕێگریمان لێ دەکات بۆ ئەو کارە.

 

دەشڵێت: کۆمەڵێک تابلۆم هەڵواسیوە کە سیمبۆلی یۆگایە، چونکە کاتێک ئەم هێمایانەی یۆگا دەبینین زیاتر حەز دەکەین بە هەستێکی ڕۆحیانە ئەنجامی بدەین، لە کۆمەڵگەدا بەشێک هەن دژایەتی یۆگا دەکەن، چونکە هیچ خوێندنەوەیان نییە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام بەشێکیشیان پشتگیری دەکەن، چونکە ئەنجامیان داوە و دەزانن چی سوودێکیان لێ وەرگرتووە، ئەو کەسەشی یۆگای کردبێت هەرگیز لەسەر قسەی دەوروبەری ناتوانێت وازی لێ بهێنێت، ئەو کەسەی بە دوای ئارامیدا دەگەڕێت دەبێت لە ناخی خۆیدا بیدۆزێتەوە نەک لە دەرەوە، یۆگا فێرمان دەکات ئەو شتەی دەمانەویت لە خۆمانەوە دەست پێبکەین.