تروسکە مستەفا: شیری دایک سەرچاوەی سەرەکی خۆراکە بۆ منداڵ

هۆشیاری لە بەخێوکردنی منداڵ ئەرکی دایکانە، چونکە پێویستە دایکان شیری خۆیان بدەن لەپێناو تەندروستی منداڵەکانیان و نەکەونە ژێر کاریگەری بازرگانی کۆمپانیاکانەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دایکان لە پاش لەدایکبوونی منداڵەکانیان دەست دەکەن بە پڕۆسەی شیرپێدانی منداڵەکەیان، هەندێک لە دایکان بە بیانووی جیاوازەوە شیر لە منداڵەکەی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا شیری دایک دەیان سوودی بۆ منداڵ هەیە.

 

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی بازرگانیکردن و دروستکردنی شیری قوتو بەهۆی ڕیکلامەکانیانەوە بازرگانی دەکەن بە مرۆڤەوە، بەوەی دایکان ڕادەکێشن تا شیری قوتو بدەن بە منداڵەکانیان لە پێناو مانەوەی جەستەیان وەک خۆی.

 

"شیرپێدانی دایک سودی جەستەیی و ڕۆحیشی هەیە"

تروسکە مستەفا، خۆراکناسی منداڵ و ڕاهێنەری دایکان، دەربارەی شیرپێدانی دایک باسی لەوەکرد، شیرپێدانی سروشتی پڕۆسەیەکە لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە ژنی دووگیان دەبێت بە دایک و منداڵەکەی دەهێنێتە دونیاوە، نەک تەنها لە ڕووی تەندروستی جەستەییەوە سودی هەیە بەڵکو لە ڕووی ڕۆحیشەوە سود دەگەیەنێت بە دایکەکە، هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر دایکەکە لەو کاتەی شیر دەدات بە کۆرپەلەکەی.

 

هەروەها ڕوونیکردەوە سود دەگەیەنێت بە جەستەی دایکەکە، لەوانە، ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو کەمدەکاتەوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەمدەکاتەوە بە ڕێژەی لە ٪٤.٣ بۆ هەر ساڵێکی شیردانی، جگە لەمانە چەندین سودی دیکەی هەیە بۆ تەندروستی دایکەکە.

 

" شەش مانگی یەکەم گرنگە بۆ شیرپێدانی دایک"

ئەو پسپۆڕە باس لە هەنگاوەکانی شیرپێدانی کرد و وتی: "شیرپێدان لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە منداڵ دێتە دنیاوە، جۆرە پەیوەندییەکی ناکامڵە و بە ڕاهێنانی دایکەکە و منداڵەکەی کامڵ دەبێت"، دەربارەی بیرکردنەوەی دایکان لە پێدانی شیر بە منداڵەکانیان کە هەندێکان پێیان وایە دەبێت تەنها شیری سەرەتا بدرێت بە منداڵ کە پێی دەوترێت 'ژەک'، ئەم بیرکردنەوەیە ڕەت دەکاتەوە و ڕوونی کردەوە، منداڵان تەنها پێویستیان بە ژەکی دایک نییە، لە ڕاستیدا شەش مانگی یەکەمی شیرپێدان گرنگە نەک تەنها ژەک، چونکە منداڵەکە هەموو بەها خۆراکییە پێویستەکان لە شیری دایکەکەوە وەردەگرێت.

 

تروسکە مستەفا دەڵێت: بەلایەنی کەمەوە دایک دەبێت شەش مانگی تەواو لەسەر شیرپێدان بەردەوام بێت، لە ڕووی زانستیشەوە سەلمێندراوە کە پێویستە دوو ساڵ دایک شیر بدات بە منداڵەکەی، ئەگەر لە پاش ساڵێکەوە شیری دەستکردی پێبدات ئاساییە، بەڵام تا بتوانێت شیری خۆی پێبدات سودی زیاترە، چونکە شیری دایک پڕیەتی لە بەرگری وا لە منداڵەکە دەکات کەمتر ڕووبەڕووی نەخۆشی ببێتەوە.

 

"منداڵ سەرچاوەی خۆراک لە شیری دایکیەوە وەردەگرێت"

لە درێژەی قسەکانی، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکرد، شیرپێدان نەک تەنها سودی بۆ دایکەکە هەیە، بەڵکو دوو هێندە سودی هەیە بۆ منداڵەکە، چونکە ئەو منداڵە سەرچاوەیەکی خۆراکی وەردەگرێت، کە لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا ئەو سەرچاوەیەی دەستناکەوێت، تەنانەت لە هیچ شیرێکی دەستکردا دەستی ناکەوێت، چونکە شیری دەستکردن پێکهاتەیەکە نزیکە لە شیری دایک نەک وەک خۆی بێت، بەهۆی ئەوەی شیری دایک ئاسان هەرس دەبێت بۆیە ئازاری گەدەی منداڵ نادات، ئاسان هەڵدەمژرێت کەواتە هاوکاری ڕیخۆڵەکانی دەکات.

 

جگە لەو سودانە باسی لەوەکرد، شیرپێدان پەیوەندیەکی ڕۆحی بەهێز لە نێوان دایک و  منداڵەکەدا دروست دەکات، وا لە منداڵەکە دەکات هەست بە ئارامی زیاتر بکات، لێکۆڵینەوەکانیش سەلماندویانە ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن کەسانی هێمن و لەسەرخۆن، وتی: شیری دایک لە چەوری، پڕۆتین، کاربۆهیدرات و هەندێک لە ڤیتامینەکان پێکدێت، بۆیە زیانی نییە وەک زیان، بەڵکو جێگرەوەی شیرە بۆ ئەو دایکانەی ناتوانن شیر بدەن بە منداڵەکانیان.

 

"کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی شیر و جوانکاری ژنان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەیانەوێت دایکان شیر نەدەن"

دەربارەی شیرپێدانی دایک بە منداڵەکانیان تروسکە مستەفا ڕوونیکردەوە، کە ئاستی شیرپێدانی دایکان بە منداڵەکانیان لە ئاستێکی مەترسیدایە، بە دەگمەن دایک هەیە شیر دەدات بە منداڵەکەی، پێیان وایە منداڵەکەیان بە شیری خۆیان قەڵەو نابێت و شیری دەستکرد منداڵەکەیان قەڵەو دەکات، بۆیە یەکێک لە هۆکارەکان ویستی دایکە بۆ قەڵەوبوونی منداڵەکەی، هۆکارێکی دیکە بریتیە لەوەی دایکان حەز بە تێکچوونی جەستەیان ناکەن و پێیان وایە ئەگەر شیر بدەن بە منداڵەکانیان جەستەیان دەشێوێت.

 

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەکرد، "کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی شیری دەستکرد بە جۆرێک دایکان ڕادەکێشن و کاریان لەسەر دەکەن، کە ئەگەر شیر بدەن بە منداڵەکانیان جەستەیان تێک دەچێت و ڤیتامیناتیان کەم دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک دەچیتە نەخۆشخانەیەک چەندین مەندوب دێتە ڕێگات و هەوڵ دەدەن شیریان لێبکڕیت و چیتر شیری خۆت نەدەی بە منداڵەکەت، بەڕاستی ئەو بیرکردنەوەیە کارەساتە و زۆرینەی دایکان ئێستا پەیڕەوی دەکەن.

 

"سیستم وا لە دایکان دەکات شیر نەدەن بە منداڵەکانیان"

تروسکە مستەفا، ڕاهێنەری دایکان، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک پێیان وایە منداڵ بە شیری دایک تێر ناخوات، ئەم بیرکردنەوەیەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، چۆنیەتی شیرپێدانی دایکەکە ڕۆڵ دەبینێت لە تێرخواردنی منداڵەکە، سەرەتا شیرەکە ڕێژەی چەوری کەمە و ڕوونە، بەڵام ماوەیەک منداڵەکە شیر بخوات، ڕێژەی چەوری زیاد دەکات و دەبێتە هۆی قەڵەوبوونی منداڵەکە، بۆیە ئەگەر دایکەکە بزانێت چۆن شیر دەدات بە منداڵەکەی بێگوومان دوور دەبێت لە لاوازی جەستەیی.

 

باسی لەوەکرد، لە بنەڕەتدا شیری قوتو بۆ ئەو دایکانە بەرهەمهێندرا کە ناتوانن شیر بدەنە منداڵەکانیان، یاخود ئەو منداڵانەی دایکیان لەدەستداوە، دواتر بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتنی داهاتی خۆیان لە ڕێگەی سیستمێکەوە کاریان کرد کە دەبێت ژن جوانی خۆی لەدەست نەدات، بۆیە ڕێژەی شیرپێدانی دایکان کەمبووەتەوە و منداڵانی بێ بەرگری زیادی کردووە، لەو بارەیەشەوە ڕێکخراوی تەندروتسی جیهانی ڕێگری لەم جۆرە بڵاوکردنەوەیە گرت، دواتر بۆ بەردەوامیدان بەم پڕۆسەیە ڕوویانکردە وڵاتە دواکەوتووەکان و پەرەیان بە بازرگانیەکەیان دا.

 

"دەبێت دایکان ڕۆڵی خۆیان بزانن و هۆشیار بن بەرامبەر بە دایکایەتیان"

لە کۆتایدا پزیشک تروسکە مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی سیستمی تەندروستی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە نەیانتوانیوە بەر بەو بازرگانیانە بگرن، بەڵام ڕۆڵی دەسەڵات و حکومەتە، هەروەها کەرتی تەندروستیە ڕێگری لەو ڕیکلامە لە ڕادە بەدەرانە بکەن، کە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان دەبیندرێت بۆ شیری قوتو، جگە لەوەش دایکان پێویستە خۆیان هۆشیار بن بزانن ڕۆڵی دایکایەتی چیە، سودی شیرپێدانی دایک چیە، گومانی تێدا نییە خۆیان بەدوور دەگرن لە شیری قوتو.