لە هەندێک حاڵەتدا ئەگزیما دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی
ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەرهەڵدەداتەوە، وە هەندێک جار دەبيتە هۆی تەنگە نەفەسی و بوونی تا لە کەسی تووشبوودا.
					ناوەندی هەواڵ
نەخۆشییەکانی پێست ئەو جۆرە نەخۆشیانەن کە ڕووبەڕووی پێست دەبێتەوە و زیان بە خانەکانی پێست دەگەیەنن وەکو ئەگزیما.
ئەگزیما، جۆرە هەستیارییەکە تووشی پێستی مرۆڤ دەبێت، دەبێتە هۆی سوربوونەوە و خوراندنی پێست، ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەرهەڵدەداتەوە، وە هەندێک جار دەبيتە هۆی تەنگە نەفەسی و بوونی تا لە کەسی تووشبوودا.
هۆکاری نەخۆشی ئەگزیما
پێستی تەندروست واتە ئەو پێستە شێدارییەکەی خۆی دەپارێزێت و بەرگری هەیە دژی ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی هەوکردن و هەستیاری، ئەگزیما کار دەکاتە سەر چیینەکانی پێست و دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای پێستەکە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە هۆکارە ژینگەییەکان.
ئەو کەسانەی لە خێزانەکایاندا توشبووی ئەگزیما و تەنگەنەفەسی و هەستیاری تێدایە، مەترسی توشبوون بە ئەگزیما تێیاندا زیاترە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەگۆڕێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بەڵام بە گشتی کەسی تووشبوو ئەم نیشانانەی هەیە؛
- وشکبوونەوەی پێست.
 - خوراندنی پێست لە شەودا زیاتر دەبێت.
 - بوونی بڵقی بچووک کە لە کاتی خوارندندا توێخی لێدەبێتەوە .
 - پەڵەی سوور یان قاوەیی لە پێستی دەست، قاچ، مەچەک، ئەژنۆ، پاژنەی پێ، پێڵووی چاو، سەر سنگ، ئانیشکەکاندا دەردەکەوێت و لە منداڵی تازە لەدایکبووشدا لە ڕوخسار و بێخی سەردا دەردەکەوێت.
 - هەستیار بوون و هەڵئاوسانی پێست.
 - ئەستووربون و لێبوونەوەی پێست.
 
ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە ئەگزیما؛
تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە کە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەگزیما بکات، بەڵام بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمان و مەڵهەمانەی کە دژە هەوکردن و دژە هەستیارین، دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوە و تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە بدەن.
خۆپاراستن زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، پابەندبوون بەم خاڵانەوە بە ڕێژەیەکی باش بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەی کەم کردووەتەوە؛
- شێدارکردنەوەی پێست ڕۆژانە.
 - هەڵبژاردنی کرێم و مەڵهەمی گونجاو.
 - دوورکەوتنەوە لەو شتانەی کە نەخۆشییەکە خراپتر دەکەن وەک ئارەق کردنەوە، پەستانی دەروونی، قەڵەوی و بەکارنەهێنانی ماددە پاکەرەوەکان.
 - نەخواردنی ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی هەستیاری لە کەسەکەدا وەک توونی و ترشی و بەهارات.
 - کەمکردنەوەی کاتی گەرماو کردن و بەکارنەهێنانی ئاوی زۆر گەرم.
 - خۆ وشک کردنەوە دوای گەرماو کردن و هەر تەڕبوونێک.