ئاڵا شاڵی: ئەنجامدانی تیشک و سۆنەر بۆ دڵنیایی لە شێرپەنجەی مەمک گرنگە

بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە زۆر بووە پێویستە هەموو کەسێک لە پێناو ئاگاداربوون لە تەندروستی پشکنین ئەنجام بدات، تا بتوانن بە زوترین کات چارەسەر وەربگرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شێرپەنجەی مەمک ئەو جۆرەی شێرپەنجەیەیە کە زیاتر تووشی ژنان دەبێت، بەڵام ئەگەر زوو بەرەنگاری ببنەوە ژیانیان ناکەوێتە مەترسییەوە و دەتوانن چارەسەر ببن.

 

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٥٠٨ حاڵەت تەنها لەو نەخۆشخانەیە تۆمار کراوە، کە دەکاتە تووشبوونی ٨-٩ کەس لە ڕۆژێکدا.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش ئاماری ١٢ ساڵی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمکی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٤١٨ کەس لە پارێزگای سلێمانی تووشی نەخۆشییەکە بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ساڵی ڕابردوو ٤٩٥ تووشبوو و لە ٢٠٢١یشدا ٥٠٩ تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراوە.

 

"گرنگە پشکنین بکرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی"

پزیشک ئاڵا شاڵی، ڕاوێژکاری تیشک و سۆنەر بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک، دەربارەی شێرپەنجەی مەمک ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا هاوڵاتیان هۆشیارن و بەشی زۆرینەیان ساڵانە سەردانی پزیشک دەکەن بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی خۆیان، لە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵەوە گرنگە هەموو کەسێکی ئاسایی ساڵانە سۆنەر بکات، لە دوای ٤٠ ساڵیشەوە پشکنینی سۆنەر و مامۆگرام ئەنجام بدات، لە دوای ٥٠ ساڵییەوە پێویستە بە پشکنینی مامۆگرام دەستپێبکات.

 

ئاڵا شاڵی وتی: بۆماوەیی یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، بۆیە گرنگە هەموو شێرپەنجەیەک و بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک، کاتێک تووشی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە دەبێت، ئەندامەکانی دیکە پشکنینی سۆنەر و مامۆگرام بکەن بە پێی تەمەنەکەیان.

 

" شێرپەنجەی مەمک شێوازی زۆرە و مەرج نییە تەنها گرێ بێت"

دەربارەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک، ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا، تووشبووان پێویستە سێ مانگ جارێک پشکنینی سۆنەر بکەن، ڕوونیکردەوە هەندێک حاڵەت هەن لە گەنجاندا پزیشکەکە دوو دڵە لێی هەست بەوە دەکات گرێیەکە و لە مەمکیدایە، لەم حاڵەتەدا مامۆگرامی بۆ دەنووسێت، یاخود هەندێک کات کە بەشێک لەو گرێیە وەردەگیرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت و کەسەکە گەنجێکە، پێویست بە مامۆگرام دەکات، بەر لەوەی دەست بکات بە وەرگرتنی چارەسەر، هەندێک حاڵەت هەن کەسەکە تووشی تێکچوونێکی هۆڕمۆنی دەبێت و گوومان لە سۆنەرەکە دەکات بۆیە مامۆگرامی بۆدەنووسێت.

 

ئەو پزیشکە دەڵێت: مەرج نییە شێرپەنجەی مەمک تەنها گرێ بێت، هەندێک کات کیسەیەکە و گۆشتی تیایە، یاخود کەناڵ شیرە و گرێی تیایە، بەڵام وەک خڵتەیەک خۆی نیشان دەدات، یاخود هەندێک کات ناڕێکییەکە و لە مەمکدایە، بە پێی حاڵەتی کەسەکە بڕیار دەدرێت چی بۆ بکرێت.

 

"ئیرادە هۆکارە بۆ زاڵبوون بەسەر شێرپەنجەدا"

دەربارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە، ئاڵا شاڵی باسی لەوەکرد، حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، ساڵانی ڕابردوو یەکجار بەو ئاستەی ئێستا نەبوو، گەنجان کەمتر تووشی دەبوون بەڵام لە ئێستادا گەنج زۆر زیاتر تووش دەبێت، لە کاتێکدا شێرپەنجەی مەمک لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات، تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە، هەندێک دەڵێن هۆکاری قەلەقی یاخود ناڕێکی سیستمی خۆراکە، بەڵام هێشتا ئەوەش نەسەلمێندراوە.

 

لە کۆتایدا پزیشک ئاڵا شاڵی پەیامی خۆی ئاڕاستەی ئەو کەسانە کرد، کە تووشی شێرپەنجە بوون و وتی: پێویستە ناکات بترسن لەوەی تووشی شێرپەنجە بوون، شێرپەنجە با وەک نەخۆشییەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هەندێک نەخۆشی هەن درێژخایەنن و زۆر مەترسیدارترن لە شێرپەنجە، گرنگە ئیرادەتان هەبێت، لە ئێستادا چارەسەرییەکان پێشکەوتوون، بۆیە پێویستە کەسی تووشبوو بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی بێ دوودڵی.