خورما دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان و بۆ جەستە بەسوودە

خورما بە هۆی ئەو تایبەتمەندە جیاوازەی لە پێکهاتەکەیدا هەیە، بۆ تەندروستی جەستە سوودە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

خورما لێوڕێژە بە ماددە کانزاییەکان، بە تایبەت مینیزیۆم، کە هەر خواردنێك مینیزیۆمی تێدابێت، جەستە لە شێرپەنجە دەپارێزێت و بڕێکی باش خۆراک بۆ جەستە دابین دەکات، خورما چارەسەری برسێتی دەکات، چونکە فۆسفۆڕی تێدایە و بۆ بەهێزکردنی مێشک و بیرکردنەوە بەسوودە.

 

خورما خاوەنی ناوکێکی سەختە، پێستێکی ناسکی هەیە و تامی شیرینە، خواردنی خورما سوود بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت بە هۆی ئەو چەند پێکهاتە گرنگانە تێدا هەیە، وەک کالیسیوم، فۆسفۆڕ، ماددەی ئاسن، ڤیتامینەکانی وەک "A,B,B12"

 

خورما بە هێشووی گەورە بە دارەوە شۆڕ دەبێتەوە، داری خورما بۆ بێ ئاوی باشە و بەرگە دەگرێت، گەڵای دارخورما کە پێی دەڵێن پێشین لە ڕیزەکانی مارپێچ لە دەوری دارخورما دەڕوێن، هەر دانەیەکی ٧ ساڵ تەمەن دەکەن، کە گەڵای تازە هاتەدەر ئەوانەی خوارەوە وشک دەبن و دەبڕدرێن، گەڵای تازە لە ژیانی خورماکەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، ئەگەر شتێکیان لێبێ دارەکە دوای چەند ساڵ گەڵاکانی پیر و وشک دەبن و لەناو دەچن، هەر دارێکی بەری خورما ١٠٠ تا ١٥٠ کیلۆ بەر دەگرێت. خورما چەندین جۆری هەیە وەک، مەزافەتی، کەبکاب، خەزراوی، جەلاوی، نیوەنەرم، دیدی، سویدان، هەروەها بە خورمای وشک دەوترێت، تەمی.

 

تایبەتمەند و سوودەکانی خورما بەم شێوەیە پۆڵێن دەکرێن؛

- خورما بەهۆی ئەوەی ڤیتامین Aی تێدایە بۆ زیاد کردن و ئاگاداری ئەو کلسیۆمەی لە لەشدا پێویستە، گرنگە.

- خورما بەهۆی ئەوەی ڤیتامینی Bی تێدایە بۆ ئاسایی ڕاگرتنی دەمار و خۆراکی لەش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.

- خورما بڕێکی زۆر فۆسفۆڕی تێدایە، بۆ زیندوو ڕاگرتنی خانەکانی دەمار بەسوودە، چارەسەری گرفتەکانی تەندروستی جەستە دەکات.

- خورما ماددەی ئاسنی تێدایە، بەو هۆکارە جەستە بەهێز دەکات، خڕۆکەی سووری خوێن زیاد دەکات و کەم خوێنی چارەسەر دەکات.

- خورما بەهۆی ئەوەی ووزە بەخشە، وزەی ماسوولکەی لەش بەهێز دەکات و هێزی دەمار و تەواوی لەش زیاد دەکات.

- خواردنی خورما بە سوودە بۆ بە هێزکردنی مێشک بەهۆی بوونی فۆسفۆڕەوە بیرکردنەوە بەهێز دەکات.

- خورما بۆ پڕۆستات و گورچیلە مادەیەکی خۆراکی باش و بەسوودە و جەستە لە نەخۆشییەکانی هەناوی دەپارێزێت .

 

- شیرینییەکی سروشتییە، کە بۆ ئەوانەی گیرۆدەی نەخۆشی شەکرەن، دەتوانن بڕێکی دیاریکراو بە ڕێنمایی پزیشک بخۆن.
- خورما ڤیتامین B12 تێدایە، زوو تێکەڵی لەش دەبێت.

- خواردنی خورما، کۆلاجینی پێست زیاد دەکات و لە چرچ و لۆچی پێست دەپارێزێت.

- خورما ماندوویەتی کەم دەکاتەوە و هەوکردنی قورگ ناهێڵێت.

- کرمی ناو سک دەکوژێت و خۆراک زوو هەرس دەکات.

- خورما ڤیتامین Aی تێدایە، بۆ هێزی چاو بۆ پاراستنی پێست و بەهێزی قژ و نینۆک بەسوودە.