ڤیتامین D تەندروستی ئێسک و ددان دەپارێزێت

ڤیتامینەکان سوودێکی باش دەگەیەنن بە تەندروستی مرۆڤ، لەوانەش ڤیتامین D، کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئاسان بەدەستبهێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڤیتامین D، یەکێکە لە باشترین و پێویستترین جۆری ڤیتامینەکان بۆ لەشی مرۆڤ لە ڕووی تەندروستیەوە، باشترین جێگرەوەی ڤیتامینD  دەتوانرێت ڤیتامین D3 بێت.

 

نیشانە و هۆکارەکانی کەمی ڤیتامین D لە لەشدا

هەندێک نیشانە هەیە دەریدەخات کە لەش  پێویستی بە ڤیتامین D زیاترە وەک، لاوازی ماسولکەکان و کەم هێزی، ئازاری ئێسکەکان، کێشەی بەردەوامی کۆئەندامی هەناسەدان بەتایبەتی لە منداڵاندا، ئارەقکردنەوەی سەر بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست لە منداڵاندا، خەمۆکی، هەوکردنی درێژخایەن، نەخۆشیەکانی دڵ، نەخۆشی سەدەفی، بەرزی فشاری خوێن، تێکچوونی میزاج، نەخۆشی درێژ خایەنی گورچیلە.

 

هۆکاری کەمی ڤیتامین D لە لەشدا دەگەڕێتەوە بۆ نەخواردنی زۆری ماسی و بەرهەمە سپیایەکان، بەردەوام بەکارهێنانی دژە خۆر لە کاتی چونەدەرەوە، مانەوە لە ژوورەوە، قەڵەوی و کێشی زیاد.

 

سوودەکانی ڤیتامین D

ڤیتامین D کۆمەڵێک سوودی گرنگی هەیە بۆ لەش وەک، گرنگە بۆ کالسیۆم و مژینی فسفۆر، ڕێگرە لە توشبوون بە نەخۆشیە درێژ خایەنەکان وەک شێرپەنجە و نەخۆشی شەکرەی جۆری١، ڕێگرە لە ڕەقبوونی شانەکانی لەش، تەندروستی ئێسک و ددان دەپاریزێت، سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات، پشتگیری کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ و بۆریەکانی خوێن دەکات.

 

سەرچاوەکانی ڤیتامین D

تیشکی خۆر سەرچاوەیەکی باشە بۆ ئەوەی جەستە بە شێوەیەکی سروشتی ڤیتامین D دروست بکات، خواردنی ماسی بە تایبەتی ماسی سەلەمون ماکرێڵ، خواردنی شیر، ماست، پەنیر، شەربەتی پرتەقاڵ، خواردنی هەندێک جۆری قارچک وەک قارچکی سپی، زەردێنەی هێلکە، جگەر، سنگی مریشک.