لە کاتی مەلەدا دەبێت هاوسەنگی گەدە ڕاگیراو بێت

پزیشکان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە لە کاتی برسێتی مەلە کردن گونجاو نییە، بە تایبەت بۆ منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی پزیشکی وەرزشی ئەڵمانی ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مەلە کردن، کە ئایا بە گەدەی بەتاڵ یان پڕ بکرێت، بۆیان دەرکەوتووە، وا تەندروستترە نە بە برسێتی و نە بە گەدەی پڕەوە مەلە بکرێت، چونکە پڕ بوونی گەدە بارێکی نەخوازراوە بۆ مەلە کردن، لە کاتی مەلە کردندا بەشێوەیەکی خۆنەویستانە ئاو قوت دەدرێت، ئەوەش هانی ڕشانەوە و تێکچوونی پرۆسەی هەرس دەدات. 


هەروەها لە کاتی گەدە پڕیدا خوێن ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت بەرەو گەدە، بە مەش بڕێکی خوێنی ڕۆشتوو بۆ مێشک و بەشەکانی دیکەی لەش کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە گرژ بوون و کەمی توانا و ئارەزووی مەلە کردن.


کاتێک مەلە دەکرێت ئاو فشارێکی بەهێز دەخاتە سەر دیواری ماسولکەکان، لەو کاتەی کە بڕێکی زۆر خواردن خوراوە، زووتر هەس بە فشاری سەر گەدە دەکرێت و جەستە قورس دەبێت و توانای جوڵە لە ئاودا کەم دەبێتەوە، ئەمەش زیان بە جەستە دەگەیەنێت و لە بری ئەوەی سود لە مەلە کردن ببینرێت، دەبێتە هۆی هیلاکبوونی ماسولکەکانی جەستە.

 

 پسۆڕانی پزیشکی  ئامۆژگاری دەکەن، هەروەها بە برسێتی زۆر و گەدەی بەتاڵیشەوە کاتی گونجاو نییە بۆ مەلە کردن، بەتایبەت بۆ منداڵان، چونکە کاتی برسیتی زۆر ئاستی شەکر دادەبەزێت و ئەگەری بوورانەوە و نقوم بوون زیاد دەکات، بۆیە پێویستە لە کاتی مەلەدا هاوسەنگی جەستە و گەدە ڕاگیراو بێت.