چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕەبۆ بکەین؟

ڕەبۆ یەکێکە لەو نەخۆشیانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سی و هەناسەدانەوە هەیە، ئەوەی لە ڕەبۆدا گرنگە، دیاریکردنی قۆناغی نەخۆشیەکەیە، لەگەڵ ڕێگاکانی چارەسەری زووترین کاتی ناخۆشییەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەشوهەوا و خۆڵبارین کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە تووشبووی نەخۆشێ ڕەبۆن، ڕەبۆش نەخۆشییەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سی و هەناسە دەبێت، کۆمەڵێک پزیشک دەربارەی نەخۆشی ڕەبۆ ڕاوێژیان کردووە و گەشتوونەتە کۆمەڵێک دەرئەنجام لەسەر نیاشانەکان و هەنگاوی چارەسەری و خۆبەدوورگرتن لە خراپتربوونی دۆخی نەخۆشەکەدا.

 

نيروشان سيروتشيلفام، ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی نەخۆشانی ڕەبۆ بە ڕاوێژکاری پزیشکانی دیکە دێتە ئەنجام، کە گرنگترین هەنگاو دیاریکردنی نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆیە، هەروەها دیاریکردنی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی خراپتربوونی دۆخی نەخۆشەکە، بۆیە پێویستە پلان هەبێت بۆ دیاریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی ڕەبۆ.

 

پلانی چارەسەرییەکان چین؟

یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری ڕەبۆ جیا لە دیاریکردنی نیشانەکانی، گۆڕینی شێوازی ژیانی نەخۆشەکەیە، هەروەها چاودێریکردنی خێزانەکان بۆ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی لە خراپترین دۆخدا بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن، هەروەها جگە لەم چاودێریانە پێویستە کەسی تووشبوو دەرمانی تایبەت بە نەخۆشی ڕەبۆ بەکاربهێنێت، بەکارهێنانی جۆری دەرمانەکەش پشت دەبەستێت بە دۆخی نەخۆشەکە و ئەو قۆناغەی تیایدایە.

 

مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکاندا بەپێی دۆخی نەخۆشەکە جیاوازە، بە تایبەت ئەو کەسانەی ڕێژەی ڕەبۆیان زیاترە، پێویستە پلانی زیاتر و خۆبەدوورگرتنی زیاتریان هەبێت وەک لەو کەسانەی ئاستی وتوشبوونیان کەمترە، پێویستە بەردەوام پەمپی ئۆکسجینیان پێبێت.

 

چۆن نیشانەکان دیاری بکەین؟

گرنگی چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکە پشت دەبەستێت بە قۆناغی نەخۆشییەکە و دیاریکردنی نیشانەکانی، کە سێ قۆناغی سور و زەرد و سەوزی پێدەڵێن، لە قۆناغی سەوز ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشەکە دیاری دەکرێت کە ڕۆژانە بەکاریدەهێنێت، لەم قۆناغەدا نەخۆشەکە دەتوانێت بە باشی هەناسە بدات و بخەوێت بە بێ بوونی هیچ کۆکە و دەنگێک، دەتوانێت ڕۆژانە یاری و وەرزشیش ئەنجام بدات.

 

قۆناغی دووەم کە قۆناغی زەردە، پێی دەوترێت قۆناغی ئاگادارکردنەوە، لەم قۆناغەدا نەخۆشەکە پێویستە بەردەوام بێت لە هەموو ئەو دەرمانانەی لە قۆناغی سەوزدا بۆی نووسراوە، لە هەندێک کاتدا لە قۆناغی زەرد نەخۆشەکە بە هۆکاری دەرەکی و کەشوهەوا دۆخی خراپ دەبێت، بە جۆرێک کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی و دروستبوونی کۆکە، بۆیە پێویستە بچێتە لای پزیشک بۆ نوێکردنەوەی دەرمانەکانی.

 

قۆناغی سوور بە ناوچەی مەترسی بە ناوە و لەم قۆناغەدا، نەخۆش زیاتر هەناسەی تەنگ دەبێت، بە جۆرێک کار دەکاتە سەر شێوازی قسەکردنی، لەم قۆناغەدا دەرمانە ئاساییەکان سودیان نابێت بەڵکو پێویستە دەرمانی زیاتر و زیاتر بەکاربهێنێت، جگە لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە تایبەتانەی بۆ ئەم قۆناغە دانراوە پێویستە نەخۆشەکە ڕاستەوخۆ بگەیەنرێتە بەشی فریاکەوتن.

 

توشبوون بە نەخۆشی ڕەبۆ هۆکاری جیاوازی هەیە، هەندێک بەهۆی کەشوهەواوە تووش دەبن، یاخود گۆڕانی وەرزەکان یان خواردنێکی دیاریکراو، یاخود وەرزشکردنێک، بۆیە پێویستە لە هەر دۆخێکدا هاوڵاتیان وریا بن بە تایبەت لە کاتی خۆڵباریندا.