مانگی ئۆکتۆبەر، مانگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری شێرپەرنجەی مەمک

مانگی ئۆکتۆبەر بە مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک دادەنرێت، لە ئێستادا زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە شێرپەنجەی مەمک ڕزگاریان بووە و مانگی ئۆکتۆبەر وەک بۆنەیەک بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆک و ئەزموونە کەسییەکانیان لەگەڵ نەخۆشیەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

مانگی ئۆکتۆبەر/تشرینی دووەم، مانگی هۆشیارییە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا، لە جیهاندا لە رێگەی چەندین چالاکی و کەمپەینی جیاوازەوە هەوڵدەدرێت هۆشیاری دەربارەی شێرپەرنجەی مەمک بڵاوبکرێتەوە.

 

بۆ یەکەمجار مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٥ دەستیپێکرد، کاتێک یەکەم ژنی رزگاربووی شێرپەنجەی مەمک بێتی فۆرد، یارمەتی دەستپێکردنی بانگەوازییەکیدا بۆ گەیاندنی هۆشیاری بە ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا، لە بۆنەکاندا بانگهێشتی ژنان کرا بۆ ئەوەی خۆیان لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە پەروەردە بکەن و زانیاری وەربگرن دەربارەی نەخۆشییەکە و چیتر شەرم نەکەن لەوەی بە ئاشکرا باسی تەندروستی مەمک بکەن.

 

مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک هەڵمەتێکی ساڵانەی تەندروستی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییە گەورەکانی شێرپەنجەی مەمکەوە هەموو مانگی ئۆکتۆبەرێک ڕێکدەخرێت بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە و کۆکردنەوەی پارە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار، خۆپاراستن، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.

 

مێژووی قردێلەی پەمەی وەک سیمبولی شێرپەنجەی مەمک

ئەو قردێلە پەمەییەی لە جیهان بووەتە سیمبولی "شێرپەنجەی مەمک" تەنانەت لە خودی مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک مێژووەکەی کۆنترە، لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک هاوژینی بارمتەیەک کە لە ئێران گیرابوو، شریتی زەردی بە دەوری دارەکانی حەوشەی پێشەوەی ماڵەکەیدا بەست وەک هێمایەک بۆ ئارەزووی بینینەوە هاوژینەکەی کە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە.

 

دواتر ساڵانێک دواتر بوو کە چالاکوانانی ئایدز ئیلهامیان لە شریتی زەرد وەرگرت بۆ ئەو سەربازانەی کە لە جەنگی کەنداودا شەڕیان دەکرد، چالاکوانان ڕەنگەکەیان گۆڕی بۆ سووری گەش و پاشان لە خەڵاتی تۆنی نمایشکرا بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو کەسانەی کە تووشی ئایدز بوون، دوای ئەوە شریتەکان بوونە هاوواتای ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ساڵی ١٩٩٢ی بە ساڵی شریت ناساند.

 

پاشان لە ساڵی ١٩٩٢ ئەلێکساندرا پێنی، سەرنووسەری گۆڤاری سێلف، ویستی مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک بۆ دووەم ساڵ بخاتە بەشی سەرەوەی گۆڤارەکە، شریتێکی دروستکرد و لە فرۆشگاکانی شاری نیویۆرک دابەشیکرد و بەم شێوەیە شریتی پەمەیی لەدایکبوو.

 

لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢، شارلۆت هێلی سەرەتا بیرۆکەی قردێلەی پەمەیی هێنایە ئاراوە، قردێلەی ڕەنگی هەنجیری دەستی دروستکرد بۆ ڕێزلێنان لە دایکی و خوشکەکەی و داپیرەی کە هەریەکەیان شەڕی شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە، بەمەش ڕەنگی پەمەیی بوو بە ڕەنگی پەیوەست بەو دەستپێشخەرییەی لەلایەن گۆڤاری سێڵف و ئیستێ لاودەرەوە دەستیپێکرد، لەو کاتەوە شریتەکە و ڕەنگی پەمەیی پشتگیری لە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکان کۆکردەوە و بووەتە سیمبولی نەخۆشییەکە.

 

توشبووانی شێرپەنجەی مەمک لەم مانگەدا هۆشیاری بڵاودەکەنەوە

لە ئێستادا زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە شێرپەنجەی مەمک ڕزگاریان بووە و ئەو کەسانەی پاش توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەژین، مانگی ئۆکتۆبەر وەک بۆنەیەک بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆک و ئەزموونە کەسییەکانیان لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لەناو بۆنە و کۆبوونەوەکان.

 

بەهۆی هەوڵە پەروەردەییە فراوانەکان لە یەکەم مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکەوە، دەستنیشانکردنی زووتری نەخۆشییەکە بە مەمۆگرامی ساڵانە و پێشکەوتن لە بژاردەکانی چارەسەرکردن، ڕێژەی مانەوە لە شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بەردەوام بووە لە زیادبوون.

 

شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا، هەرچەندە پیاوانیش تووشدەبن بەڵام بە رێژەییەکی کەمتر، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٢.٣ ملیۆن تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراون و ساڵانە ٦٨٥ هەزار کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

 

شێرپەنجەی مەمك به‌ دووەم هۆکاری مردنی ژنان دادەنرێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ژن یەکێكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت لە ماوەی ژیانییدا، ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، مانگی ئۆكتۆبەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هۆشیاركردنەوەی ژنان دەستنیشانكردوە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك.