ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە دەدات

ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی هۆشداری دەدات، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان لە غەززە هەیە، چونكە هێرشەكان بووەتە هۆی تێكچوونی سیستمی تەندرووستی و سەختی دەستكەوتنی ئاوی پاك.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە فەڵەستین بەردەوامی هەیەو بەو هۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی ژیان پەکیان کەوتووەو کارەساتی مرۆیی بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدات.

 

ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی لەبارەی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە ڕاپۆرتێكی بڵاوی كردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان لە غەززە، چونكە هێرشەكان بووەتە هۆی تێكچوونی سیستمی تەندروستی.

 

ئاماژە بەوەش كراوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراو و برینداران لە غەززە بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێكدادانەكانەوە، قەرەباڵغی زۆر لە پەناگە و كامپەكان درووست بووە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ پچڕاوە،.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، كەمیی سووتەمەنی و چڕ دانیشتووان، بووە هۆی داخستنی وێستگەكانی ئاو، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی هەوكردنی بەكتریا وەك سكچوون زیاد دەكات، هەروەها دابینكردنی خۆراك و ئاو و دەرمان بۆ غەززە زۆر سنووردارە.