گه‌مارۆدانی تەعز هەڕەشەی داڕمانی کەرتی تەندروستی دەکات و منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی مەرگ دەبنەوە

شارۆچکەی تەعز ڕووبەڕووی کارەساتێکی تەندروستیی بێوێنە دەبێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆی توند، بە جۆرێک کە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی دایکایەتی و منداڵان ڕایانگەیاند کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان خەریکە بە تەواوی ڕادەوەستن.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن ـ لە سایەی بەردەوامبوونی گەمارۆی توندی سەر شارۆچکەی تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، قەیرانی مرۆیی و تەندروستی بە شێوازێکی بێوێنە پەرەی سەند، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە پزیشکییەکانی ناچار کرد کە خزمەتگوزارییەکانیان بە شێوازێکی زۆر کەم بکەنەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستیی یەمەن هۆشداری دا لە کارەساتێکی مرۆیی نزیک کە لە مەترسیی ڕاستەقینەدا خۆی دەبینێتەوە، هەڕەشە لە ژیانی منداڵانی ساوا لە ناو ئینکیوبەیتەرەکاندا دەکات، بەهۆی بەردەوامبوونی ڕێگریی پلانبۆراو لە چوونەژوورەوەی سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییە پزیشکییەکان بۆ شارەکە.

 

لە بانگەوازێکی بەپەلەی هاواردا، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی "یەمەن" ی سویدی بۆ دایکایەتی و منداڵان، کە تەنها دامەزراوەی تایبەتمەندە لە شارەکەدا کە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە خەڵکی تەعز و ناوچە هاوسنوورەکان دەکات، هۆشداریی دا لە تەواوبوونی پاشەکەوتی سووتەمەنی و ڕاوەستانی مۆلیدە کارەباییەکان.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، کە شارەکە شایەتحاڵی قەیرانێکی مرۆیی ئاڵۆزە چونکە دەیان هاوڵاتی بێبەش کراون لە توانای گەیاندنی منداڵە پێشوەختە لەدایکبووەکانیان و ساواکانیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی پچڕانی سەرچاوەکانی بژێوی و ڕاوەستانی ئامرازەکانی گواستنەوە.

 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ لە گەمارۆی توند و دەورپێچانی پتەو، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە کەوتوونەتە لێواری ڕاوەستانی تەواوەتی، نەک تەنیا بەهۆی ڕاوەستانی مۆلیدەکانەوە کە لە ئەنجامی قەیرانی سووتەمەنییەوە دروست بووە، بەڵکو بەهۆی نەتوانینی کادرە پزیشکی و پەرستارییەکانەوە بۆ گەیشتن بە شوێنی کارەکەیان بەهۆی گرانبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە و نەبوونیان.

 

کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان

نەجوا عامری، پەرستار ڕوونیکردەوە، کە بەشی ئینکیوبەیتەرەکان، کە دابەش دەبێت بەسەر بەشێکی منداڵانی ساوا و بەشێکی تری منداڵە پێشوەختە لەدایکبووەکاندا، لە ژێر فشاری بۆردوومانی بەردەوامدا ناچار بووە منداڵان و ئامێرەکان بگوازێتەوە بۆ نهۆمی زەمینی بۆ مسۆگەرکردنی کەمترین ئاستی پارێزراوی.

 

ئاماژەی بەوەش دا، کە نەخۆشخانەکە پێشتر ڕۆژانە پێشوازی لە نزیکەی چل حالت دەکرد، بەڵام توانای وەرگرتن زۆر کەم بووەوە بۆ تەنها ١٠ حاڵەت، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی، کەمیی دەرمان، ئۆکسجین و پێداویستییە پزیشکییەکان.

 

لە هەمان چوارچێوەی هۆشدارییەکاندا، جەمیلە زەبحانی، سەرۆکی بەشی ئینکیوبەیتەرەکان، جەختی لەوە کردەوە، کە بەشەکە ڕووبەڕووی مەترسیی داخستنی یەکجارەکیی نزیک بووەتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە تەنها هەڵبژاردەی بەردەم کارمەندانکە کەمکردنەوەی ژمارەی ئینکیوبەیتەرە کاراکان بوو لە چلەوە بۆ تەنها ١٠ ئینکیوبەیتەر، لە هەوڵێکی بێ هیوایانەدا بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان بەپێی توانا کەمتەرخەم و کەمە بەردەستەکان لە ناو توندیی گەمارۆکەدا.

 

لە لایەکی پەیوەندیداردا، ڕێکخراوی " توانادارکردنی ژنان"ی یەمەنی بانگەوازێکی بەپەلەی هاواری ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد، بۆ دەوەردانی خێرا و ڕزگارکردن کەرتی تەندروستی تەعز لە داڕمانی تەواوەتی.

 

ئاشکرای کرد، کە زیاتر لە ٥٢٪ی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان لە شارەکەدا لە ئێستاوە لە کار دەرچوون، لە کاتێکدا دامەزراوە ماوەکەکان لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و خراپدا کار دەکەن، بێجگە لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوە پزیشکییەکان و ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن، کە دوایینیشیان بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلێکی فریاکەوتن بوو لە ناوچەی شەقب لە بەڕێوەبەرایەتیی سەبر مەوادم.