خەتەنە، نەریتێکی کۆن و ئازارێکی زیندوو

خەتەنە نەریت و مەترسییەکی کۆنی میژووییه که دەگەڕیتەوه بۆ پێش تۆمار کردنی مێژوو و له وێنەی ئەشکەوتەکانی چاخی بەردین و مەزارە میسرییەکاندا دۆزراوەتەوە، تا ئیستاش لە زۆرینەی ناوچەکان ئەنجام دەدرێت و ئازارێکی زیندووە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- خەتەنە "شێواندنی ئەندامی زاوزێی مێینە" بریتییە لە هەموو ئەو نەشتەرگەرییانەی کە بەشێک یان تەواوی ئەندامی زاوزێی دەرەکی لاببرێن، ئەم کردارە هیچ سوودێکی تەندروستی بۆ منداڵانی کچ و ژنان نییە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توند و کێشەی میزکردن و دواتر هەوکردن و هەروەها ئاڵۆزی لە منداڵبوون و زیادبوونی مەترسی مردنی تازە لەدایکبوو.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ٦ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی ژنانی دیاریکرد، کە هەموو ساڵێک چەندین چالاکی و بابەتی هۆشیاری ڕێکدەخرێت، ئامانجی پێنجەمی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان "یەکسانی ڕەگەزی" و داوای چڕترکردنی هەوڵە جیهانییەکان دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە خەتەنە تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

خەتەنە کە لە ئەنجامی عەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە بەرامبەر منداڵانی کچ و ژناندا جیاکارییەکی ڕەگەزییە، بە زۆری لەسەر منداڵانی کچ ئەنجام دەدرێت لە نێوان منداڵی و تەمەنی ١٥ ساڵیدا.

 

خەتەنە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و نایەکسانی ڕەگەزییە

خەتەنە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی منداڵانی کچ و ژنان دانی پێدانراوە، ئەمە ڕەنگدانەوەی نایەکسانییەکی قوڵی نێوان ڕەگەزەکان و شێوەیەکی توندی جیاکارییە دژی ژنان، هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی کەسێکە بۆ تەندروستی و ئاسایش و یەکسانی جەستەیی، بەهۆی مەترسیداربوونی خەتەنەکردن و زیادبوونی مردنی کچان و ژنان لە هەندێک ناوچە، بەڵگە هەیە کە پێشنیاری دابینکردنی زیاتری چاودێری تەندروستی دەکرێت و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی داوا لە دابینکەرانی چاودێری تەندروستی دەکات خەتەنە ئەنجام نەدەن.

 

خەتەنە هیچ سوودێکی تەندروستی نییە

خەتەنە هیچ سوودێکی تەندروستی نییە و بە زۆر شێوە زیان بە منداڵانی کچ و ژنان دەگەیەنێت، بریتییە لە لابردن و زیان گەیاندن بە شانەی ئەندامی زاوزێی مێینەی تەندروست و ئاسایی، دەستوەردان لە کردارە سروشتییەکانی جەستەی منداڵانی کچ و ژنان دەکات، هەرچەندە هەموو جۆرەکانی خەتەنە مەترسی ئاڵۆزیی تەندروستییان هەیە، بەڵام مەترسییەکە لەگەڵ شێوە توندترەکانی خەتەنە زیاترە.

 

مەترسییە تەندروستییەکانی خەتەنە بریتین لە:

-ئازاری توند

-خوێنبەربوونی زیاد لە پێویست

 -هەوکردنی شانەی ئەندامی زاوزێ

  - تا

  -کێشەی میزکردن

 - کێشەی ساڕێژکردنی برین

  -برینداربوونی شانەی ئەندامی زاوزێ

    -شۆک

    -گیان لەدەستدان

 

لە ٣٠ وڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ئەنجامدراوە

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کچ و ژن لە ئێستادا لە ٣٠ وڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ڕووبەڕووی خەتەنە بوونەتەوە.

 

چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی خەتەنە مەزەندە دەکرێت ساڵانە ١.٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت بۆ سیستمی تەندروستی، ئەمەش چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە بەرز ببێتەوە ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەگیرێتەبەر بۆ وازھێنان لە خەتەنەکردن.

 

کێ لە مەترسیدایە؟

خەتەنە بە زۆری لەسەر منداڵانی گەنج لە نێوان منداڵی و گەنجیدا ئەنجام دەدرێت و هەندێک جار ژنانیش دەگرێتەوە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان لە ٣٠ وڵات لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا خەتەنە ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کچ و ژن لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەم کردارە بوونەتەوە لەگەڵ زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی کچ کە ساڵانە مەترسی خەتەنەکردنیان لەسەرە، کەواتە خەتەنە نیگەرانییەکی جیهانییە.

 

هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەنجامدانی خەتەنە

هۆکارەکانی ئەنجامدانی خەتەنە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە و بە تێپەڕبوونی کات تێکەڵەیەک لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ناو خێزان و کۆمەڵگاکان دەگرێتەوە.

 

خەتەنە نۆرمێکی کۆمەڵایەتییە و بە فشاری کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، هەروەها پێویستی قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی و ترس لە ڕەتکردنەوەی لەلایەن کۆمەڵگەوە پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ بەردەوامبوونی کردارەکە.

 

خەتەنە زۆرجار بە بەشێکی پێویست دادەنرێت لە بەخێوکردنی منداڵانی کچ، ڕێگایەکە بۆ ئامادەکردنی بۆ تەمەنی گەورەتر و گەنجێتی یان بۆ کاتی هاوسەرگیری، ئەمە لەوانەیە کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزیش بگرێتەوە.

 

هەندێک کەس باوەڕیان وایە کە کردارەکە پاڵپشتی ئاینی هەیە، هەرچەندە هیچ دەقێکی ئایینی ئەم کردارە پەسەند ناکات، ڕێبەرە ئاینییەکان هەڵوێستی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە خەتەنە و زۆربەیان داوای کۆتایی هێنانی دەکەن.